"لە نێوان بەعاج و حەزەر داعش بەھێزبووە"
مووسڵ-KDP.info- جووڵەی چەکدارانی داعش لە سنووری پارێزگای نەینەواش دەستی پێکردووە، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێ، لە ھەندێ ناوچەی ھاوسنوور لەگەڵ سووریا، داعش دەستی بە جووڵەکردووە و، ھێزە عێراقییەکان دەکاتە ئامانج.
دوێنێ چەکدارانی داعش لە ناوچەی حەزەری سەر بە پارێزگای نەینەوا، ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی حەشدی شەعبی و، شەڕ و پێکدادانی توند لە نێوانیان روویدا، ئەوەش دوای زنجیرەیەک ھێرشی دیکەی دیالە و ئەنبار و کەرکووک دێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، زانیاری لەبارەی خۆڕێکخستنەوەی داعش لە حەزەر تا بەعاج دەخاتە ڕوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەڵێ: داعش لە سنوورەکانی پارێزگای نەینەوا بوونیان ھەیە و، جارجاریش ھێزە عێراقییەکان دەکەنە ئامانج، بەتایبەتی لە ناوچەی حەزەر تا دەگاتە قەزای بەعاج، ئەو ناوچەیە ھاوسنوورە لەگەڵ سووریا و داعش مەترسی بۆسەر زۆرێک لەو ناوچانە پەیداکردوە، راستە ئۆپەڕاسیۆن دژیان بەڕێوەدەچێت، بەڵام ھەر جووڵەیان بەھێزە و زۆرجاریش دەرفەت وەردەگرن خۆیان بەسەر خەڵکی، یان ھێزەکانی عێراقدا دەدەن.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەیدۆ چەتۆ دەشڵێ: "ئێستادا داعش لە ھیچ ناوچەیەکی سنووری نەینەوا دەستەڵاتی نەماوە، بەڵام لە زۆر ناوچەش ئەوان بەھێزن، نەک ھێزەکانی عێراقی، ئەوەش کاریگەری ھەبووە لەسەر ئەوەی بڵێین داعش ماوە و شانەی نووستوویان زیاترە لەوەی دەستەڵاتیان ھەبێت".
قائید میرۆ