English | عربي

سەرکردەیەکی گۆڕان: ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و ڕاکان جبووری دۆخی کەرکووک ئاڵۆزتر دەکا


سەرکردەیەکی گۆڕان: ڕێککەوتنەکەی یەکێتی و ڕاکان جبووری دۆخی کەرکووک ئاڵۆزتر دەکا

2019/05/22 | 12:10

(هەواڵ كوردستان)-

سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان بەهۆی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارێزگاری ناشەرعیی کەرکووک، ئاشکرای کرد کە دۆخی شارەکە ئاڵۆزتر دەبێت و سەرسوڕمانی خۆشی لەوە دەربڕی کە چۆن یەکێتی ڕێککەوتن لەگەڵ ”کەسێکی شۆڤێنی“دا دەکات؟

 

نەسرەدین مەحمود، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی گۆڕان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ بە گشتی، بەدۆخێکی تەواو مەترسیداردا ھەنگاو دەنێت، جارێکی دیکە پرۆسەی تەعبیرکردن لەو ناوچانە دەستی پێکردووەتەوە و لە لایەن چەکدارەکانی داعش و عەرەبە شۆڤێنییەکانەوە کاری نەشیاو بەرامبەر هاووڵاتییانی کورد دەکرێت و دەغڵودانی کوردان دەسووتێنن، بۆیە ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی حزبی و شەخسی لەگەڵ ئیدارەی ناوچەکان، چارەسەری کێشەکان ناکات و جگە لە زیان، ھیچ سوودێکی بۆ کورد نییە“.

 

لەبارەی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و ڕاکان جبووری کە بەهۆیەوە یەکێتی رازی بووە تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان، راکان جبووری بە ناشەرعی و وەک بەرهەمی دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، سەرکردەکەی گۆڕان بۆ (باسنیوز) گوتی: ”ڕێککەوتنەکەی یەکێتی لەگەڵ ڕاکان جبووری، دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز دەکات و زەرەر بە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک دەگەیەنێت، چونکە ھەر ڕێککەوتنێکی نیشتمانی ئەگەر بەشێوەیەکی شەفاف کۆدەنگیی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی لەسەر نەبێت، ئەو ڕێککەوتنە دەچێتە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی شەخسی و سەفەقاتی بازرگانییەوە، بۆیە ئەگەر ھەر جۆرە ڕێککەوتنێکی ھاوشێوەی ڕێککەوتنەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەر بکرێت، کورد زەرەرێکی گەورە دەکات و دۆخی کەرکووک زیاتر ئاڵۆز دەکات، چونکە ئێستا دۆخی ئەمنیی کەرکووک ناسەقامگیرە و ئەو کوردانەی گەڕاونەتەوە بۆ کەرکووک، لەلایەن ڕاکان جبووریەوە ماڵەکانیان دەڕووخێنرێت“.

 

بە بڕوای نەسرەدین مەحموود، ڕاکان جبووری کەسێکی شۆڤێنییە، بۆیە ”ناکرێت ڕێککەوتن لەگەڵ کەسێکدا بکرێت کە شۆڤێنی بێت و مافی میللەتی کورد پێشێل بکات“.

 

راکان جبووری، لە سەردەمی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووکدا، جێگری پارێزگار بوو بۆ دیاریکردنی نرخی مۆلیدە، بەڵام دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری گرووپێکی نێو یەکێتی کە بەهۆیەوە کەرکووک ڕادەستی میلیشیاکانی عێراق کرا، راکان جبووری بە شێوەیەکی ناشەرعی پۆستی پارێزگاری کەرکووکی وەرگرت و لەو ساوە کەوتووەتە دژایەتیکردنی کورد، بەڵام لەم کارەدا یەکێتی پشتیوانی دەکات و لە ماوەی ڕابردووشدا دەیان تیرۆریستی بە مەبەستی رازیکردنی راکان جبووری، ئازاد کردووە کە دەستیان لە شەهیدکردنی پێشمەرگە و کارمەندانی ئاسایشی کەرکووکدا هەبووە.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending