هەواڵی کوردستان ئێستا

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان
په‌یامی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان بۆ یادی دامه‌زراندنی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان

2020-05-31 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر – KDP.info -به‌ڕێزان هاوسەرۆكان و ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی و مەكتەبی سیاسیى یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

له‌ (45)هه‌مین ساڵیادى دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، پیرۆزبایی لە ئێوەی بەڕێز و سەركردایەتی و ته‌واوى ئه‌ندامان و جەماوەری یەكێتی دەكه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنتان بۆ ده‌خوازم.

یەكێتیى نیشتمانیى كوردستان، بەشێكی گرنگى بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كوردستانه‌، لەگەڵ پارتی دیموكراتى كوردستان و لایەنەكانی دیكەدا، هاوبەشی سەرەكی بوونە لە ده‌سكه‌وته‌كان و پرۆسەی سیاسی و بنیاتنانى دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و لە چەسپاندنی مافەكانی گەلی كوردستان لە دەستووری عێراقدا.

ئێستاش له‌ كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان وه‌ك عێراق و ناوچه‌كه‌، ڕووبه‌ڕووى دۆخێكى هه‌ستیار و ته‌حه‌دیاتى گه‌وره بووه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستیمان به‌ ته‌بایى، كارى هاوبه‌ش و یه‌كڕیزى هه‌یه‌ كه‌ تاکه‌ ڕێگه‌ى سه‌ركه‌وتن و بنه‌ماى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كانه‌‌. له‌ ڕابردوودا هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى سه‌رۆك مام جه‌لال كه‌ ئه‌مڕۆ به ‌ڕێزه‌وه یادى ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانى، سه‌لمێنه‌رى ئه‌و ڕاستییه‌ن. ‌

بۆ سه‌قامگیریى سیاسى و یەكهەڵوێستى لەسەر پرسە سەرەكییەكانی گەلی كوردستان، تێپەڕاندنى سه‌ركه‌وتووانه‌ى دۆخه‌كه‌، پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووریى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانى گه‌لى كوردستان، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، چاوه‌ڕێى هەڵوێستی كوردستانیانه‌ش له‌ هه‌مووان دەكەین.

له‌م یاده‌دا دروود بۆ گیانى شه‌هیدانى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان و ته‌واوى شه‌هیدانى كوردستان كه‌ گیانیان له‌پێناو ئازادیى گه‌له‌كه‌یاندا به‌خشى، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌ به‌رده‌میاندا داده‌نوێنین و سڵاو و ڕێز بۆ خانه‌واده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان ده‌نێرین.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

31/5/2020