English | عربي

60%ی کارگەکان کار ناکەن رەوشی پیشەسازی لە عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر


60%ی کارگەکان کار ناکەن رەوشی پیشەسازی لە عێراق لە خراپەوە بۆ خراپتر

2019/05/23 | 15:35

(هەواڵ كوردستان)- وەزارەتی پیشەسازیی عێراق: زیاتر لە 10 هەزار کارگە داخراون

لەگەڵ ئەوەی عێراق لەو وڵاتانەیە کە یەدەگی نەوتی زۆرە و شوێنی لەنێو وڵاتە نەوتفرۆشەکانی جیهاندا دیارە، بەڵام تا دێت دۆخی ئابووریی عێراق بەرەو خراپتر دەچێ، ھۆکاری سەرەکییش دەگەڕێتەوە بۆ ھێنانی سەرجەم پێداویستییەکان لەدەرەوە، کە بووەتە ھۆی داگیرکردنی تەواوی بازاڕ و داخستنی زۆربەی کارگە ناوخۆییەکان.

بەپێی داتاکان، عێراق لە ساڵی 2018 بە بڕی 11 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ئێران کردووە، ھاوکات چین بە بڕی 21 ملیار دۆلار شمەکی ھەناردەی عێراق کردووە، تورکیاش مەبەستی وایە ساڵی 2019 بەهای ھەناردەی بۆ عێراق لە 16 ملیارەوە بۆ 20 ملیار دۆلار بەرز بکاتەوە.

ئابووریناسان پێیان وایە، ھۆکاری خراپیی ژێرخانی ئابووریی عێراق بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، شمەکی دەرەکی ھەرزانتر دەست دەکەوێت لە شمەکی ناوخۆ و ئەوەش بووەتە ھۆی داخستنی زۆربەی کارگە ناوخۆییەکان.

محەمەد شەیاع سوودانی، وەزیری پێشووی پیشەسازی ئاشکرای کردووە، 60%ی کارگە خۆماڵییەکانی عێراق داخراون و کار ناکەن.

ئەو بەرپرسە پێی وایە، عێراق نغرۆی کاڵای وڵاتان بووە، بە تایبەت کاڵای ئێرانی، گوتی: "یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی بازاڕەکانی عێراق ئەوەیە کە لە کەلوپەل و شمەکی هاوردەکراوی وڵاتانی ناوچەکەدا نوقم بووە، بۆیە 60%ی کارگەکانی عێراق کار ناکەن و بەرهەمیان نییە".

روونیشی کردووەتەوە، 13 ملیار دۆلار بۆ پلانی وەبەرهێنان تەرخان کرا، بەڵام لەگەڵ ئەوەی 40%یان لە ڕووی ئابوورییەوە بێ سوودن، بایەخیش بە کەرتە پیشەسازییە سەرەکی و گرنگەکانیش نەدراوە، گوتیشی: "بازرگانەکان سوودیان لە هەندێک بڕگەی یاسای بودجە و پشتیوانیی دەوڵەت لە ئیمزاکردنی گرێبەستەکاندا وەرگرتووە، بۆئەوەی لە بەرژەوەندیی خۆیان بکەوێتەوە".

ئاماری جیاواز لەسەر داخستنی کارگەکانی عێرق هەیە، بەپێی ئاماری وەزارەتی پیشەسازیی عێراق، لە ساڵی 2003ەوە تاوەکوو ساڵی 2018، زیاتر لە 10 هەزار کارگە لە عێراقدا داخراون، بەڵام ئاژانسی هەواڵی (یەقین)ی عێراقی ئاشکرای کردووە، 91 هەزار کارگەی حکوومی و تایبەت لە عێراق داخراون.

وەزارەتی پیشەسازی پێی وایە، داخستنی ئەو هەزاران کارگەیە، بەهۆی لێشاوی هاوردەکانی کاڵای بیانی بووە بۆ وڵاتەکە.

سالم فەرهوود، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق، بە (باس)ی راگەیاند، پیشەسازی و بەرهەمی ناوخۆیی لە دۆخێکدایە کەس ئیرەیی پێ نابات، گوتی: "بەرهەمی نیشتمانی لە پاشەکشەدایە، حکوومەت گرنگیی بە کەرتی تایبەت و پیشەسازیی ناوخۆیی نادات، بازاڕەکان پڕ بوونە لە کاڵای بیانی".

روونیشی دەکاتەوە، کۆنیی یاساکان و نەبوونی هاوکاری بۆ کارگەکان و رێگری نەکردن لە کاڵای بیانی، هۆکاری لەناوچوونی بەرهەمی خۆماڵی ومایەپووچبوونی کارگەکانە.

د.

عەلی کازم، شارەزای کەرتی پیشەسازیی عێراق بە (باس)ی راگەیاند: "بەرپرسانی حکوومەت پاشەکشەی کارگەکانی کەرتی پیشەسازی بۆ هەندێک هۆکاری وەک لایەنی ئەمنی و سیاسی دەگێڕنەوە، بەڵام لە راستیدا هۆکاری راستەقینەی پاشەکشەی کەرتی پیشەسازی لە عێراق، نەبوونی پلان و بەرنامەیەکە بۆ گەشەپێدانی کەرتی پیشەسازی".

عەلی کازم روونیشی کردەوە، رۆژ بە رۆژ کارگەی زیاتر دادەخرێن، ئەو کارگانەش دانەخراون، ئاستی بەرهەمەکانیان بەتەواوی دابەزیوە و حکوومەت بەتەنگەوەهاتنێکی نییە و نازانێت یان نایەوێت چارەسەری کێشەکە بکات.

پاشەکشەی بەردەوامی کەرتی پیشەسازی لە عێراق، هۆکار بووە لە هەڵکشانی رێژەی بێکاری لەو وڵاتەدا، لەکاتێکدا داتاکانی دەستەی ئامار و سەرژمێریی عێراق ئەو زانیارییە پشتڕاست دەکەنەوە.

بەگوێرەی رووپێوێکی دەستەی سەرژمێریی عێراق، لە ماوەی ساڵی 2012دا، بەدیاریکراوی 146 هەزار و 210 کرێکار لە کارگە پیشەسازییە بچووکەکاندا کاریان کردووە، بەڵام لە ساڵی 2015دا، ژمارەکە بۆ تەنیا 67 هەزار و 157 کرێکار لە کورتیی داوە، ئەوەش دابەزینێکە بە رێژەی زیاتر لە 50%ی ژمارەی کرێکارانی کارگە پیشەسازییە بچووکەکان لە عێراقدا.

تا پێش داگیرکردنیان لەلایەن داعشەوە، سەرووی 6 هەزار کارگەی بچووکی پیشەسازی لە پارێزگاکانی مووسڵ، سەڵاحەدین و ئەنبار هەبوون، بەڵام وەک راپۆرتە فەرمییەکان دووپاتی دەکەنەوە، لەگەڵ شەڕی داعش زۆرینەی ئەو کارگانە لەناو چوون.

د.

شێروان هادی، پسپۆڕ لە بازرگانیی نێودەوڵەتی روونی دەکاتەوە، کەرتی پیشەسازی لە سەرتاسەری عێراقدا بەرەو پووکانەوەیە: "ئەوەش بەهۆی نەبوونی ژێرخانی یاسایی پێویست، هاوکات نەبوونی هەلومەرجێکی سەقامگیر لە رووی سیاسی و ئەمنییەوە، ئەوە جگە لەوەی ئەو کەرتە بەبێ‌ بەرنامەیەکی تۆکمە لەلایەن دەوڵەتەوە، گەشە ناکات".

ئاراس رەئووف، بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازی لە وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، بەرهەمێکی زۆری ناوخۆیی کوردستان لە بواری خانووبەرە و خۆراک و ماددەی کمیایی هەیە و 70%ی ئەو بەرهەمانە دەنێردرێنە ناوچەکانی تری عێراق، گوتی: "ساڵانە 10 ملیۆن تەن چیمەنتۆی کوردستان بۆ ناوەڕاست و باشووری عێراق دەڕوات، چەندین بەرهەمی تری خۆراکی و پلاستیکیش دەنێردرێن، لە کاتێکدا دەبوو عێراق ئەوە بۆ ناوخۆیی خۆی دابین بکات، بەڵام بەهۆی خراپیی پیشەسازییەوە نەکراوە".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending