مەسرور بارزانی: نیگەرانین لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە
رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٥/٣٠ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە مێجەر جەنەڕاڵ ئیریک هیل فەرماندەی هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد.
ھەولێر-KDP.info- لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان کرا. جەخت لە گرنگی بەردەوامبوونی هەماهەنگی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا .
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی چالاکی چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی بەتایبەتی هێرش کردنە سەر جووتیارانی کورد و ڕفاندنیان.
مێجەر جەنەڕاڵ هیل ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان هاوبەشێکی گرنگی ئەمەریکا و هاوپەیمانانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا. گوتیشی شەڕی تیرۆر هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە لە هەماهەنگیکردن لە گەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق بەردەوام بین و زیاتر پەرەی پێ بدەین.