هەواڵی کوردستان ئێستا

وەڵامێک بۆ ھاوسەرۆکەکەی تری کەجەکە..ھیلالە دەستکردەکەی قەندیل لە تاقیگەدا دەرنەچوو

وەڵامێک بۆ ھاوسەرۆکەکەی تری کەجەکە..ھیلالە دەستکردەکەی قەندیل لە تاقیگەدا دەرنەچوو
وەڵامێک بۆ ھاوسەرۆکەکەی تری کەجەکە..ھیلالە دەستکردەکەی قەندیل لە تاقیگەدا دەرنەچوو

2020-06-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

تەنیا کوردی

بەسێ ھۆزات، ھاوسەرۆکی کەجەکە، لە دوای لێدوانەکەی پێشووتری جەمیل بایک، ئەویش جارێکی دی، بەھەمان پەلەقاژە بۆ ئاژانسی فرات، لە تاقیگەی چەواشەکردندا دەیەوێ باز بەسەر وێنەی حەقیقی خۆیان بدات و، لەبەردەم ئەم شورە ئیقلیمییەی بۆ خواستێکی ھەواڵگری دروستیان کردووە کە لە بەرگی ساختەدا وێنەی ھیلالێکە، دەیانەوێ رووداوەکانی ناوچەکە پێچەوانە نیشانبدەن کە گوایە "پارتی تورکیای راکێشاوەتە نێو ھەرێمی کوردستان، تا ویلایەتی تورک لە باشووری کوردستان دروست بکرێ"! لە دەسپێکدا راستی تابلۆی ناوچەکە بۆ بەسێ ھۆزات لە ئێستاوە  بۆ جەمیل بایک روونە کە وێنەی رووداوەکان چۆنە و دەیانەوێ چۆن ساختەی بکەن، ئەوانن لە تورکیا رایان کردووە و تورکیا بەدوایان کەوتووە و ئامانجیش لەم کارەیان راکێشانی تورکیا بووە بۆ ناوچە سنوورییەکان، ئاخر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان چی بکەن کاتێ ئێوە دوکەڵی شەڕ رادەکێشنە نێو ناوچە سنوورییەکانیان، ئاخر ئێوەن شورەیەکی پارێزەر بۆ وڵاتێکی یٔیقلیمی دروستدەکەن و زەمینەش بۆ تورکیا خۆش دەکەن تا تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان بکرێ، ئێوەن دەتانەوێ ھەرچی وڵاتی یٔیقلیمییە دەستبخاتە نێو کاروباری ھەرێم، چونکە لە مێژووی دروستبوونتانەوە تا ئێستا بە یەک وشەش نەتان گوتووە سەربەخۆیی بۆ کوردستان، ھەمیشە ئێوەی خەتی قەندیل لەسەر خەتی داگیرکاری ڕێنیشاندەرن تا ژیانی گوندنیشانی سنوور سەقامگیر نەبێ و، تێکدەری سەقامگیری و ئاسایشی خەڵک بن.

سەبارەت بە زینی وەرتێ، جارێکی دیکە دەیڵێینەوە، ھێزی پێشمەرگەی کوردستان شەرعیەتی یاسایی خۆی ھەیە نەوەک لە زینی وەرتێ بەڵکوو لە قەندیلیش جێگیر بێ، ئەمە سنووری ھەرێمی کوردستانە، ئێوە بیرتان چووە کە شوێنخەباتی ئێوە کوێیە؟ بیرتان چوو کە چۆن پرۆسەی ئاشتیتان لە تورکیا پەکخست و ماڵوێرانیتان بۆ کورد لەوێ دروست کرد، بیرتان چوو لە شنگال چۆن منداڵە ئێزدییەکانتان رفاند؟ بیرتان چوو لە سنووری ئامێدی و لە سنووری ھەڵەبجە چۆن سەرانە لە خەڵکی وەردەگرن، ئێوە بۆ کوردایەتی ھاتوون یان بۆ رووتانەوە و قاچاغ و سەرانە؟.

ئەو ژانەی لە زینی وەرتێ بۆ ئێوە بووەتە وەرەمێک، بۆ رای گشتی  ھەرێمی کوردستان بووەتە نەشتەرگەرییەک کە دەبێ ئەم وەرەمانەی ئێوە لەسەر ھیلالێک دەیکێشن، دەربھێنرێن، ئەم بیرکردنەوە چەواشەکارییە و داگیرکارییەی ئێوە لەسەر کاروانی گەیشتنی سەقامگیری و ئاوەدانی گوندنشینەکانی سنوور لابچێ، شوێنی ئێوە تورکیایە و ئەگەر راست دەکەن بڕۆن لەوێ کوردایەتی بکەن، نەوەک لەلایەکی سنوور شورەیەک بن بۆ دەستێکی یٔیقلیمی و، لە لایەکی دیکەی سنووریش چاوساغ بن بۆ ھێزێکی دیکەی یٔیقلیمی، لە کۆتاییدا ئەم ھیلالەی قەندیل لە تاقیگەی چەواشەکاری خۆتان دەیشۆنەوە، وێنەکەی لە تاقیگەی کوردایەتی و لە بەردەم تینی خۆری کورد و رای گشتی کوردستان ھەر سووتاوە و رای گشتی گوناحی چییە کە ھیلالەکە وا دەرنەچوو، بۆیە دیمەنە ناراستەکانتان کەشفە و، باشترە بەخۆتان دابچنەوە و دەست لە چاوساغی ھەواڵگری ئیقلیمی بێنن و بگەرێنەوە سەر رێچکەی کوردایەتیی.