English | عربي

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم: میلیشیاكان توانای پاراستنی ئاسایشیان نییه‌


لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم: میلیشیاكان توانای پاراستنی ئاسایشیان نییه‌

2019/05/31 | 14:55

(هەواڵ كوردستان)- K24 – هه‌ولێر:

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، راگه‌یه‌ندراوێكی سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی كه‌ركووك بڵاوكرده‌وه‌ و تێیدا داوایكرد، پارێزگاری كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت و به‌رپرسانی ئیداری دوور بخرێنه‌وه‌.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

لە دوای ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە گشتی و لە پارێزگای كه‌ركووك بە تایبەت دەگوزەرێت، بۆشاییەكی ئەمنی گەورە دروست بووە، كە سەر و ماڵی ھاووڵاتیان بە سەرجەم پێكھاتەكانەوە و بەتایبەت ھاووڵاتیانی كورد لە مەترسیدایە، ھێزە فەرمییەكانی دەوڵەتی عێراق و میلیشیاكان بە ھیچ جۆرێك توانای پاراستنی سەقامگیری ئەو ناوچانە و ژیانی ھاووڵاتیانیان نییە.

لەگەڵ بەردەوامی ھەڕەشەكان بۆ سەر جوتیارانی كورد و ئەو ستەمەی بەرامبەریان دەكرێت لە سووتاندن و رێگریكردن لە دوورینەوەی بەروبوومە كشتوكاڵییەكانیان، ھەوڵدان بۆ چۆڵكردنی گوندە كوردنشینەكان و نیشتەجێكردنی عەرەبی ھاوردە لە شوێنەكانیان، رووخاندنی خانووی ھاووڵاتیانی كورد لە ناوەندی شاری كه‌ركووك بە بیانووی جۆراوجۆر، بەداخەوە شەوی پێنج شەممە 30/5/2019 زنجیرەیەك تەقینەوە هاووڵاتیانی لە شاری كه‌ركووك كردە ئامانج و دەیان هاووڵاتی بوونە قوربانی.

پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی شەھیدەكان دەكەین و ھیوای زوو چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین، وێڕای بە توندی ئیدانەكردنی ئەو كردەوە تیرۆریستییانە، داواكارین بە خێرایی كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و گەیاندنیان بە سزای یاسایی.

ئێمە لە لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان، ھەموو ئەو رووداوانەی لەو ناوچانە دەگوزەرێن، بە پیادەكردنی شێوازێكی جیاواز لە تەعریبكردن دەبینین، كە سەرەڕای تێكدانی رەوشی سەقامگیری ئەو ناوچانە، ئاشتی كۆمەڵایەتی لە نێوان پێكھاتەكان دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داواكارین ھەرچی زووترە كاربكرێت بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەم ناوچانە لە رێگای گرتنەبەری چەند ھەنگاوێك، كە بریتیین لە:

-كۆتاییھێنان بە دۆخی عەسكەرتاریەت لەو ناوچانە.

-گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ شوێنەكانی پێشتر و پاراستنی كه‌ركووك بە ھاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق.

-رادەستكردنی دۆسیەی ئەمنی شارەكان بە پۆلیس و ھێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ.

-گۆڕینی پارێزگاری بە وەكالەت و سەرجەم ئەو بەرپرسانەی لە یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای كه‌ركووك، كە بە بێ ھەڵبژاردن و ویستی پێكھاتەكانی ئەو ناوچانە، داسەپێنراون.

-كاركردنی جددی بۆ جێبەجێكردنی بڕگەكانی (ماددەی 140) لە دەستووری عێراق، كە چارەسەری بنەڕەتی بۆ سەرجەم كێشەكانی ئەو ناوچانە دەبێت.

لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ھەرێم لە پەرلەمانی كوردستان

31ی ئایاری 2019








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending