English | عربي

پەرلەمانتارێک: بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان لەلایەن عێراقەوە زیاد دەكرێت


پەرلەمانتارێک: بڕی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان لەلایەن عێراقەوە زیاد دەكرێت

2019/05/25 | 09:20

(هەواڵ كوردستان)-

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رای دەگەیەنێت حكوومەتی عێراق بڕی ئەو گەنمەی زیاد كردووە كە بڕیار بوو بۆ ئەمساڵ لە جووتیارانی هەرێمی كوردستانی وەربگرێت.

 

محمەمەدئەمین فارس، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە لێژنەی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "دوای هاتنی پەرمانتارانی كوردستان بۆ بەغدا كۆبوونەوەیەكمان ئەنجام دا و گەیشتینە ئەو بڕوایەی داوای زیادكردنی ئەو بڕە بكەین كە بڕیارە  ئەمساڵ لە جووتیارانی هەرێم وەربگیرێت، لە كۆبوونەوەشمان لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق  پێشنیازمان كرد ئەو بڕە زیاد بكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی بەهێزە بۆ بەرهەمهێنانی گەنم، چۆن دەكرێت لەگەڵ پارێزگاكانی دیكەی ناوەڕاست و خواروو بەراورد بكرێت؟ وەك چۆن هەولێر لەگەڵ بەسرە حیساب ناكرێت بۆ بەرهەمهێنانی خورما".

 

راشی گەیاند" وەزیری كشتوكاڵی عێراق پێشنیازەكەی پەسەند كردووە و بڕیاری دا ئەو بڕە زیاد بكرێت كە بۆ ئەمساڵ دیاری كراوە، بۆیە منیش داوام لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان كردووە داتامان پێ بدەن بۆ ئەوەی میكانیزمێك دابنێین بۆ زیادكردنی بڕی گەنمەكە".

 

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش كرد: "حكوومەتی عێراق رای گەیاندبوو بۆ ئەمساڵ دەتوانێت تەنها (340) هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێم وەربگرێت، ئەوە لە كاتێكدایە بەرهەمی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە (700) هەزار تۆن گەنم و بگرە زیاتریشە".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending