English | عربي

له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه‌ زانیاری ئاشكرادەكرێت


له‌باره‌ی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوكه‌وه‌ زانیاری ئاشكرادەكرێت

2019/05/20 | 11:05

(هەواڵ كوردستان)- ئه‌ندامێكی كورد له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ی دانانه‌وه‌ی راكان جبوری له‌ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆی كۆنه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، ناتوانرێت پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت له‌ كاره‌كه‌ی لاببرێت.

سدیق كاكه‌ره‌ش، ئه‌ندامی لیستی برایه‌تی له‌ ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك، له‌و روونكردنه‌وه‌یه‌دا كه‌ ڕۆژی‌ 19ی 5ی 2019 بڵاویكردۆته‌وه‌و ، ئاماژه‌ی به‌ كۆبوونه‌وه‌ی تایبه‌ت به‌ دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی ناو دیوانی پارێزگای كه‌ركوك داوه‌، كه‌ رۆژی 16ی مانگی رابردوو ئه‌نجامدراوه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا ده‌ڵێت: ڕاكان سه‌عید جبور، كه‌ جێگری پارێزگاره‌ له‌سه‌ر پشكی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب، دوای (16)ی ئوكتۆبه‌ر و به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پارێزگار، له‌سه‌ر بڕیاری حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی عیراق، ئه‌ركی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌ت پێ سپێردرا.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: لابردنی ناوبراو له‌ پۆستی جێگری پارێزگار، له‌ ده‌سه‌ڵاتی ئه‌نجومه‌نی پارێزگادایه‌، ئه‌نجومه‌نیش به‌م باره‌ ناله‌باره‌ی، كۆنابێته‌وه‌.

سدیق كاكه‌ڕه‌ش ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌ كه‌ ساڵ و نیوێك زیاتره‌ داوا له‌ ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ده‌كه‌ین، لیستی برایه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ كاراكردنی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌، چونكه‌ به‌رده‌وام گوتوومانه‌ بارودۆخ به‌م شێوه‌یه‌ بڕوات، نیساب یاسایی بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌ ته‌واو نابێت، ڕه‌نگه‌ په‌نا به‌رینه‌به‌ر هه‌ڵبژاردنی نوێ، كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی كورددا نابێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ئاشكراشیكردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كانی شاره‌كه‌ به‌م نوسراوه‌، بڕیاریان داوه‌ كه‌ جێگری پارێزگار پشكی نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌به‌، به‌ واتایه‌كی تر پۆستی پارێزگار پشكی كورده‌.

له‌باره‌ی چاره‌نووسی پارێزگاری به‌وه‌كاله‌تیش، سدیق كاكه‌ڕه‌شه‌ رایگه‌یاندووه‌: ڕاكان جبوری بژارده‌كه‌ی لای خۆیه‌تی، كه‌ وه‌ك جێگر له‌ پارێزگادا ده‌مێنێته‌وه‌، یان ده‌چێته‌ په‌رله‌مانی عیراق.

snn








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending