English | عربي

منداڵه‌ بێ ناسنامه‌كانی داعش ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی عێراق


منداڵه‌ بێ ناسنامه‌كانی داعش ده‌بنه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی عێراق

2019/05/16 | 17:05

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

بەسەدان منداڵ و خێزان بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشه‌وه‌، بەڵگەنامەی فەرمی و ناسنامەی باری کەسێتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێسەندراوەتەوە و لە کەمپەکاندا بەدەست چەندین نەخۆشیەوە دەناڵێنن، هێزە ئەمنییەکانیش رێگەیان پێ نادەن بۆ چارەسەری پزیشكی بچنە دەرەوەی کەمپەکان.

عەلا حەمزە یەکێکە لەو سەدان دایکەی بەبیانووی بوونی کێشەی ئەمنی تەواوی بەڵگەنامە فەرمییەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێسەندراوەتەوە و بۆی نییە لە تەنیا چەند کیلۆمەترێك زیاتر هەنگاو بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بنێت، ئەو دەڵێت: کوڕەکەی نەخۆشی پەرکەمی هه‌یه‌ و بەهۆی نەبوونی بەڵگەنامەش ناتوانێت چارەسەری بکات.

سەلیمەش كه‌ خێزانێكی داعشه‌ و له‌ كه‌مپی له‌یلان نیشته‌جێكراوه‌، ده‌ڵێت: "حەوت مانگ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیان پێنەداوین، چونکە ئێمە لە خێزان و خانەوادەی داعشین، تەنانەت پارێزەرەکانیشمان پێمان دەڵێن، بەهۆی ئەوەی خێزانی داعشن, ناتوانن ببنە خاوەنی بەڵگەنامەی فەرمی، ئەمەش لە هەموو روویێکەوە کاریگەری لەسەر منداڵەکانمان دروستکردووە".

هه‌ر له‌مه‌باره‌شه‌وه‌ حوسێن حوب, نوێنەری کەمپی لەیلان لە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان نیگەرانە و دەڵێت: "بەشێك لە دانیشتوانی کەمپەکە دووچاری نەخۆشی شێرپەنجە بوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەواوی بەڵگەنامەکانیان لێسەندوون و رێگە بە چوونە دەرەوەیان نادەن".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، "هەندێك کەس لێرە بەڵگەنامەی فەرمیان هەیە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیانسەندراونەتەوە و ناچارن لە کەمپدا بژین ، سەرەڕای ئەوەی بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێین، کە هەندێك کەس رووبەڕووی نەخۆشی شێرپەنجەی پێست یاخود نەخۆشی دیکە بوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگە بە چوونە دەرەوەیان نادەن".

هاوكات گوتەبێژی ئەنجوومەنی پەنابەرانی نەرویجی، ژمارەی ئەو منداڵانەی ناسنامەی باری کەسێتیان نییە بە زیاتر لە 45 هەزار منداڵ مەزەندە دەکات، هەروەها ئەو حاڵەتەش بە مەترسیدار بۆ سەر داهاتووی منداڵەکان و پرسی ئاسایش لە عێراق پێناسەدەکات.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending