هەواڵی کوردستان ئێستا

"پێویسته‌ حزبه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن"

"پێویسته‌ حزبه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن"

2020-05-27 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


سلێمانی- KDP.info -  چاودێرانی سیاسی ده‌ڵێن، ده‌بێ حزبه‌كان به‌پێی ئه‌و قورساییه‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسیی كوردستاندا هه‌یانه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ دابنیشن و گفتوگۆ بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی هه‌ركێشه‌یه‌كی هه‌بێت و هاوكار بن بۆ تێپه‌ڕاندنی قه‌یرانه‌كان.

فارس نه‌وڕۆڵی، چاودێری سیاسی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌م كاته‌ی ناوچه‌كه‌ و عێراق و كوردستانی پێدا تێ ده‌په‌ڕێت، زۆر هه‌ستیاره‌، له‌ مانگی ئاینده‌ ئه‌مەریكا خوێندنه‌وه‌ی نوێی بۆ عێراق ده‌بێت، پێشهاتی تازه‌ دێته ‌پێشه‌وه‌، بۆیه‌ كورد پێویستی به‌ یه‌كگوتاریی سیاسی هه‌یه‌ و چه‌ترێكی ئێستا لایه‌نه‌كان كۆ بكاته‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمە و، به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم‌ جددییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوتاری كورد یه‌ك بخات. به‌ ڕای من له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ ته‌واوی حزبه‌كان بكرێت و به‌بێ گرژی بڕۆنه‌ ناو كۆبوونه‌وه‌كە و ئه‌و واقعانه‌ بخوێننه‌وه‌ کە له ‌ئاست ده‌وڵه‌ته ‌گه‌وره‌كاندا ئێمه‌ لاوازین، ئه‌گه‌ر فریای خۆمان نه‌كه‌وین دوور نییه‌ ئه‌ڵقه‌ی ئێمه‌ بپسێنن بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكانی تر".

ئەو چاودێرە سیاسییە ده‌ڵێ: "دۆخی دارایی پێوه‌ندی به‌ ئابووریی جیهانییەوە هه‌یه‌، لە ساڵی 2014ـوە حكوومه‌تی عێراق بودجه‌ی كوردستانی بڕیوە و نرخی نه‌وتیش دابه‌زی و شه‌ڕی داعش به‌رۆكی گرتین، با ئێستا له‌بری ئه‌وه‌ی تواناكانمان بۆ لێدانی یه‌كتری به‌كار بهێنین، جیاوازییه‌كانمان ته‌جمید بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كورد له‌م قه‌یرانانه‌ ده‌ربازی ببێت".

پارتی په‌یامی بۆ حزبه‌كان ئه‌وه ‌بووه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ قسه‌ له‌سه‌ر ناكۆكییه‌كان بكرێت، نه‌وڕۆڵی ده‌ڵێ: "له‌ ڕاستیدا هه‌ر حزبێك ده‌ستی خێر درێژ بكات ده‌بێ لایه‌نه‌كانی تر ده‌ستی بۆ به‌رن، موباده‌ره‌كانی پارتی نوێ نییه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مێكدا پارتی پێی وایه‌ له‌ فه‌زایه‌كی ئارامدا ده‌توانین مومارەسه‌ی دیموكراسیانه‌ بكه‌ین، بۆیه‌ پارتی جددییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی گوتارێكی سیاسی یه‌كگرتووی كورد بۆ عێراق هه‌بێت".

نه‌زاكه‌ت حوسێن، شرۆڤه‌كاری سیاسی، به‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌م دۆخه‌ی له‌ كوردستان دروست بووه‌ له‌سه‌ر هه‌موو لایه‌كی فه‌رز ده‌كات به‌ ڕۆحی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن، نابێت مێزی گفتوگۆ و شوێنی به‌رپرسیاره‌تییه‌كان به‌جێ بهێڵدرێن، له‌ تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانەوە موخاته‌به‌ی یه‌كتری بكه‌ن، ناكرێت هیچ حزبێكی سیاسی له‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ خۆی به‌دوور بگرێت، كراسه‌كه‌ی خۆی بته‌كێنێت له‌وه‌ی ئه‌و بێبه‌شه‌ له‌ دۆخه‌كه،‌ كه‌م تا زۆر حزبه‌ سیاسییه‌كان له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی و حوكمڕانیی كوردستاندا به‌شدار بوونە".

"ئێستا كاتی ئه‌وه‌ نییه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت چی ڕووی دا و بۆچی ڕووی دا، كاتێك ته‌شخیسی هۆكار كراوه،‌ ئێمه‌ له‌ قه‌یرانداین، لەبەردەمی مه‌ترسیی قه‌یرانی ئابووری و ته‌ندروستی و سیاسیداین، له‌به‌رده‌می مه‌ترسیی گه‌وره‌ی سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌كه‌مانین، ده‌بێ قسه ‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكرێت چی بكرێت بۆ چاره‌سه‌ر، حزبه‌كان چۆن به‌شدار بوون له‌ حوكمڕانیدا، ده‌بێ ئاواش به‌ ڕۆحی به‌رپرسیاری و نه‌ته‌وه‌ییەوە له‌ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م دۆخه‌ به‌شدار بن.' نه‌زاكه‌ت حوسێن وای گوت.

سه‌رۆك بارزانی داوای له‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كردووه‌ له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان بده‌ن، له‌وبارەیەوه‌ دكتۆره‌ نه‌زاكه‌ت حوسێن گوتی: "ده‌كرێ ئێستا ئاشتبوونه‌وه‌یه‌كی نیشتمانی ڕابگه‌یه‌ندرێت، كاتی بانگه‌شه‌ی ئاشتییه‌ له‌ژێر چه‌ترێكدا، با حزبه‌ سیاسییه‌كان و ئەو به‌رپرسانەی له‌ ئاستی به‌رپرسیاره‌تیدان، به‌پێی به‌رپرسیاره‌تییان هه‌وڵی چاره‌سه‌ری بده‌ن و دانوستان بكه‌ن و ململانێكان وه‌لاوه‌ بنێن و كیانی كوردستان بپارێزن".

عه‌زیز ڕه‌سووڵ