English | عربي

كەلار.. كارگەیەكی نایاسایی بەرهەمهێنانی ماست و شیرەمەنی داخرا


كەلار.. كارگەیەكی نایاسایی بەرهەمهێنانی ماست و شیرەمەنی داخرا

2019/05/16 | 10:50

(هەواڵ كوردستان)- "داوا دەكرێت دۆسیەكەی کارگە بێ‌مۆڵەتەکان بدرێتە دادگا"

لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلار لە ماڵێكدا لە گەڕەكێكی كەلار دەستیان بەسەر کەلوپەلی كارگەیەكی دروستكردنی ماست و شیرەمەنیدا گرتووە و ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش داوا دەكات دۆسیەكەی بدرێتە دادگا.

 

كەریم عەلی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند "پاش ئەوەی دوێنێ 15/5/2019 لە گەڕەكێكی شاری كەلار، دەستبەسەر کەلوپەلی كارگەیەكی دروستكردنی ماست و شیرەمەنیدا گیرا، پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیانەوە کردووە و دڵنیایان كردینەوە كە بە هیچ شێوازێك پشكنین بۆ ئەو جۆرە بەروبوومانە ناكەن، چونكە دوورن لە ڕێنمایی و مەرجە تەندروستییەكان".

 

گوتیشی "پێویستە بەمەبەستی لێكۆڵینەوە دۆسیەی ئەو شوێنە ئاڕاستەی دادگا بكرێت و دادگا لەو بارەیەوە بڕیاری خۆی بدات، هەروەها تەواوی ئەو بەرهەمانەی لەو جێگایەدا دەستیان بەسەردا گیراوە لەڕێگەی لیژنەیەكی تایبەتمەند و بەئامادەبوونی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن لەناو ببرێن".

 

سیروان حەسەن، سەرۆكی لیژنەی باڵای لیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلار، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند "دوێنێ 15/5/2019 پاش ئاگاداركردنەوەی لیژنەكانی قایمقامیەتی قەزای كەلار لە بوونی كارگەیەكی دروستكردنی ماست و شیرەمەنی لە ماڵێكدا لە نزیك مزگەوتی سەردار بەگی جاف، دەستبەجێ لیژنەكان سەردانی ماڵەكەیان كرد و دەستیان گرت بەسەر کەلوپەلەکانی ناو كارگەكەدا".

 

گوتیشی "خاوەن ماڵەكە بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت كارگەكەی داناوە و بە بڕیاری قایمقامی كەلار بەدەست بەسەر تەواوی ماست و شیرەمەنیی نێو كارگەكەشدا گیرا كە نزیكەی 8 تۆن دەبێت و نموونەی ماست و شیرەمەنییەكەش ڕەوانەی تەندروستی كراوە بۆ پشكنین".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending