هەواڵی کوردستان ئێستا

"شۆڕشی گوڵان ھیواو ھۆشیاری و لەگۆڕنانی خەونی دوژمن بوو"

"شۆڕشی گوڵان ھیواو ھۆشیاری و لەگۆڕنانی خەونی دوژمن بوو"
"شۆڕشی گوڵان ھیواو ھۆشیاری و لەگۆڕنانی خەونی دوژمن بوو"

2020-05-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

دهۆک-KDP.info- لە ئێستادا چلوچوار ساڵ بەسەر شۆڕشی گوڵان تێدەپەڕێ، پێشمەرگە بەشداربووەکانی ئەم شۆڕشە دەڵێن، ھیوایەکی وامان لە شۆڕشەکەدا بۆ دروستبوو کە ھەرگیز خۆمان نەچەمێنین و رادەست نەکەین، ئەمەش سەلمێنرا کە ھیچ نەتەوەیەک ناتوانێ باوەڕی گەلێکی سەربەخۆخواز لەناوبەرێ.

'هەستانەوەی گەل'
شۆڕشی گوڵان نامەیەک بوو بۆ سەرکەوتن و بەرپاکردنی شۆڕش دژی ستەم و داگیرکاری، قۆناغی ھەستانەوەی گەلی کورد بوو. فەرەج میرزا کە پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانە دەڵێ، شۆڕشی گوڵان لەسەر رێچکەی شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام بە شێواز و فۆڕمێکی نوێ لە رێکخستن و ستراتیژیەت و تاکتیک، لایەنی سیاسی و لەشکری پێکەوەبوون لە شۆڕشدا، شەڕێکی پارتیزانی کرا، ئەمەش خاڵێکی جەوھەری بوو کە توانرا گورزی گەورە لە دوژمن بوەشێندرێ تا راپەڕینێکی سەرتاسەری لەدژی دوژمن دروست بوو.
جەھوەر نەمر پێشمەرگەیەکی دیکەی شۆڕشی گوڵانە دەڵێ، شۆڕشەکە بەرخودانێک بوو کە ئیدی کورد دوژمنی تێگەیاند کە ھەرکاتێ بیەوێ ھەڵدەستێتەوە و دەتوانێ یامانجی راستەقینەی بپێکێ.

شۆرشێکی ھۆشیاری و فکری و نەتەوەیی
شۆڕشی گوڵان جگە لە ھەڵسانەوەی کورد، توانی پەیامێکی ھۆشیاری بگەیەنێ کە کورد ھیچ فکرێکی فەرزکراوی قبووڵ نییە، سەپاندن رەتدەکاتەوە،  ھەروەک فەرج میرزا دەیگێڕێتەوە، "لەروویی ھۆشیارییەوە تاکەکانی کۆمەڵگە خوازیاربوون زوو گەورەبن تا ببنە پێشمەرگە و شەڕی دوژمن بکەن، گەنجانی تازە ھاتنە پێش، سەرجەم پێکھاتەکان بەشداریان کرد. لە شۆڕشێ گوڵاندا خەڵکی کوردستان بەبێ جیاوازی رەگەز و ئاین و نەتەوە بەشداریان کرد، رەھەندێکی قوڵی نیشتمانی ھەبوو، خەڵک لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە و لە ھەر چوارپارچەی کوردستان خۆیان دەگەیاندە شۆڕش، ئەمەش لەژێر دروشمی کوردستان بوو."

شۆڕشی گوڵان دژی پیلانێکی ئیقلیمی بوو، ھەروەک بەشداربووانی شۆڕشەکە دەیگێڕنەوە، عێراق و ئێران کۆکبوون لەسەڕ نەھێشتنی دەنگی کورد، ھەروەک ئەحمەد حەسەن بەکر گوتی، شۆڕشی کورد بۆ ھەتاھەتایە کۆتایی ھات، بەڵام شۆڕشی گوڵان کاتێ خۆی بەیانکردەوە و لە ئێزگەی شۆڕش دەنگی کوردستان بەیانکرا کە شۆڕشی کورد دەستی پێکرد و کۆتایی نەھاتووە، ئەوەبوو خەونی دوژمن لە گۆڕ نرا.

ھیوای گەلێک
شۆڕشی گوڵان ئەو دەنگە نائومێدەی نەھێشت کە لەدوای شۆڕشی ئەیلوول دەگوترا، لەژێر پەیامی بارزانی نەمر کە نابێ لە شکست بێئومێد بین، دەنگی شۆڕش بەرزبوویەوە و،  ئاگری بەسەر دوژمن باراند، ئەوەبوو لە ساڵی ١٩٧٦ ئومێد و ھیوا کە بناغەکەی لە شۆڕشی ئەیلوول بوو، گەڕایەوە و، خەونی دوژمن لە گۆڕ نرا.

کــــــاروان بــاعەدری