هەواڵی کوردستان ئێستا

د. بەشیر: سەرۆكوەزیران داوای لە لایەنەكان كردووە كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن

د. بەشیر: سەرۆكوەزیران داوای لە لایەنەكان كردووە كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن
د. بەشیر: سەرۆكوەزیران داوای لە لایەنەكان كردووە كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن

2020-05-30 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكوەزیرانی عێراق گوتی، سەرۆكوەزیران داوای لە لایەنەكان كردووە كاندیدی ئەو وەزارەتانەی ماون پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی رەوانەی پەرلەمان بكرێت و پەسەند بكرێت و كابینەكە تەواو بكرێت، بۆیە چاوەڕێی حكومەت دەكەین تەواوكردنی كابینەكە پێشكەش بكات و تا ئێستاش هیچ وادەیەكی بۆ دیاری نەكراوە.

د. بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند: "تا ئێستا سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق تەواوكردنی كابینەكەی پێشكەشی پەرلەمان نەكردووە و چاوەڕێی سەرۆكوەزیران دەكەین كە كاندیدی ئەو وەزارەتانەی ماون پێشكەش بكات، بۆ ئەوەی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بدات و پەسەندیان بكات، بەڵام تاوەكو ئێستا ناوی كاندیدان پێشكەشی پەرلەمان نەكراوە".

حەداد گوتیشی: "ئەوەی باس لەوە دەكرێت كە لەم هەفتەیەدا دەنگ بە تەواوكردنی كابینە دەدرێت، راست نییە، چونكە وادەكەی دیاری نەكراوە و سەرۆكوەزیرانیش داوای لە لایەنەكان كردووە كاندیدەكانیان پێشكەش بكەن، بۆیە ئەویش چاوەڕێی لایەنەكان دەكات و هەر كاتێك ناوەكان ئامادە بوون، ئەو كات پێشكەش دەكرێن و دەنگیان لەسەر دەدرێت و كابینەكە تەواو دەكرێت".

 

بڵند ئیبراهیم