English | عربي

فراكسیۆنە كوردستانییەكان له‌سه‌ر دۆخی خانه‌قین به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وە


فراكسیۆنە كوردستانییەكان له‌سه‌ر دۆخی خانه‌قین به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وە

2019/05/18 | 18:45

(هەواڵ كوردستان)- فراكسیۆنە كوردستانییەكان له‌سه‌ر دۆخی خانه‌قین و رووداوه‌كانی دوو رۆژی رابردوو، به‌یاننامه‌یه‌كیان بڵاوكرده‌وه‌ و داوا له‌سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەکەن رێوشوێنی بەپەلە له‌وباره‌یه‌وه‌ بگرنه‌ به‌ر.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌.

بۆ رای گشتی بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌ك لای هه‌مووان ئاشكرایه‌ له‌ماوه‌ی رابردوودا له‌سنوری خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌لایه‌ن تیرۆرستان و چه‌ند ده‌ستێكی ره‌شی نادیاره‌وه‌، به‌به‌رده‌وامی هه‌وڵی شێواندن و زیانپێگه‌یاندنی هاووڵاتیان و جوتیارانی ناوچه‌كه‌ ده‌درێت، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زیاتر له‌ 40 شه‌هیدی هاووڵاتی و هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی سنوره‌كه‌ی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌و زیانێكی زۆری ماددیشی به‌ناوچه‌كه‌ گه‌یاندوه‌.

وه‌ك دیاره‌ هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون و ئێستا له‌كاتی دروێنه‌كردنی ره‌نجی یه‌ك ساڵه‌ی جوتیارانی سنوره‌كه‌، ئه‌م ده‌سته‌ ره‌شه‌ هه‌ستاون به‌ سوتاندنی ده‌خڵ و دانی هاووڵاتیان و ئاگر تێبه‌ردان و رووخاندن و بۆمبڕێژكردنی زه‌وی و زاری گونده‌كان، له‌ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كدا چوار هاووڵاتی شه‌هیدبوون كه‌یه‌كێكیان مامۆستایه‌.

بۆیه‌، سه‌ره‌ڕای ئیدانه‌كردنی ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونانه‌و ئه‌و هه‌وڵ و پیلانه‌ ره‌شانه‌ی تیرۆرستان و ئه‌و ده‌ستانه‌ی كه‌ چاویان به‌ئارامی و پێگه‌وه‌ ژیانی شاره‌كه‌ هه‌ڵنایه‌ت، پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ، سه‌رۆكایه‌تی كۆمارو، سه‌رۆك وه‌زیران و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بێنه‌ سه‌ر هێڵ و رێگه‌ی پێویست و خێرا بگرنه‌ به‌ر بۆ رێگه‌گرتن له‌ و زوڵم و سته‌مه‌ی به‌رامبه‌ر به‌شاری خانه‌قین و دانیشتوانه‌كه‌ی ده‌كرێت.

له‌ئیَستادا هه‌مووان، له‌به‌رده‌م دۆخیَكی ناهه‌مواردا ده‌ژین و له‌به‌رده‌م مه‌ترسی به‌جیَهیَشتنی به‌كۆمه‌ڵی ناوچه‌كه‌و زه‌وی و زاری جوتیارانداین، ئیَمه‌ش وه‌ك نویَنه‌رانی كورد، ئه‌م بابه‌ته‌مان له‌نێو په‌رله‌مانی عیراق وروژاند، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان رووی راسته‌قینه‌ی ئه‌م ناحه‌قیانه‌ ببین و چاره‌سه‌رێكی به‌په‌له‌ بدۆزنه‌وه‌.

سڵاو له‌رۆحی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدان، سڵاو له‌سه‌ربه‌رزی و خۆڕاگری خه‌ڵكی خانه‌قین و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری.

فراكسیۆنه‌ كوردستانیه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق 18-5-2019








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending