هەواڵی کوردستان ئێستا

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

2020-05-29 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی مەترسیی تەشەنەکردنی زیاتری پەتای کۆرۆنا پەیامێکی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی پەیامەكەیە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

مەترسیی پەتای کۆڕۆنای نوێ (کۆڤید-19) زۆر جیددیە و لەم ڕۆژانەدا بە هۆی سستیی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان ، خەریکە ئەم پەتایە دیسان بە خێرایی بڵاودەبێتەوە.

ئێمە لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایەدا، داوامان لە هاووڵاتییانی خۆشەویست کرد، کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و سوپاسیشتان دەکەم، کە پابەند بوون و بە شێوەیەکی زۆر باش ڕێگە لە بڵاوبوونەوەی پەتاکە گیرا و ئەم سەرکەوتنە بووە جێگەی باس و سەرنجی زۆر وڵات و رێکخراوی نێوەدەوڵەتی.

بەڵام بەداخەوە ئێستا ئەم پابەندبوونە سستیی تێکەوتووە، هەندێ لایەنیش هەوڵی بە سیاسیکردنی ئەم هەوڵانەی حکومەتیان داوە و ویستوویانە رێنماییە تەندروستییەکان بێ نرخ و بێ سوود پێشان بدەن و بەداخەوە ژیانی ھاووڵاتیانیان بۆ خزمەتی ئامانجە سیاسییەکانیان خستووەتە مەترسییەوە. ئێستا ئەوانەی کە دژ بە ڕێنماییەکانی تەندروستی هەڵسوکەوتیان کردووە و خەڵکیان هان دەدا پابەندی رێنماییەکان نەبن، دەبێت بەرپرسیاریەتی خستنە مەترسیی گیان و تەندروستیی ئەم خەڵکە بگرنە ئەستۆ و کۆتایی بە یاری کردن بە ژیانی خەڵک بێنن.

من جارێکی دیکە داوا لە هەموو خوشک و برا هاونیشتمانیەکانم دەکەم پابەندی رێنماییە تەندروستیەکان بن و تەندروستیی خۆیان و کەسوکاریان و خەڵکی تریش، لە ژێر کاریگەریی ئەو پرۆپاگەندانە مەخەنە مەترسییەوە.

سەلامەتیی ئێوە بۆ ئێمە لە هەموو شتێک گرینگترە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان

2020/5/29