هەواڵی کوردستان ئێستا

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان

ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان
ڕوونکردنەوەیەک لە بارەی قەرز و ئیلتیزاماتە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان

2020-05-26 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر-KDP. info-  لە چەند مانگی ڕابردوودا و لە چەندین بۆنەی جیادا بەڕێز سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بابەتی قەرزەکانی ھەرێم داوە و ڕوونی کردووەتەوە کە بەشێکی زۆری ئەو گوژمەیەی ئاماژەی پێدەکرێت، پاشەکەوتی مووچەیە و  دەچێتە خانەی ئیلتیزاماتی دارایی ھەرێم،  کە ھۆکارەکەشی نەناردنی بەشە بودجەی ھەرێم لە بەغداوە بووە . لە راستیشدا ئەو کوژمەیە دەبێتە ئیلتیزامی دارایی بەغداش بەرامبەر بە ھەرێم.

دوای ئەوەی لە دوا وتاری بەڕێزیان دیسان ئاماژە بەو بابەتە درا، ژمارەیەکی زۆر لە کەس و لایەنەکان کە تا ئێستا بێدەنگ بوونە، ھاتنە ئاخاوتن و ڕوونکردنەوەیان داوە کە ئەو قەرزانە بەشێکی زۆری پاشەکەوت و ئیلتیزامی داراییە. سوپاسی ھەموو ئەو کەس و لایەنانە دەکەین کە دواجار دانیان بەو ڕاستیانە دانا کە دەمێکە باسیان دەکرێت، مەبەستیان لەو نووسین و ڕوونکردنەوانە ھەرچی بێت، سەلمێنەری ئەوە بووە کە ئەو قەرز و ئیلتیزاماتانە ھەن و دەبێت واقعیانە مامەڵەیان لەگەل بکرێت.

وەک جەنابی سەرۆکی حکومەت بەڵێنیداوە کە لەگەڵ ھاووڵاتیانماندا شەفاف بین، بەڕێزیان (بەرێوەبەرایەتی بەرێوەبردن و ھەماھەنگی قەرزی گشتیی لە ئەنجوومەنی وەزیران) راسپاردووە ، تاکو لە زووترین کاتدا ڕاپۆرتێکی ورد لەسەر ھەموو قەرز و ئیلتیزاماتی دارایی حکومەتی ھەرێم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی ئاڕاستەی پەرلەمان و ڕای گشتیی ھەرێمیش بکرێت.

نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/5/26