هەواڵی کوردستان ئێستا

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی(44)ەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز

بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی(44)ەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی(44)ەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز

2020-05-25 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ (44) ساڵ بەسەر یەکەمین بڵێسەی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا تێدەپەڕێ، ئەو شۆڕشەی بەڕابەرایەتی پارتیمان پارتی دیموكراتی كوردستان و لە (26)گوڵانی ١٩٧٦ بە هیممەتی سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە نەبەزەكانی و رۆڵە گیان فیداکانی كوردستان، بەگوڕ و تینێکی نوێ و ھزر و تێڕوانینی پشتبەستن بە گەل و مەیدانی کراوەی خەبات و تێکۆشان بە فکر و ئایدۆلۆژیا جیاوازەکان و سەردەمیەکان، هەڵگیرسا.

 

 شۆڕشی گوڵان خاوەن پەیامێكی شۆڕشگێرانە و نەتەوایەتی و نیشتیمانی بوو، كە هەڵقووڵاوی خواست و ویستە راستەقینەكانی گەلی كوردستان بوو بەگشتی، هەروەها ئەو شۆڕشە توانی پیلانی شومی جەزائیر لەگۆڕ بنێت و بۆ جیهانی بسەلمێنێت، كە ئیرادەی لەبن نەهاتووی گەلەكەمان بە هیچ پیلان و خیانەتێك لەناوناچێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە رۆژ لەدوای رۆژ بەهێزتر و پتەوتر دەبێت.

 

 شۆڕشی گوڵان درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بەرابەرایەتی بارزانی نەمر و، داكۆكیكار و بەرگریكارێكی سەرسەختی بەدیهێنانی مافەرەواكانی گەلەكەمان بوو بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینیی و ئاینزاكانیەوە، هەروەها هەوڵ و كۆششی بێوچانی بۆ یەكڕیزیی و تەبایی و یەك گوتاری سیاسی مایەی شانازییە لەو زنجیرە خەباتە چەكداری و سیاسیەی ئەو قافڵە سەركەشەدا، كە بەرهەمی ئەو كاروانە نەسرەوتووە و لەسایەی گیانفیدایی و لەخۆبردوویی شەهیدە نەمرەكان و خەباتی رۆڵەكانی گەلەكەمان تا ئەمڕۆكەش هەر بەردەوامە.

 

 هەرێمی كوردستان و عێڕاق و ناوچەکە لەبەردەم قۆناغێكی نوێ و گرنگدایە، بۆیە پێویستە زیاتر هەنگاوەكانمان یەكبەخەین و بەگوتارێكی روون و بەهێز پەیامی گەلەكەمان بخەینە روو تاوەكو لە عێڕاقدا بەپێی دەستوور هەرچی ماف و موستەحاقەتەكانە بەدەستبێنین و پێداگرین لەسەر جێبەجێكردنی تەواوی ماددە و بڕەگەكانی دەستور لە ئاستی عێڕاق بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی، لەپێناو گەیشتن بە چارەسەری کێشەی کەرکوکی دڵی کوردستان و ناوچە کوردستانیەکانی دیکەی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و  کێشەی بودجە و کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی دیکە.  

 

لەم یادەدا بەناوی تەواوی لایەنگران و ئەندام و کادیران و سەرکردایەتی پارتیمانەوە پەیمان نوێدەکەینەوە بۆ گەلی کوردستان و بارزانی نەمر و کاکە ئیدریسی ھەمیشە زیندو، کە بەرژەوەندیە باڵاکانی نەتەوەیی و نیشتمانیمان لە سەروی ھەموو بەرژەوەندیەکانی دیکە بێت و، ھەروەھا بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی سۆز دووبارە دەکەینەوە لە پێناو رووبەڕوبوونەوەی تەحەدییاتەکان و تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا، کە لەلایەک پەتای کۆڕۆنا و لەلایەکی دیکە  قەیرانی سیاسی و ئابووری لەئاستی جیھان بەگشتی و عێراق و کوردستان بەتایبەتی لە پەرەسەندندان و، تێپەڕاندنیان بە کەمترین زیان، لە ئاستی بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتمانی سەرشانمان بین و رێگای چارەسەری کێشەکان ھەڵبژێرین و رێگا لە کەڵەکەبوونی زیاتری کێشەکان بگرین و، بەدیھێنانی تەبایی و برایەتی و یەکڕیزی بگرینەبەر و سازان و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی لە ریزبەندی یەکەمی کارەکانمان بن. ھەر لەو روانگەیەشەوە داوا لە ھەموو لایەنە سیاسیەکان لە ئاستی عێراق و کوردستان دەکەین کە لاپەڕەیەکی تازە ھەڵدەینەوە و تەواوی تواناکانمان سەرفی بەدیھێنانی خۆش ژیانی ھاوڵاتیان بکەین و بەکردار و پەرچەکردار کات بەفیڕۆنەدرێ و لەئاستی ئەو پشتیوانی و متمانەیە دابین کە ھاوڵاتیان بە حزبەکانمانیان بەخشیوە و، لایەنە کوردستانیەکان پێکڕا بەردەوامبین لە پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان و ئەزموون و دەستکەوتەکان پەرەپێبدەین، ھەروەھا لێبوردەیی و پێکەوەژیانی سەردەمیانەی سیاسی و نەتەوەیی و ئاینی و یەکترقبوڵکردن بە جیاوازیەکانیشمانەوە بکەینە رێچکە و کولتوری ژیانی کۆمەڵگەکەمان و ئیدارەدانی عێراق بەگشتی و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی.   

 

لەو یادە پیرۆزەدا سڵاو و دروود بۆ شەهیدانی رێگای سەروەریی و ئازادی و رزگاریی كوردستان..

 

سڵاو بۆ یادی سەرجەم ئەو تێكۆشەرانەی سەرقافلەی گەشانەوەی ژیلەمۆی شۆڕش و بەرخودان بوون...

 

سڵاو لە تێكۆشەرانی دێرین وخەباتكارانی كۆڵنەدەری درێژەپێدەری شۆڕش...

 

سڵاو لە جەماوەر و كادیر و ئەندامان و لایەنگرانی دڵسۆزی پارتیمان..

 

سڵاو لە كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان...

 

دروود بۆ دامەزرێنەر و رابەر و داڕێژەری رێبازی كوردایەتی (مستەفا بارزانی نەمر)و كاكی هەمیشە لەیاد (ئیدریسی نەمر)...

سەركەوتن هەر بۆ خەباتی رەوای گەلەكەمانە...هەر بەرزو شەكاوە بێت ئاڵای كورد و كوردستان.. 

    

مەكتەبی سیاسی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

٢٥ـی٥ـی٢٠٢٠