كاكەمین نەجاڕ: مەكتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی رەوشی ئێستاوە كۆدەبێتەوە
هەولێر-KDP.info- بڕیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان كار بۆ چارەكردنی پرسەكان بكات، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی پارتیش ئاشكرای كرد، لە رۆژانی داھاتوودا مەكتەبی سیاسیی پارتی كۆدەبێتەوە.
كاكەمین نەجاڕ، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە مەكتەبی سیاسیی پارتیمان لەبارەی رەوشی ئێستای ھەرێمی كوردستان و عێراق كۆببێتەوە و، كۆبوونەوەكەش چەند پرسێك لە خۆ دەگرێت، لەوانە پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنەكانی دیكە، ھەروەھا پرسی بەشداری لە حكوومەتی عێراق و رێككەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، لەگەڵ ئەوەشدا تەوەرێكی دیكە، پرسی بژێویی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەبێت".
پەیوەست بە كۆبونەوەی پارتی و یەكێتی، ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسیی پارتی دەڵێت: "بڕیارە ھەردوولا كۆببینەوە لەبارەی چارەسەركردنی كۆی پرسەكان، بێگومان بە یەك كۆبوونەوەش ھیچ پرسێك چارەسەر ناكرێت، بەڵكو چەند كۆبوونەوەیەك پێویستن لە نێوان ھەردوولا".
نەجاڕ گوتیشی: "پارتی ھەمیشە بڕیار و ھەڵوێستی ئەوە بووە، لە كاتی ھەبوونی ھەر كێشەیەك لە رێگەی دانوستان و لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێت، ئێستایش پارتی ئامادەیە بۆ ھەر پرسێك نەك لەگەڵ یەكێتی، بگرە لەگەڵ ھەر لایەنێكی دیكە كۆببێتەوە".
قائید میرۆ