English | عربي

هۆشداری له‌ دۆخی كه‌ركووك و خانه‌قین ده‌درێت


هۆشداری له‌ دۆخی كه‌ركووك و خانه‌قین ده‌درێت

2019/05/21 | 23:40

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

هۆشداری لە دۆخی کەرکووك و خانەقین دەدرێت و خانەقینیەکانیش 23ی ئەم مانگەيان وه‌ك دوایین واده‌ بۆ چارەسەری کێشەکانیان دیاری كردووه‌.

نوێنەری هەردوولا هۆشداری دەدەن لە تێکچوونی تەواوی ناوچەکە.

لە سنوری مەخمووریش دروێنەکردنی گەنم و جۆ بە بڕیاری هێزە عێراقیەکان راگیرا، پەرلەمانی کوردستانیش بەڵگەکانی تەعریبکردن رادەستی کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان دەکات.

ده‌شتی دزه‌یی، نوێنه‌ری جووتیارانی كورد له‌ مه‌خموور، له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ كوردستان 24 ده‌ڵێت، دۆخه‌كه‌ زۆر هه‌ستیاره‌، له‌ ئێستادا كه‌ به‌ بڕیاری هێزه‌ عێراقییه‌كان دوورینه‌وه‌ی دانه‌وێڵه‌ راگیراوه‌، ئه‌گه‌ر دواتر بڕیر بدرێت ئه‌وان بدوورنه‌وه‌، ئه‌وا ئێمه‌ رێككاری تایبه‌تمان ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیش ده‌رچوو، ئه‌وا هه‌ر مه‌ترسییه‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌و كات عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان زه‌وییه‌كانمان بسووتێنن.

عه‌دنان مه‌نسوور، نوێنه‌ری خانه‌قینییه‌كانیش به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی یاداشتێك سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و تایبه‌ت به‌ كوردستان 24 دووپاتیكرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر به‌م شێوه‌یه‌ی ئێستا بێت، تا دێت دۆخه‌كه‌ ئاڵۆزتر ده‌بێت، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌دات، دوای رووداوه‌كانی 16 ئوكتۆبه‌ر تا ئێستا به‌هۆی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی، نزیكه‌ی 80 كه‌س له‌ شاری خانه‌قین شه‌هید كراون و زیاتر له‌ 150 كه‌سیش بێسه‌روشوێنن، وێڕای ده‌ربه‌ده‌ربوونی سه‌رووی 200 خێزانی كورد و نزیكه‌ی 40 گوندی كوردیش له‌ ده‌وروبه‌ری خانه‌قین چۆڵكراون.

دواجار لیژنەی ناوچە کوردستانیەکان بەڵگە و داتاکانی جووتیارانی لێوەرگرتن و بەڵێنی بەدواداچوونی کێشەکەیانى دا، ئەو لیژنەیە سەرجەم بەڵگەو داتاکان دەداتە کونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و حکوومەتی عێراق.

لای خۆشیه‌وه‌ لیزا فەلەکەدین کاکەيی، ئەندامی لیژنەی ناوچەکوردستانیەکان هۆشداری دەدات، لە تێکچوونی یەکجاری دۆخى کەرکووك و خانەقین.

تا دێت پرۆسه‌ی ته‌عریب و داگیرکاریەکان لەلایەن عەرەبە هاوردەکان لە کەرکووك و خانەقین فراوانتر دەبێت، پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوویش پاڵپشتیان دەکات، لە دواین بڕیاریشدا هێزە عێراقیەکان دروێنەکردنی گەنم و جۆیان لە مەخموور راگرت.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending