وەزیری تەندروستی: ئەمڕۆ كۆدەبینەوە و هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵكدا بێت دەیدەن
هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە هۆی دوو هۆكار ژمارەی نەخۆشانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە زیادبووندایە، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزارەت لەوبارەیەوە كۆدەبێتەوە و هەر بڕیارێك لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا بێت، دەیدەن.
د. سامان بەرزنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام دەدەین بۆ پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی رێكاری نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا، چونكە ماوەیەكە ئەو نەخۆشییە زیادی كردووە و حاڵەتی زۆر تۆمار دەكرێن".
بەرزنجی گوتیشی: "دوو هۆكار بوونەتە هۆی ئەوەی ئەو حاڵەتە زۆرانە جارێكی دیكە تۆمار بكرێن و جارێكی دیكە نەخۆشییەكە سەرهەڵداتەوە، ئەوانیش تۆماركردنی ئەو ژمارە زۆرەی لە بەغدا تۆمار كراون و، هۆكاری دووەمیش پابەندنەبوونی خەڵكە بە رێنماییەكان".
وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە: "لە ئێستادا بەهۆی هەڵكشانی ژمارەی حاڵەتەكانەوە، مەترسیی نەخۆشیی كۆرۆنا زیاتر بووە، بۆیە ئێمە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام دەدەین و هەر بڕیار و رێكارێك لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیاندا بێت، دەیدەین، بەڵام لە كاتی ئێستادا ئەوەی لە هەمووی گرنگترە هاووڵاتی پابەندی رێنماییەكان بێت و پێویستە خۆی ئەو رێكار و ئەركانە بگرێتە ئەستۆ، چونكە خۆپاراستن لە هەموو شتێك باشترە".
دەشڵێ: "چەندین جۆر نەخۆشمان هەن، هەیە تەنها هەڵگرە و هەشە نیشانەی هەیە و هەشە پێویستی بە ئامێری هەناسەی دەستكردە، گرنگ ئەوانەی هەن، نەخۆشی كۆرۆنان".
بڵند ئیبراهیم