English | عربي

ئێران پێشنیازی واژۆكردنی به‌ڵێننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات


ئێران پێشنیازی واژۆكردنی به‌ڵێننامه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو ده‌كات

2019/05/26 | 18:25

(هەواڵ كوردستان)- K24- هه‌ولێر:

محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران راگه‌یاند، وڵاته‌كه‌ی پێشنیازیكردووه‌، له‌گه‌ڵ وڵاتانی كه‌نداو به‌ڵێننامه‌یه‌ك واژۆ بكه‌ن، كه‌ هیچ لایه‌نێك دژایه‌تی ئه‌وی دیكه‌ نه‌كات.

به‌گوێره‌ی ئاژانسی رۆیته‌رز، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، هاوتا عێراقیه‌كه‌ی، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، تاران نیازی هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م وڵاتانی كه‌نداو بگه‌یه‌نێته‌وه‌ ئاستێكی باش.

هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "ناردنی هێزی سه‌ربازی زیاتر له‌ لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوای تۆمه‌تباركردنی تاران له‌ لایه‌ن واشتنتنه‌وه‌ به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر كه‌شتییه‌ نه‌وتییه‌كان له‌ ناوچه‌كه‌، ئاماژه‌یه‌كی زۆر مه‌ترسیداره‌ و هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاشته‌وایی نێوده‌وڵه‌تی".

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، "له‌ دژی رێككاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا دژ به‌ ئێران پشتگیری كۆماری ئیسلامی ده‌كه‌ین".

حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌، "به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت عێراق هه‌وڵ ده‌دات له‌گه‌ڵ ئێران بوه‌ستێت و رێككاره‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌ت ده‌كاته‌وه‌".

گوتیشی: "له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی ده‌رچه‌یه‌ك بۆ گرژییه‌كانی نێوان تاران و واشنتن له‌ په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام داین".

روونیشیكرده‌وه‌، "عێراق به‌شداری له‌ هه‌ردوو لووتكه‌ی عه‌ره‌بی و ئیسلامی له‌ عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ ده‌كات".

سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ش كه‌ له‌ دیداره‌كه‌یدا له‌گه‌ڵ زه‌ریف گفتوگۆیان له‌باره‌یه‌وه‌ كردووه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق گوتی: "له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆمان له‌باره‌ی ژماره‌یه‌ك پرس كردووه‌، له‌وانه‌ش هاوكاری دوولایه‌نه‌ له‌ نێوان به‌غدا و تاران، ئاڵوگۆرڕی بازرگانی، پڕۆژه‌ی هێڵی شه‌مه‌نده‌فه‌ر و درووستكردنی شاری پیشه‌سازی".

ئێواره‌ی دوێنێ، محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ به‌غدا و هه‌ر دوێنێش له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كۆبووه‌وه‌، ئه‌مڕۆش له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د عه‌لی حه‌كیم، هاوتا عێراقییه‌كه‌ی كۆبووه‌وه‌، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شیان له‌ شاری به‌غدا سازكرد.

ئه‌م سه‌دانه‌ی زه‌ریف له‌ كاتێكدایه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سزای نوێی ئابووری به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاند، گرژی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران گه‌یشتووه‌ته‌ لێواری ته‌قینه‌وه‌، بۆ خۆ ده‌رباسكردنیش له‌و سزایانه‌، تاران هه‌وڵ ده‌دات په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێكی زۆر باش.

H.B








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending