English | عربي

منداڵه‌ بێ ناسنامه‌كانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاینده‌ی عێراق


منداڵه‌ بێ ناسنامه‌كانی داعش هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر ئاینده‌ی عێراق

2019/05/16 | 17:40

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

بە سەدان منداڵ و خێزان، بە بیانووی هەبوونی پەیوەندی بە چەکدارانی داعشه‌وه‌، بەڵگەنامەی فەرمی، ناسنامەی باری کەسێتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێ سەندراوەتەوە و لە کەمپەکاندا بە دەست چەندین نەخۆشییەوە دەناڵێنن، هێزە ئەمنییەکانیش رێگەیان پێ نادەن بۆ چارەسەری پزیشكی بچنە دەرەوەی کەمپەکان.

عەلا حەمزە، یەکێکە لەو سەدان دایکەی بە بیانووی بوونی کێشەی ئەمنی، تەواوی بەڵگەنامە فەرمییەکانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێ سەندراوەتەوە و بۆی نییە لە تەنیا چەند کیلۆمەترێك زیاتر، هەنگاو بۆ هیچ شوێنێکی دیکە بنێت، ئەو دەڵێت: "کوڕەکه‌م نەخۆشیی پەرکەمی هه‌یه‌ و بە هۆی نەبوونی بەڵگەنامەش ناتوانم چارەسەری بکه‌م".

سەلیمەش كه‌ خێزانێكی داعشه‌ و له‌ كه‌مپی له‌یلان نیشته‌جێ كراوه‌، ده‌ڵێت: "حەوت مانگ تێپەڕیوە و تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەنامەیەکی فەرمیان پێ نەداوین، چونکە ئێمە لە خێزانی داعشین، تەنانەت پارێزەرەکانیشمان پێمان دەڵێن، بە هۆی ئەوەی خێزانی داعشن, ناتوانن ببنە خاوەنی بەڵگەنامەی فەرمی، ئەمەش لە هەموو روویێکەوە کاریگەری لەسەر منداڵەکانمان دروست کردووە".

هه‌ر له‌م باره‌یه‌وه‌ حوسێن حوب, نوێنەری کەمپی لەیلان لە هەڵسوکەوتی هێزە ئەمنییەکان نیگەرانە و دەڵێت: "بەشێك لە دانیشتووانی کەمپەکە دووچاری نەخۆشیی شێرپەنجە بوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان تەواوی بەڵگەنامەکانیان لێ سەندوون و رێگە بە چوونە دەرەوەیان نادەن".

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات "هەندێك کەس لێرە بەڵگەنامەی فەرمیان هەیە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لێیان سەندراوەتەوە و ناچارن لە کەمپدا بژین، سەرەڕای ئەوەی بە هێزە ئەمنییەکان دەڵێین، کە هەندێك کەس رووبەڕووی نەخۆشیی شێرپەنجەی پێست، یاخود نەخۆشیی دیکە بوونەتەوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان رێگە بە چوونە دەرەوەیان نادەن".

هاوكات گوتەبێژی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی، ژمارەی ئەو منداڵانەی ناسنامەی باری کەسێتیان نییە بە زیاتر لە 45 هەزار منداڵ مەزەندە دەکات، هەروەها ئەو حاڵەتەش بە مەترسیدار بۆ سەر داهاتووی منداڵەکان و پرسی ئاسایش لە عێراق پێناسە دەکات.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending