9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی كەمدرامەت لە تەواوبووندان
هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان 9 هەار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەسانی كەمدەرامەت لە تەواوبووندان و، لەپلانی حكوومەتیشدایە بەردەوام یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژار و كەمدرامەت دورست بكات.
مەریوان مەلا حەسەن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، لە بەرنامەی كاری حكوومەتدا بوو كە یەكەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵكی هەژار و كەمدرامەت دروست بكرێت و 9 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونیش لە هەرێمی كوردستان دروست كراون و بەشێكیان تەواو بوونە و تەنها هەندێك خزمەتگوزارییان ماوە، وەكو قیرتاوكردن و رێگاوبان و ئاو و ئاوەڕۆ و بەشێكیشی هەندێك قۆناغی ماوە تەواو بكرێت.
مەلا حەسەن گوتیشی، لە ئێستادا حكوومەت پارەی وەبەرهێنانی راگرتووە بە هۆی قەیرانی ئابووری و هەر كاتێك دەستی پێكردەوە، ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون تەواو دەكرێن، چونكە لە بەشێكی زۆری شارەكان تەواو بوون وەكو قەڵادزێ و ڕانیە، بەڵام ئەوانەی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و سۆران و زاخۆ و كەلار زۆربەیان كاری تێدا ماوە و پێویستی بە تەواوكردن هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت دەست بە كار بكەنەوە بۆ ئەوەی تەواو بكرێن.
ناوبراو باسی لەوەش كرد، مەبەست لە دروستكردنی ئەو یەكانەی نیشتەجێبوون ئەوەیە، كە حكوومەت بە قیستی درێژخایەن دەیدات بە هەژار و كەمدرامەتەكان، كە توانای كڕینی یەكەی نیشتەجێبوونیان نییە، بۆیە لەم قۆناغەدا 9 هەزار یەكە دروست كراون و، قۆناغی دیكەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونیش لە بەردەستدا هەیە و بەردەوام دەبێت.
بڵند ئیبراهیم