سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن
ھەولێر-KDP.info- نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 2/6/2020 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له به‌ڕێز ماتی‌و توله‌ر باڵیۆزى ئه‌مه‌ریكا له عێراق كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق و پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى ڤایرۆسى كۆرۆنا و لێكه‌وته ئابوورییه‌كانى، هه‌ڕه‌شه و جموجووڵى داعش، ده‌ستبه‌ركاربوونى سه‌رۆك وه‌زیران به‌ڕێز مسته‌فا كازمى و هه‌وڵه‌كان بۆ ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى و دیالۆگى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مه‌ریكا كه ئه‌م مانگه به‌ڕێوه دچێت، تاوتوێ كران.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى پشتیوانیى هه‌رێمى كوردستانى بۆ حكوومه‌تى به‌ڕێز كازمى دووپات كرده‌وه و هیواى خواست پێكهاته‌ى كابینه‌كه‌ى ته‌واو بكرێت تاكو حكوومه‌ت بتوانێت هه‌نگاو بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان و دۆخى ئابوورى، سیاسى، ئه‌منى و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى كۆرۆنا بنێت.
هه‌ردوولا له‌سه‌ر گرنگیى دیالۆگى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مه‌ریكا كۆك بوون كه ده‌بێته چارچێوه‌یه‌ك بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ریكا، بۆ ئه‌مه مه‌به‌سته‌ش ده‌بێ عێراق به‌رژه‌وه‌ندى و ئه‌وله‌ویه‌ته‌كانى خۆى ده‌ستنیشان بكات، هه‌روه‌ها جه‌خت له هاوكاریى ئه‌مه‌ریكا بۆ پشتگیریى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه و پێویستیى به‌رده‌وامیى پشتگیریى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى له شه‌ڕى دژى تیرۆردا، كرایه‌وه.
دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى هاوكاریى لایه‌نه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه و ڕۆڵى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌مباره‌یه‌وه، هاندانى وه‌به‌رهێنان و كه‌رتى تایبه‌ت له عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو كه به‌ڕێز ستیڤ فه‌یگن كونسولى گشتیى ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوو.