English | عربي

بەغدادی بەرەو وڵاتی سێیەمی عەرەبی هەڵات


بەغدادی بەرەو وڵاتی سێیەمی عەرەبی هەڵات

2019/06/02 | 11:10

(هەواڵ كوردستان)-  

سەرچاوە هەواڵگرییەکان باس لە هەڵاتنی خەلیفەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆ وڵاتی سێیەمی عەرەبی دەکەن.

ماڵپەڕی (تونیسی نیمیریک) هەواڵێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا بە پشتبەستن بە سەرچاوە هەواڵگرییەکان، رایگەیاندووە، ئەبوبەکر بەغدادیی خەلیفەی داعش رووی کردووەتە لیبیا.

هەروەها گۆڤاری (ژۆن ئەفریک)ی تونسیی دەرچوو بە زمانی فەرەنسی، هەواڵەکەی پشتڕاست کردووەتەوە و رایگەیاندووە، کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو زانیارییەی بە تونس داوە.

پێشتریش ئەبوبەکر بەغدادی لە دوا پەیامی ڤیدیۆییدا، هەڕەشەی گواستنەوەی کردە تیرۆریستییەکانی لە عێراق و سووریاوە بۆ کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی لیبیا، کرد.

دوای داگیرکردنی نزیکەی نیوەی خاکی عێراق و سووریا لەلایەن داعشەوە، ئەبوبەکر بەغدادی لە کۆتایی ساڵی 2014 خۆی وەک خەلیفەی داعش ناساند و دوای چوار ساڵ، بە پاڵپشتیی هێزەکانی پێشمەرگە و فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانان، هێزە عێراقییەکان توانیان ناوچەکانی وڵاتەکەیان رزگار بکەنەوە.

رۆژی 23-5-2019، هەسەدە دوایین مۆڵگەی داعشی لە سووریا، کە بریتی بوو لە گوندی باغۆز لە سنووری پارێزگای دێرەزوور لە باشووری رۆژهەڵاتی سووریا، رزگار کردەوە و سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەدا راگەیاند.

هەسەدە هێزێکی سەربازییە و بە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ رزگارکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانی رۆژئاوای کوردستان و سووریا لە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پێکهاتووە.

یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)ی باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رۆژئاوای کوردستان، باڵی سەرەکیی ئەو هێزەیە.

لە مانگی ئابی 2014 دوای هەرەسهێنانی سوپای عێراق، تیرۆریستانی داعش شاری شنگال و دەوروبەریان داگیر كرد و لە ماوەی داگیركرنیدا هەزاران هاووڵاتیی كوردانی ئێزدییان شەهید كرد و لە گۆڕی بە كۆمەڵ شاردیاننەوە و سەدانی دیکەشیان رفاند.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending