هەواڵی کوردستان ئێستا

شۆڕشی گوڵان ئومێدی گەڕاندەوە"

شۆڕشی گوڵان ئومێدی گەڕاندەوە"
شۆڕشی گوڵان ئومێدی گەڕاندەوە"

2020-05-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی ڕێکخراوی تێکۆشەرانی شۆڕشی گوڵان دەڵێ، شۆڕش ئومێدی بۆ گەلی کورد گەڕاندنەوە و پیلانی دوژمنانی لەناو برد.

دلاوەر ئومەر، سەرۆکی ڕێکخراوی تێکوشەرانی شۆڕشی گوڵان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە درێژاییی ساڵانی شۆڕش گورزی گەورەی لە دوژمن وەشاند و ناچاری کرد پەنا بۆ دانوستان ببات و سەرئەنجام ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠ی لێ کەوتەوە، بەڵام کاتێک جارێکی دیکە ڕژێمی ئەوکاتی عێراق دەرفەتی بۆ هەڵکەوت ڕێککەوتنی خیانەتکارانەی دژی گەلی کورد و شۆڕش ئیمزا کرد.'

سەرۆکی ڕێکخراوی تێکوشەرانی شۆڕشی گوڵان دەڵێت: "ڕاستە ڕێککەوتنی شوومی جەزائیر شۆڕشی ئەیلوولی ڕاگرت بۆ ماوەیەک، بەڵام پارتی و بارزانی نەمر نەیھێشت پیلانی دوژمنان سەر بگرێت و لە ٢٦ی گوڵانی ١٩٧٦ بە ڕێبەرایەتی و ڕێنوێنیی بارزانی نەمر و بەشداریی کارای سەرۆک بارزانی دەستی پێ کرد."

دوای ڕێککەوتنامەی خیانەتکارانەی جەزائیر دژی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گەلی کوردستان، ڕژێمی بەعس کەوتە داگیرکاریی کوردستان و بە ھەزاران گوند وێران کران و دواتر قۆناغەکانی ئەنفال و ڕەشبگیری و لەناوبردنی میللەتی کورد بە دوایدا ھات، لەگەڵ ئەو ھێرشانەی دوژمن پێشمەرگەکانی شۆڕش بەردەوام گورزی کۆشندەیان لە ھێزەکانی دوژمن دەوەشاند و دەیان داستان و نەبەردی تۆمار کران.'

سەرۆک بارزانی لەبارەی ٤٤مین سالڕۆژی شۆڕشی گوڵاندا دوێنێ پەیامێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا ھاتووە: "بەرھەمی شۆڕشی گوڵان یەکڕیزیی ھێز و لایەنەکانی گەلەکەمان بوو بۆ ڕاپەڕین و فیدڕاڵی و فرەلایەنی و ھەڵبژاردن و بەرپابوونی دامودەزگەی ھەرێمی کوردستان کە ھەر ھەمووی دەستکەوتی گرانبەھان و بە خوێن و فرمێسک ھاتوونەتە دی. لە یادی چل و چوارەمین ساڵی شۆڕشی گوڵاندا جەخت لە پەیامی پێکەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان دەکەینەوە و خەڵکی کوردستانیش لەوە دڵنیا دەکەینەوە کە شۆڕش و خەبات و قوربانیدانیان بەفیڕۆ ناچێت."

دلاوەر ئومەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بە درێژاییی ساڵانی شۆڕشی گوڵان، دەیان پێشمەرگە گیانی خۆیان کردە قوربانی و بە ھەزاران پێشمەرگە و کادیری دیکەش بریندار بوون، بۆیە لەو یادە مەزنەدا سڵاو بۆ پێشمەرگە دەنێرین، ھەروەھا داوایەکیش ئاراستەی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتی و فراکسیۆنی پارتیمان دەکەین، کە پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستانەوە دەربکرێت بۆ ئەوەی مافەکانی پێشمەرگە دێرینەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی شۆڕشی گوڵان بە یاسایی بکرێن".

قائید میرۆ