هەواڵی کوردستان ئێستا

هاووڵاتیان بۆ KDP: خەڵكی كوردستان هۆشیارە

هاووڵاتیان بۆ KDP: خەڵكی كوردستان هۆشیارە
هاووڵاتیان بۆ KDP: خەڵكی كوردستان هۆشیارە

2020-06-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان پێیان وایە، بڕیارەكانی حكوومەت سەبارەت بە قەدەغەی هاتوچۆ و بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ پاراستنی ژیانی ئەوانە و دەشڵێن: "پابەندی بڕیار و رێنماییەكانی حكوومەتی هەرێم دەبین". 

ئاری عەبدوڵڵا، رۆژنامەنووس، دەڵێ‌: "سەرچاوەكانی ئەو نەخۆشانەی بەم دواییە تووش بوون، نادیارن و بەشێكیان درەنگ نیشانەكانیان تێدا دەركەوتووە، هەروەها بەركەوتەی زۆریشیان لەگەڵ خەڵكدا هەبووە، بۆیە بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و دەركردنی رێنمایی تەندروستی، بڕیاری گرنگن بۆ پاراستنی ژیانی هەمووان و پێیانەوە پابەند دەبین".

بە گوتەی ئەو رۆژنامەنووسە، دەكرێ حكوومەت بۆ جاری وەها ماوەی زیاتر بە هاووڵاتیان بدات بۆ كڕینی پێداویستییەكانیان، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی لە مۆڵ و دوكانەكان دروست نەبێت، كە كاریگەریی خراپی تەندروستی لەسەر هاووڵاتیان هەبێت.

لەبارەی ئەزموونی حكوومەتی هەرێم لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ئەم رۆژنامەنووسە ئاماژە دەدات: "ئەزموونی حكوومەتی هەرێم لە بەرەنگاربوونەوەی (كۆڤید- 19) زۆر سەركەوتوو بووە بە شاهێدیی رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی جیهانیش، ئەگەرچی هەندێ خەڵك و لایەن بۆ مەرامی سیاسی ویستیان لە بەهای ئەم سەركەوتنە كەم بكەنەوە، بەڵام خەڵكی كوردستان هۆشیارە، بۆیە شاهێدی لەسەر خەمخۆری و سەركەوتنەكانی حكوومەت دەدات لە رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنادا".

لەسەر هەمان پرس، شادین محەمەد، كە هاووڵاتییەكی شاری هەولێرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "ئێستا ئێمە لە ماڵەوە كەرەنتین كراوین و پایەندیشین، چونكە پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مانای گرنگیدانە بە ئەندامانی خێزانەكانمان و نەبینینی مەرگی ئازیزانمانە".

ئەو هاووڵاتییە هەروەها دەشڵێت: "دەبێ پابەندی رێنماییەكان بین، چونكە ناكرێت بۆ خۆشییەكی كاتیی خۆمان ژیانی خانەوادە و هاوسێ و ئازیزانمان بخەینە مەترسییەوە".

هاوبیر مستەفا، كە پیشەی كاسبە و دانیشتووی قەزای خەباتە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەگەرچی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێم كاریگەری لەسەر بژێویی ژیانمان دروست دەكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە پابەندی رێنماییەكان دەبین، چونكە پاراستنی ژیانی ئێمە و كەسوكارمان گرنگترە لە هەر شتێك، دەشكرێت لە قۆناغەكانی داهاتوودا بە ئاسانكاری بازاڕەكان بكرێنەوە، كە ئەو كاتیش گرنگە هەم كڕیار و هەم فرۆشیار پابەندی رێنماییەكان بن".

 

هێدی كاكەیی