هەواڵی کوردستان ئێستا

فرسەت سۆفی: رێگەنادەین لەژێر هیچ ناونیشانێک ئارامیی هەولێر تێکبدرێت

فرسەت سۆفی: رێگەنادەین لەژێر هیچ ناونیشانێک ئارامیی هەولێر تێکبدرێت
فرسەت سۆفی: رێگەنادەین لەژێر هیچ ناونیشانێک ئارامیی هەولێر تێکبدرێت

2020-05-28 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- پارێزگاری هەولێر رایدەگەیێنێت، هەولێر ناوەندێکی سیاسی، ئابووری و بازرگانیی گەورەیە لە عێراق و ناوچەکە، "رێگەش نادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات". 

پارێزگاری هەولێر زنجیرەیەک سەردانی بۆلای لایەنە سیاسییەکان لە هەولێر دەستپێکردووە و لە میانی سەردانی بۆ مەڵبەندی سێی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی رۆژنامەنووسانی دایەوە و باسی ڤایرۆسی کۆرۆنا و پاراستنی سەقامگیریی هەولێری کرد. 

فرسەت سۆفی رایگەیاند، "پێویستە ئیدارەی پارێزگا و هەموو لایەنە سیاسییەکان سەقامگیری و ئاسایشی هەولێر و هەرێمی کوردستان وەکو چاوی خۆیان بپارێزن. رێگەنادەین هیچ کەسێک لەژێر هیچ تایتڵێت و خۆشاردنەوە لەژێر هیچ ناونیشانێک سەقامگیریی ئەم شارە تێکبدات". 

پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەشدەکات، باوەڕی تەواویان بە ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان هەیە "بەڵام ئەوەش کات و سات و میکانیزمی خۆی هەیە". 

فرسەت سۆفی هۆشداری دەدات کە هەر کەسێک و هەر لایەنێک، ناوخۆیی یان دەرەکی بێت و "بیەوێت ئارامیی پایتەختی هەرێمی کوردستان تێکبدات، ئێمە رێکاری یاسایی پێویست دەگرینەبەر.. هێز و لایەنە سیاسییەکانیش هەموو پشتیوانمانن". 

لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پارێزگاری هەولێر داوای لە هاونیشتمانیان کرد کە خۆیان بپارێزن، گوتی "پێشبینی دەکرێت ژمارەی تووشبووان زیاتر ببێت. هاونیشتمانیان پێویستە لە ماڵەکانی خۆیان خۆیان بپارێزن، چونکە ئەرکەکە ئێستا لەسەر ئەوانە". 

لەبارەی کردنەوەی بازاڕەکانیش، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، لەنێوان دوو دۆخی دژ بە یەکدابووین، نەدەکرا لەوە زیاتر دووکان و بازاڕ و کاروکاسبی خەڵک رابگرین، "چونکە برسیەتیش هیچی لە کۆرۆنا کەمتر نییە.. بەڵام ڤایرۆسەکەش وەکو ئەوە نییە کە کۆمەڵێک کەس پێیان وایە مەترسیدار نییە، بەڵکو ڤایرۆسێکی مەترسیدارە و ئێستا مەترسیی بڵاوبوونەوەکەی زیاترە".