English | عربي

"حكومەتی هەرێم تاڵانچیەو سامانی میللەت تاڵان و هەرزانفرۆش دەکات"پەرلەمانتارێك:جامەکەی بەغدا و عەبدولمەهدی پڕ دەبێت و رەشاوی هەرێمی لەسەر دەڕژێت



2019/05/28 | 00:40

(هەواڵ كوردستان)-

خەندان-كاوە محەمەد، پەرلەمانتارێكی گۆران رایدەگەیەنێت، حكومەتێكی تاڵانچی، لە سەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ەوە سامانی میللەت تاڵان و هەرزانفرۆش دەکات و موچەی خەڵک دەبڕێ و دەیشارێتەوە و دەیخاتە نێو رۆلێتی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە، دەشڵێت ئەوەی رەخنەیان لێبگرێت دەیكەن بە عیراقچی و دوژمنی نیشتیمان و کوردایەتی و خائین بە نەتەوە!کێشەکە لەبنەڕەتدا حکومەتێکی تاڵانچیە لەهەرێم کە چەندین ساڵە، بەتایبەتیش لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ەوە سامانی میللەت تاڵان و هەرزانفرۆش دەکات و مووچەی خەڵک دەبڕێ

كاوە محەمەد پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان، لە بابەتێكدا بە ناونیشانی موچەی بەغدا و رەشاوی هەرێم كە لەسەر كۆنگرە رۆژنامەنوسیكەی ئەمڕۆی وەزیری  وەزیری دارایی، وتەبێژی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، نوسیویەتی دەڵێت،"کێشەکە هەر ئەو چەند مانگەی دوایی و یاسای بودجەی (٢٠١٩) نیە کە پێنج مووچەیان لەبەغداوە بۆ هاتووە و تەنها دووانیان دابەشکردووە، کێشەکە لەبنەڕەتدا حکومەتێکی تاڵانچیە لەهەرێم کە چەندین ساڵە، بەتایبەتیش لەسەرەتای ساڵی (٢٠١٤)ەوە سامانی میللەت تاڵان و هەرزانفرۆش دەکات و مووچەی خەڵک دەبڕێ و دەشارێتەوە و دەیخاتە نێو رۆلێتی کۆمپانیا نەوتییەکانەوە و بەناوی قەرزێکی نادیار و بێ کۆتایی تەخشانی دەکات و دواتریش بەرگی (سەربەخۆیی ئابووری) لەبەردەکات" 

ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێت و پەردە لەسەر "ریسواییەکەیان" هەڵبماڵێ، دەیکەن بە عیراقچی و دوژمنی نیشتیمان و کوردایەتی و خائین بە نەتەوە

ئەو پەرلەمانتارە راشیگەیاندوە،" ئەوەی رەخنەیان لێ بگرێت و پەردە لەسەر "ریسواییەکەیان" هەڵبماڵێ، دەیکەن بە (عیراقچی و دوژمنی نیشتیمان و کوردایەتی و خائین بە نەتەوە!"ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران راشیگەیاندوە، "ئەوەی ئەمڕۆ لەکۆنگرە رۆژنامەنوسیەکەی تیمی داپۆشیکارانی تاڵانچییەکانی هەرێم (وەزیری دارایی، وتەبێژی حکومەت و سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران) بەڕێوەچو، جگە لەمەهزەلەیەکی دیکەیان بۆ تێکەڵکردنی ژمارە و ئەوراقەکان، جگە لەنمایشێکی لاوازی چەند سیحربازێکی دەست کەشفکراو، هیچی دیکە نەبو، لەهەناسەسواری و پەشۆکاوی قسەکەران و ریزکردنی بێ سەروبەری ژمارەکان-ەوە بۆ هەموان رون بو کە ئەڵقەیەکی دیکەی زنجیرە دراما بێ تامەکەی (سەرلێشێواندنی) خەڵک پێشکەشدەکەن کە هەم سیناریۆکەی ئاست نزمە و هەم ئەکتەرەکانیشی دەمامک کەوتون".

هەوڵی ئەوەماندا میکانیزمێک بگیرێتە بەر کە راستەوخۆ پارەکە لەبەغداوە بدرێت بە موچەخۆران و گیرفانیان گەرمبکاتەوە، نەک بە تونێلی تاریکی حکومەتی هەرێمدا تێپەڕ ببێت

لە بەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان دەڵێت،"پێشتر لە خولی پێشوی پەرلەمان هەمو هەوڵ و شەڕێکمان لەسەر ئەوەبو کە موچەی خەڵکی هەرێم لەکێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەدور بگیرێت، هەوڵی ئەوەشماندا میکانیزمێک بگیرێتە بەر کە راستەوخۆ پارەکە لەبەغداوە بدرێت بە موچەخۆران و گیرفانیان گەرمبکاتەوە، نەک بە تونێلی تاریکی حکومەتی هەرێمدا تێپەڕ ببێت، چونکە ئەم دەسەڵات و حکومەتەی هەرێم دەستێکی ئەمین نین و لەچەندین بۆنە و کۆبونەوەی رەسمی و چاوپێکەوتنی میدیاییدا وتومە و دەیڵێمەوە کە ئەمە رێک (سپاردنی گۆشتە بە پشیلەیەکی هەمیشە برسی)".عادل عەبدلمەهدی بۆتە سەمام ئەمانی موچەی خەڵکی هەرێم، رەنگە ئەمەش ئەوپەڕی تا کۆتایی ئەمساڵ بڕ بکات و سەرەنجام جامەکەی بەغدا و عەبدولمەهدی-ش پڕ دەبێت و رەشاوی هەرێمی لەسەر دەڕژێت

كاوە محەمەد وێڕای ئەوەی خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە كە لەیاسای بودجەی ئەمساڵدا موچەی خەڵکی هەرێم خرایە خانەی جیاواز لەخانەی نەوت و بودجە و تا ئێستا بەغدا لەناردنی موچەی پێنج مانگی ئەمساڵدا دوانەکەوتوە، راشیگەیاندوە،"هەرێم تا ئێستا نە بەرمیلێک نەوت و نە دۆلارێکی داهاتی ئەو نەوتەی نەداوەتە بەغدا، ئەمەش جارێکی دیکە قومارکردنی تاڵانچییەکانی هەرێمە بە موچەی خەڵک، بەڵام جێی خۆشحاڵییە کە تا ئێستا (د.عادل عەبدلمەهدی) سەرۆکوەزیرانی عیراق شانی داوەتە بەر گوشارە هەمەلایەنەکان و بۆتە سەمام ئەمانی موچەی خەڵکی هەرێم، رەنگە ئەمەش ئەوپەڕی تا کۆتایی ئەمساڵ بڕ بکات و سەرەنجام جامەکەی بەغدا و عەبدولمەهدی-ش پڕ دەبێت و رەشاوی هەرێمی لەسەر دەڕژێت".هەوڵدەدەین زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی دیکەی کورد لەپەرلەمانی عیراق کۆبکەینەوە تا تەواوی پارەی شاردراوەی خەڵک دەگێڕینەوە و تاڵانکارانی سامانی نیشتیمانیش دەدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەردەگرن

لە كۆتایشدا كاوە محەمەد رایگەیاندوە"ئەوەی لەچەند رۆژی رابردودا هاوڕێم (د.غالب) ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراکسیۆنی گۆڕان کردویەتی کە لەداواکاری گشتی عیراق سکاڵای لەسەر حکومەتی هەرێم تۆمارکردووە، لەسەر رێگا و رێبازی گۆڕان و کاک نەوشیروانە و بەرگریکردن لە(ماف و مووچەی خەڵک، لەکەرامەتی دزراوی کۆمەڵگا) و بەگژداچوونەوەی گەندەڵکاران و روتکردنەوەیان لەدروشم و ماسکە (نەتەوەییەکان)یان، ئەوپەڕی نیشتیمانپەروەرییە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە لەگەڵ (د.غالب) هاوهەڵوێست و هاوهەنگاو دەبین و هەوڵدەدەین زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارانی دیکەی کورد لەپەرلەمانی عیراق بۆ ئەو ئامانجە نیشتیمانییە کۆبکەینەوە و واز لەو کەیسە نەهێنین تا تەواوی پارەی شاردراوەی خەڵک (ئەوەی بزرکرا و ئەوەی پاشەکەوت کرا) بۆ خەڵک دەگێڕینەوە و تاڵانکارانی سامانی نیشتیمانیش دەدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەردەگرن".








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending