English | عربي

دووگيانى و كێشه‌ ته‌ندروستیيه‌كانى


دووگيانى و كێشه‌ ته‌ندروستیيه‌كانى

2019/05/20 | 17:25

(هەواڵ كوردستان)- هۆشیاریی سێکسی..

پرسیار و وەڵام

زانينى ئه‌وه‌ى، كه‌ دووگيانى و ئه‌و هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌ سۆزدارييه‌ى، كه‌ يه‌كه‌مين ساتى زانين ژن هه‌ستى پێ ده‌كات، له‌ ژنێكه‌وه‌ بۆ يه‌كێكى ديكه‌ جياوازه‌.

ته‌نانه‌ت له‌ يه‌ك كه‌سيشدا، له‌ سكى يه‌كه‌مه‌وه‌ بۆ سكى دووه‌م جياوازه‌.

هه‌روه‌ها بارودۆخى ده‌روونى و كۆمه‌ڵايه‌تیى دايكه‌كه‌ش كار ده‌كاته‌ سه‌ر جۆرى هه‌ستكردنى، ده‌شێ خۆشحاڵ بێ، يان به‌پێچه‌وانه‌وه‌.

پ: نيشانه‌كانى دووگيانى چين؟و: هه‌ندێ جار ژنان پێش ئه‌وه‌ى سه‌ردانى پزيشك، يان پشكنين بكه‌ن، خۆيان هه‌ست ده‌كه‌ن كه‌ دووگيانن.

له‌و ژنانه‌دا كه‌ سووڕى مانگانه‌يان ڕێكه‌ و له‌ كاتى خۆيدا دێت، دواكه‌وتنى سووڕه‌كه‌ ئاماژه‌يه‌كى دياره‌ بۆ ڕوودانى دووگيانى.

هاوكات دووگيانى كۆمه‌ڵێك نيشانه‌ى ديكه‌ى هه‌يه‌، مه‌رج نييه‌ هه‌موويان له‌ هه‌موو ژنێكدا ده‌ربكه‌ون.

به‌ گشتى ئه‌مانه‌ن:- دڵ تێكه‌ڵهاتن و ڕشانه‌وه‌، زۆربه‌ى ژنان تووشى دڵتێكه‌ڵهاتن ده‌بن، وه‌لێ مه‌رج نييه‌ ڕشانه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بێت.

به‌زۆرى له‌ به‌يانيیاندا ڕوو ده‌دات، له‌ هه‌فته‌ى شه‌شه‌مى وه‌ستانى سووڕى مانگانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ.- به‌هۆى گۆڕانى هۆرمۆنه‌كانه‌وه‌، ژن تووشى جۆرێ له‌ گۆڕانى مه‌زاج ده‌بێت، هه‌ندێكيان دڵته‌نگ ده‌بن و له‌خۆوه‌ ده‌گرين، يان دڵيان ناسك ده‌بێته‌وه‌ و به‌رگه‌ى هيچ توانج، يان گاڵته‌وگه‌پێك ناگرن، يان تووڕه‌ و بێ حه‌وسه‌ڵه‌ ده‌بن.- گۆڕان له‌ جۆر و بڕى خواردندا، ده‌شێ هه‌ندێ خواردنيان له‌به‌رچاو بكه‌وێ، له‌به‌رامبه‌ردا حه‌ز له‌ هه‌ندێ خواردنى دياريكراو بكه‌ن.

هه‌ندێ جار ئه‌م حاڵه‌ته‌ به‌ توندى ده‌رده‌كه‌وێ و ئه‌و دايكه‌ هيچ جۆره‌ خواردنێكى بۆ ناخورێ، يان حه‌ز له‌ خواردنى شتى بێسوود له‌ ڕووى ته‌ندروستييه‌وه‌، يان شتى سه‌ير و قابيلى نه‌خواردن ده‌كات، بۆ نموونه‌ خواردنى ليمۆدزى، يان قوڕ.- هه‌ندێ جار ئه‌م له‌به‌رچاوكه‌وتنه‌ له‌ هه‌ستى بۆنكردنيشدا ده‌رده‌كه‌وێ و به‌ زۆر بۆن جاڕس ده‌بێت.- هه‌ستكردن به‌ ماندووێتى و شه‌كه‌تى.- گه‌وره‌بوونى سنگ و تۆخبوونى ڕه‌نگى گۆى مه‌مك.- ميزكردنى زۆر، به‌تايبه‌تى له‌ شه‌ودا.

هه‌روه‌ها هه‌ندێ جار قه‌بزى.- زيادبوونى كێش.

كاتێك فايلى دووگيانیى پڕ ده‌كه‌يته‌وه‌ و ده‌چيته‌ ژێر چاودێریى پزيشكى پسپۆڕه‌وه‌، هه‌موو مانگێك كێشت پێوانه‌ ده‌كرێ و له‌گه‌ڵ درێژيتدا، بۆ زانينى بڕى زياده‌ى كێش به‌كار دێ، زيادبوونى كێش و كه‌میى كێشيش ئه‌گه‌ر له‌ سروشتى تێپه‌ڕیبوو، پێويسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێ له‌ هه‌ردوو باره‌كه‌دا زيانى بۆ كۆرپه‌له‌ هه‌يه‌.- هه‌ندێ له‌ دايكان له‌ كاتى دووگيانيدا تووشى به‌رزبوونه‌وه‌ى په‌ستانى خوێن، يان شه‌كره‌ ده‌بن.- به‌و هۆيه‌وه‌ كه‌ دايكى دووگيان به‌ شێوه‌يەكى باش خواردن و سه‌وزه‌ و ميوه‌ى پێويست ناخوات، ده‌شێ به‌رگریى له‌شى دابه‌زێ و زياتر تووشى هه‌ندێ حاڵه‌تى نه‌خۆشى ببێت، وه‌ك سه‌رمابوون و تووشبوون به‌ هه‌ڵامه‌ت.

پ: كه‌ى پشكنين بكه‌م بۆ ئه‌وه‌ى بزانم كه‌ دووگيانم؟و: هه‌ر له‌دواى چه‌ند ڕۆژێكى كه‌م له‌ دواكه‌وتنى سووڕى مانگانه‌، ده‌توانى پشنينى ميز بكه‌يت له‌ نه‌خۆشخانه‌، يان هه‌ر تاقيگه‌يه‌كى پشكنين.

هه‌روه‌ها ده‌كرێ خۆيشت له‌ ماڵه‌وه‌ له‌ ڕێى هه‌ندێ ئامرازى تايبه‌تييه‌وه‌، كه‌ له‌ ده‌رمانخانه‌ هه‌ن، ئه‌نجامێكى خێرات ده‌ست بكه‌وێ.

ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ره‌تادا ده‌رنه‌كه‌وت كه‌ دووگيانى، خۆيشت چاوه‌ڕێى دووگيانى بوويت، يان هه‌ست ده‌كه‌يت كه‌ دووگيانى، ئه‌وا له‌ هه‌فته‌يه‌ك بۆ دوو هه‌فته‌ دواتر پشكنينه‌كه‌ دووباره‌ بكه‌ره‌وه‌، يان پشنينى خوێن بكه‌.

پ: بۆچى پشكنينى سۆنه‌ر گرنگه‌؟و: هه‌ندێ جار وا باوه‌، كه‌ پشكنينى سۆنه‌ر ته‌نيا بۆ زانينى توخمى كۆرپه‌له‌كه‌يه‌، وه‌لێ له‌ڕاستيدا وا نييه‌.

ئه‌وه‌ى به‌ لاى پزيشكه‌‌وه‌ گرنگه‌، ته‌ندروستیى خۆت و كۆرپه‌له‌يه‌، بۆ دڵنيابوون له‌وه‌ى كه‌ هه‌موو شتێ ته‌واوه‌، بۆ نموونه‌ ئايا كۆرپه‌له‌ به‌ شێوه‌يه‌كى باش خواردنى بۆ ده‌چێ.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ گرنگه‌ به‌پێى ئه‌و خشته‌يه‌ى پزيشكه‌كه‌ت بۆت ديارى ده‌كات، سه‌ردانى بكه‌يت.

پ: كه‌ى لاى خه‌ڵك ئاشكراى بكه‌م، كه‌ دووگيانم؟پ: هه‌رچه‌نده‌ به‌ لاى زۆر كه‌سه‌وه‌ ئه‌وه‌ مه‌سه‌له‌يه‌كى کەسیيه‌، وه‌لێ كاتێك كه‌ به‌ته‌واوه‌تى دڵنيا ده‌بيت، باسكردنى ئه‌وه‌ى كه‌ دووگيانى له‌ لاى كه‌سانى چوارده‌ورت، كاريگه‌رييه‌كى ده‌روونیى باشى ده‌بێت، چونكه‌ دڵنه‌وايى و پشتوانیى خێزان و كه‌سوكار يارمه‌تيت ده‌ده‌ن، له‌ تێپه‌ڕاندنى ئه‌و چه‌ند هه‌فته‌ سه‌خته‌ى سه‌ره‌تاى دووگيانى، كه‌ به‌ زۆرى ژن له‌ ڕووى ده‌روونييه‌وه‌ جۆرێ له‌ فشار ده‌كه‌وێته‌ سه‌رى، به‌ چاوپۆشين له‌وه‌ى كه‌ چاوه‌ڕێى ئه‌و دووگيانیيه‌ بووه‌، يان نا.

له‌و باره‌شدا كه‌ دووگيانييه‌كه‌ خوازراو نييه‌، كه‌سانى چوارده‌ور ده‌شێ كاريگه‌ریى ئه‌رێنيان بۆسه‌ر دايكه‌كه‌ هه‌بێت و هاوكاریى بكه‌ن له‌ وه‌رگرتنى دۆخه‌كه‌ و بينينى حاڵه‌ته‌كه‌ وه‌ك ديارى و ده‌ستكه‌وتێكى به‌ها، له‌جياتى ڕه‌تكردنه‌وه‌ى.

پ: له‌ ڕووى خواردنه‌وه‌، پێويسته‌ چى بخۆم؟و: خواردنى شير و هێلكه‌، گۆشت به‌ هه‌موو جۆره‌كانييه‌وه‌، ميوه‌ و سه‌وزه‌ زۆر گرنگن.

زۆر له‌ دايكان له‌ كاتى دووگيانيدا ده‌ڵێن خواردنمان باشه‌ و زۆر ده‌خۆين.

وه‌لێ زۆر خواردن كارێكى باش نييه‌، چونكه‌ دايك و كۆرپه‌له‌ پێويستيان به‌ بڕى دياريكراو له‌ خواردنى باشه‌، نه‌ك زۆر.

خواردنى باش ته‌نيا كار ناكاته‌ سه‌ر ته‌ندروستیى كۆرپه‌له‌‌، به‌ڵكوو كاريگه‌ریى هه‌يه‌ بۆ سه‌ر ته‌ندروستیى دايك‌ به‌درێژايى ژيانى.

ئه‌و ژنانه‌ى كه‌ منداڵيان زۆر بووه‌ و بڕى پێويست كاليسيۆميان له‌ ڕێى خواردنه‌وه‌ له‌ كاتى دووگيانيدا وه‌رنه‌گرتووه‌، له‌دواى 45 ساڵى به‌رەوژوور، كێشه‌ى فشه‌ڵبوونى ئێسك و كلۆربوونى ددانيان بۆ دروست ده‌بێت.

پ: ئه‌ى له‌ ڕووى پێسته‌وه‌، چۆن بايه‌خ به‌ خۆم بده‌م؟و: كاتێك په‌يڕه‌وى سيستمێكى خۆراكیى ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ خۆراكه‌ پێويست و سوودبه‌خشه‌كان ده‌كه‌يت، ئه‌مه‌ كار ده‌كاته‌ سه‌ر پێستيش، به‌ زۆرى ئه‌و كه‌سانه‌ى كێشه‌ى تۆخبوونى پێستى ده‌موچاو، يان په‌ڵه‌ى دووگيانيیان هه‌يه‌، كێشه‌ى كه‌مخوێنيشيان هه‌يه‌.

شانبه‌شانى خواردنى ميوه‌ و سه‌وزه‌، خواردنه‌وه‌ى ئاو و دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تيشكى خۆر، كاريگه‌ریى باشيان ده‌بێت له‌سه‌ر پێست.

هه‌روه‌ها پێويسته‌ ژنى دووگيان به‌رده‌وام كرێمى نه‌رمكه‌ره‌وه‌، يان زه‌يتى زه‌يتوون بۆ ناوچه‌ى سكى به‌كار بێنێت، چونكه‌ له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونى سكدا، پێستى سك ده‌كشێ، ئه‌م چه‌وركردنه‌ يارمه‌تیى كه‌مكردنه‌وه‌ى ئه‌و خه‌تانه‌ ده‌دات، كه‌ له‌دواى منداڵبوون له‌سه‌ر پێستى سك جێ ده‌مێنن.

پرسياره‌كانتان له‌ ڕێى ئه‌م ئيمه‌يله‌وه‌ وه‌ڵام ده‌درێنه‌وه:prsiar.walam@yahoo.com


 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending