English | عربي

ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان راگەیندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە


ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک - گەرمیان راگەیندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە

2019/06/02 | 11:55

(هەواڵ كوردستان)- K24 – هه‌ولێر:

ئەنجوومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی کوردستان لە كەركووك – گەرمیان،  لەسەر رووداوەکانی ئەم دوایەی کەرکووک هاتە دەنگ و دەڵێت: "رووداوەکان بەڵگەی ھاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی كە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی كەركووك و لێكەوتەكانی كاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەكان ھەیە".

لە راگەیەندراوێکیدا، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کەرکووک – گەرمیانی پارتی ئاشکرایکردووە: "ئەو بۆشاییە ئەمنییە ڕووی لە زیادبوونە، كاریگەرییە مەترسیدارەكانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەكی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەكانی ڕەخساندووە تاوەكو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن".

ئەنجوومەنەکە پێی وایە، تاکە چارەسەر بۆ ئاسایی کردنەوەی رەوشەکە، گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکە و دروستکردنی هەماهەنگییە لە نێوا پێکهاتەکانی ناو کەرکووک.

دەقی راگەیندراوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە کەرکووک – گەرمیان:

بەداخ و ئازارێكی زۆرەوە، چەند ھەفتەیەكە، زنجیرەیەك ھەواڵی ناخۆشمان دەربارەی پێشھاتی مەترسیدار لە ڕەوشی ئەمنیی كەركووك پێ دەگەن، لە سووتاندنی كێڵگە و ھەڕەشە و دەستدرێژیكردنە سەر جووتیارانی كورد و، ڕاگواستنی زۆرەملێی خێزانە كوردەكان لە گوندەكانی خۆیان، تا دەگاتە لێكەوتەكانی ئەو تەقینەوانەی کە گرینگترین گەڕەكەكانی كەركووكیان گرتەوە.

ئێمە لەكاتێكدا ڕووی نزامان لە خوای گەورەیە لەم مانگی ڕەمەزانە و لە سەروبوندی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزدا و داوای لێ دەكەین باڵی ئارامی و سەقامگیری بەسەر ئەم شارە ئازیزەدا بكێشێت، سەرەخۆشی لە  خێزانی گشت قوربانییان دەكەین و، داوا لە خوای مەزن دەكەین كەركووك لە پلانی كینەلەدڵان و مونافیقان بپارێزێت.

ئەم ڕووداوانەی دوایی ئەگەر ئاماژە بن بۆ شتێك، بێگومان بەڵگەی ھاشاھەڵنەگرن لەسەر ئەوەی كە دۆخی ئەمنیی زۆر خراپ و شڵەژاوی كەركووك و لێكەوتەكانی كاریگەرییان بەسەر ئاسایش و ژیانی ھاووڵاتییانی بێتاوان لە گشت نەتەوە و ئاینەكان ھەیە.

ھەروەھا ئاماژەی ڕوون و ئاشكران بۆ بەھێزیی پەیوەندیی برایانەی نێوان پێكھاتەكانی كەركووك و، بۆ پەیوندیی كۆمەڵایەتیی ڕەسەن و دامەزراوی نێوانیان و، ئەم پێشھاتانەیش بەری ھەندێك ئەجیندان كە ھەوڵی بڵاوكردنەوەی گیانی دژایەتی و لەتبوون دەدەن و ھەوڵی بێئومێدن بۆ گەیشتن بە ھەندێ دەسكەوتی سیاسیی بەرتەسك.

ئەو بۆشاییە ئەمنییەی ڕووی لە زیادبوونە، كاریگەرییە مەترسیدارەكانی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاد دەبن، زەوییەكی بەپیت و گونجاویان بۆ تیرۆر و دەستوپێوەندەكانی ڕەخساندووە تاوەكو بتوانن ئۆپەراسیۆنی جۆری ئەنجام بدەن كە نیشانەی لاوازیی بەڕێوەبردنی دۆسیەی ئەمنی و پاشەكشەی زۆریەتی.

ئێمە لە سەركردایەتیی كەركووك- گەرمیاندا، ھۆشداریمان لەبارەی مەترسیی دۆخەكە دابوو و بۆ گشت لایەنەكان ڕوونمان كردبووەوە، چ لەسەر مێزی گفتوگۆ بێت یان لە دیدارە جیاجیاكاندا، گوتومانە كە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و كۆتاییھێنان بەو دۆخە ناسروشتییەی پارێزگاكەی تێكەوتووە و بوونی ھێزەكانی پێشمەرگە و ھاوکاری و ھاوئاھەنگییان لەگەڵ سوپای عێراق تەنیا ڕێگەیە بۆ ڕزگاركردنی شارەكە لە لێكەوتەی ئەمنیی مەترسیدار و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بە ھەموو جۆر و شێوەكانیەوە.

داواكارین لە خوای گەورە شەھیدەكان بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی و سەبووری بە خێزانەكانیان ببەخشێت و چاكبوونەوەی خێرا بە برينداران بدات.

ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیانى پارتی دیموکراتی کوردستان

H.J








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending