English | عربي

مامۆستایەکی زانكۆی دیجلە لە ئامەد: قه‌ندیل نایه‌ڵێت مانگرتن له‌ خواردن كۆتایی پێ بێت


مامۆستایەکی زانكۆی دیجلە لە ئامەد: قه‌ندیل نایه‌ڵێت مانگرتن له‌ خواردن كۆتایی پێ بێت

2019/05/27 | 16:05

(هەواڵ كوردستان)- "هه‌ولێر کارا‌كته‌رێكی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد له‌ توركیا و سووریا"

ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان، ساردیی خسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نكه‌را، به‌ڵام ئێستا په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و ئاساییبوونه‌وه‌ ده‌چن و هه‌ردوو لا گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی کە ده‌بێ له‌ یه‌كتری نزیك ببنه‌وه‌.له‌ توركیا مانگرتن له‌ خواردن له‌ زیندانه‌كانی توركیا راگه‌یه‌ندراوه‌ و گیانی هه‌زاران گه‌نجی كورد له‌ مه‌ترسیدایه‌، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ پرسی چاره‌سه‌ری هه‌ر له‌ناو سه‌لاجه‌یه‌ و ده‌رنه‌هێنراوه‌، بابه‌تی سووریاش رۆژه‌ڤی هه‌موو وڵاتانی ناوچه‌كه‌یه‌.

بۆیه‌ رۆژنامه‌ی (باس) دیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و مامۆستای زانكۆ له‌ زانكۆی دیجله‌ له‌ ئامه‌د، له‌گه‌ڵ وهاب جۆشكون کرد.

ئه‌و یه‌كێك بووه‌ له‌و نووسه‌رانه‌ی پشتگیرییه‌كی ته‌واوی له‌ ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان كرد.

(باس) حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕدرێت، له‌گه‌ڵ گۆڕینیشیدا كه‌سایه‌تییه‌كانیش ده‌گۆڕێن، ئه‌مه‌ له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ولێر و ئه‌نكه‌را چۆن ره‌نگ ده‌داته‌وه‌؟وهاب جۆشكون: پێشتر به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی هه‌بوون، به‌ڵام له‌سایه‌ی بوونی كورددا ئیدی ئه‌كته‌ره‌ گه‌نجه‌كان هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان و سیاسه‌ت ده‌كه‌ن.

نموونه‌، له‌ سیاسه‌تی كوردستاندا نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان، كه‌ دوو سیاسیی گه‌نج و به‌توانان.

هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران دیاری ده‌كات، به‌ڵام پێویسته‌ له‌ناو‌خۆی خۆیدا به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ئابووریی خۆی و سێكته‌ری ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ به‌ره‌و پێش ببات، ئێمه‌ بینیمان له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپی تیرۆرستیی داعش و داگیركردنی كه‌ركووكدا، چۆن هه‌وڵ درا هه‌رێمی كوردستان پارچه‌ پارچه‌ بكه‌ن و له‌ناوی ببه‌ن.

(باس) توركیا په‌شیمانه‌ له‌و هه‌وڵوێسته توندە‌ی به‌رامبه‌ر به‌ ریفراندۆم؟ یاخود ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كانی ته‌نیا له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان باش بكاته‌وه‌؟وهاب جۆشكون: له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ توركیا ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان نواند، به‌ راده‌یه‌كی زۆر كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر توند و زیاده‌ڕۆیی بوو، چونكه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تێك بدات، له‌ لایه‌كی تریشه‌وه بووه‌ هۆكاری ئه‌وه‌ی كورده‌كانی ناو توركیا بتۆرێنێت و تووڕه‌یان بكات.

بۆیه‌ ئێستا به‌شێكی زۆری ناو حكوومه‌ت له‌و بڕوایه‌دان، پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ چاك بكه‌نه‌وه‌، بۆیە تورکیا ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كان ئاسایی بكاته‌وه‌.

(باس) ده‌نگۆ هه‌یه‌ كه‌ هاكان فیدان، سه‌رۆكی میتی توركی له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا ئۆجه‌لاندا له‌ ئیمیڕاڵی كۆ بووه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌ت باخچه‌لی، سه‌رۆكی مه‌هه‌په‌ گوتی، پێویسته‌ رێگه‌ بدرێت پارێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لان بچنه‌ ئیمیڕاڵی و بیبینن، ئه‌مه‌ چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت؟وهاب جۆشكون: وای بۆ ده‌چم له‌نزیكه‌وه‌ په‌یوه‌ندیی به‌ سووریاوه‌ هه‌یه‌، چونكه‌ له‌ سووریادا رووسیا و ئه‌مەریكا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك رێگه‌ ناده‌ن توركیا هێرش بكاته‌ سەر رۆژهه‌ڵاتی فورات، هه‌روه‌ها هه‌ردوو وڵات له‌باره‌ی بوونی كورده‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ و هه‌روه‌ها جیاكردنه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌ك بۆ كورد رای خۆیان به‌یان كردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌ستووره‌ی رووسیا بۆ سووریای نووسیوه‌، ئه‌و پرسه‌ی ئاماژه‌ پێ كردووه‌ و نییه‌تی ئه‌مەریكاش ئاشكرایه‌.

توركیاش له‌سایه‌ی رووسیاوه‌ هاتووه‌ته‌ ناو سنووری سووریا و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی خستووه‌ته‌ ژێر ركێفی خۆی، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ سوپای سووریای دیموكراتدا په‌یوه‌ندی هه‌یه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی كردووه‌، پێشتر پێشنیاری له‌و شێوه‌یه‌ بۆ توركیا كراوه‌ ،كه‌ له‌گه‌ڵ یه‌په‌گه‌شدا رێك بكه‌وێت یان گفتوگۆ بكات، بۆیه‌ نزیكبوونه‌وه‌ هه‌یه‌.

(باس) پێشتر توركیا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، بابه‌تی سووریای ده‌هێنایه‌ به‌رباس و ئه‌وێی كردبووه‌ مه‌رج، ئەی ئێستا؟وهاب جۆشكون: له‌ 2015 پرسی چاره‌سه‌ری به‌ سووریاوە به‌سترایه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وكات رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ قۆناغێكی زۆر گرنگدا تێده‌په‌ڕی و هاوكێشه‌كان سه‌رله‌نوێ دروست ده‌كرانه‌وه‌، توركیاش ویستی له‌ كاتی سه‌رله‌نوێ دروستكردنه‌وه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا به‌ هێزه‌وه‌ خۆی ده‌ربخات و ده‌ستكه‌وت به‌ده‌ست بهێنێت.

كاتێك قۆناغی تازه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ سووریاوه‌ سه‌ری هه‌ڵدا، توركیا جموجۆڵه‌كانی ده‌ست پێ كرد و پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كوردی به‌ سووریاوه‌ به‌سته‌وه‌، به‌ڵام ئێستاش هه‌ر به‌هۆی په‌یوه‌ستبوونی ئه‌و پرسه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی كورد، پرسه‌كه‌ داڕووخا.

كاتێك ده‌وڵه‌ت و په‌كه‌كه‌ له‌باره‌ی سووریاوه‌ نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن و نه‌یانتوانی بگه‌نه‌ خاڵی رێككه‌وتن، ئیدی پرسی چاره‌سه‌رییش كۆتایی پێ هات، بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر بڕیار بێت پرسی چاره‌سه‌ری بێته‌وه‌ به‌رباس، پێویسته‌ هه‌ردوو لا له‌باره‌ی سووریاوه‌ بگه‌نه‌ خاڵی رێككه‌وتن.

(باس) له‌ ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نكه‌را و رۆژئاوا، هه‌ولێر رۆڵی ده‌بێت؟وهاب جۆشكون: هه‌ولێر کارا‌كته‌رێكی گرنگه‌ و پێشتریش هه‌ر گرنگ بووه‌، چونكه‌ پێشتر به‌رده‌وام بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و پرسه‌ رۆڵی هاندان و پشتگیریی پرسه‌كه‌ی گێڕاوه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین جاریش گوتوویانه‌، هه‌ر رۆڵێك به‌وان بدرێت بۆ ئه‌و پرسه‌ لێی راناكه‌ن و به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌توانن رۆڵه‌كه‌یان ببینن، بۆیه‌ پێم وایه‌، له‌ ئه‌گه‌ری نزیكبوونه‌وه‌ی رۆژئاوا و ئه‌نكه‌را، هه‌ولێر ئاماده‌یه‌ رۆڵی باش بگێڕێت و ببێته‌ نێوه‌ندگیری هه‌ردوو لا.وای ده‌بینم ئه‌نكه‌را و هه‌ولێر ده‌یانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌كوو سه‌رده‌می پێش ریفراندۆم لێ بكه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كه‌ بگاته‌وه‌ ئه‌و ئاسته‌، ئه‌وكات هه‌ولێر شانسی زیاتر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پرسی رۆژئاوا و توركیادا رۆڵی گرنگی پێ بدرێت.

(باس) پێشتر له‌ بۆچوونێكتدا ئاماژه‌ت دابوو، ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت به‌ مانگرتنی ئه‌و گه‌نجانه‌ی زیندان بۆ گۆشه‌گیركردنی ئۆجه‌لان بمرن، ئایه‌ ده‌وڵه‌ت ده‌یه‌وێت ئه‌و گه‌نجانه‌ بمرن؟وهاب جۆشكون: به‌ڵێ ده‌یه‌وێت، ئێستا ده‌یان گه‌نج مانیان له‌ خواردن گرتووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ژیانی ئه‌ندام په‌رله‌مانێكیش به‌ هۆی مانگرتن له‌ مه‌ترسیدایه‌ و 3 ئه‌ندام په‌رله‌مانی تریش هاتنه‌ ریزی ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌، ئه‌گه‌ر بێت و خوا نه‌كات ئه‌و ئه‌ندام په‌رله‌مانانه‌ شتێكیان به‌سه‌ر بێت، ده‌وڵه‌تی توركیا له‌ن او‌خۆ و له‌ده‌ره‌وه‌ی توركیا دووچاری كێشه‌ی زۆر گه‌وره‌ ده‌بێته‌وه‌.

له‌كاتێكدا هیچ وڵاتێك به‌هۆی ئه‌و بابه‌تانه‌وه‌ خۆی ناخاته‌ ناو كێشه‌یەكی وا گه‌وره‌وه‌ له ‌ناوخۆ و له‌ ده‌ره‌وه‌دا، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بیویستایه‌ مانگرتنی له‌ خواردن كۆتایی پێ ده‌هێنا.

ئه‌گه‌ر بێتوو به‌هۆی ئه‌و گۆشه‌گیرییه‌ی خراوه‌ته‌ سه‌ر ئۆجه‌لانه‌وه‌ باری ته‌ندروستیی تێك بچێت و به‌ره‌و خراپی بڕوات، ئیدی ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت و بۆ ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌ كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌، به‌ڵام دیاره‌ ده‌وڵه‌ت نایه‌وێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌یه‌ هیچ دانوستاندنێك بكات.

لێره‌دا ده‌وڵه‌ت، كه‌ رێگه‌ی داوه‌ پارێزه‌ره‌كانی ئۆجه‌لان ببینن، به‌ڵام ده‌بینین مانگرتن هه‌ر به‌رده‌وامه‌، ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات كه‌ ئیراده‌ی قه‌ندیل زاڵه‌ به‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت مافی ئۆجه‌لان له‌ زینداندا جێگیر بكرێت، چونكه‌ كێشه‌ی ئۆجه‌لان كێشه‌ی ئه‌و مافه‌ یاساییانه‌یه‌، كه‌ لێی وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌.

(باس) ئه‌مەریكا سزای ئابووریی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پاندووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا ده‌نگۆ هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت جه‌نگی له‌ دژ به‌رپا بكات، ئه‌مه چ کاریگەریی هەیە لەسەر کوردستان‌؟وهاب جۆشكون: ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ وڵاتانی هه‌موو ناوچه‌كه‌ مه‌ترسیی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌مەریكا به‌رده‌وام بێت له‌و سیاسه‌ته‌ی ئێستا به‌رامبه‌ر به‌ ئێران گرتوویه‌تییه‌ به‌ر، ئه‌وكات وڵاتانی ناوچه‌كه‌ وه‌كوو عێراق و كوردستان و توركیا ده‌بێت خۆیان یه‌كلایی بكه‌نه‌وه‌ و لایه‌نێك هه‌ڵبژێرن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش باس بكرێت كه‌ سیاسه‌تی دۆناڵد ترامپ له‌ هه‌موو ئان و ساتێكدا گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، بۆیه‌ ئێستا چه‌ند توند و داكۆكیكار بێت به‌رامبه‌ر سزاكانی ئێران، ئاساییه‌ به‌یانی بگۆڕێت و هه‌موو سزاكانی له‌سه‌ر هه‌ڵبگرێت، نموونه‌مان هه‌یه‌ وه‌كوو سیاسه‌تی ترامپ به‌رامبه‌ر باشووری كۆریا.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending