English | عربي

ئێران ناڕاستەوخۆ وڵاتێک بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات


ئێران ناڕاستەوخۆ وڵاتێک بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات

2019/05/21 | 09:15

(هەواڵ كوردستان)-

 

بەرپرسێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران ناڕاستەوخۆ وڵاتێک بە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا تۆمەتبار دەکات.

حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە، سەرۆکی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، سعودیەی بە هەوڵدان بۆ هەڵکردنی ئاگری شەڕی وڵاتەکەی و ئەمریکا، تۆمەتبار کردووە.

حیشمەتوڵڵا فەلاحەتپیشە رایگەیاندووە، تۆپبارانکردنی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق بەشێکە لە سیاسەتەکانی سعودیە بۆ دروستکردی ”ئاڵۆزییەکی گەورە“ لە ناوچەکە.

ئێوارەی یەکشەممە 19-5-2019، چەند مووشەکێک لە نزیک باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا کەوتنە خوارەوە و پۆلیس رایگەیاندووە، مووشەکەکان لە گەڕەکی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی بەغدا، ئاراستەی باڵیۆزخانەکە کراون.

چەند هەفتەیەکە بارودۆخی نێوان ئەمریکا و ئێران زۆر ئاڵۆز بووە و ئەمریکا دەیان هەزار سەربازی لە عێراق خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و کەشتیگەلێکی گەورەی سەربازیشی ناردووەتە ئاوەکانی کەنداوی عەرەبی.

توندبوونی بارودۆخەکە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران دروست بوو و ئەمریکا چەندین سزای دارایی و ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند.

شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و  وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.

دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.

رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.

وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending