هەواڵی کوردستان ئێستا

لە 2019دا لە پارێزگای هەولێر 1712 تۆمەتبار بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

لە 2019دا لە پارێزگای هەولێر 1712 تۆمەتبار بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون
لە 2019دا لە پارێزگای هەولێر 1712 تۆمەتبار بە تۆمەتی ماددەی هۆشبەر دەستگیرکراون

2019-12-27 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانی هەولێر ئاماری كار و چالاكییه‌كانی ساڵی 2019 بڵاوكرده‌وه‌ و بەپێی ئامارەکە، لە ئەمساڵدا هەزار و 712 تۆمه‌تبار بە تۆمەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکان ده‌ستگیركراون.


عیسا خدر، لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ئەمساڵ 2019 بە تۆمەتی بەکارهێنان و مامەڵەکردن بە ماددە هۆشبەرەکانەوە هەزار و 712 تۆمەتبار دەستگیرکراون و لە ناویشیاندا 503 کەس سزادراون و هەزار و 182 کەسیش تا ئێستا دۆسیەکانیان لە دادگا یەکلایی نەکراوەتەوە".

 

ئاماژەی بە ئەوەش کرد کە 230 كیلۆگرام مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌ستیبه‌سه‌رداگیراوه‌، جگه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی نۆ هەزار و 215 شریت حه‌بی هۆشبەر، هەروەها دەستیشگیراوە بەسەر دوو ملیۆن و 405 هەزار دیناری و 15‌هه‌زار و 60 دۆلاری ساخته‌.

 

لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان گوتیشی: "لە هەرێمی کوردستان هیچ سەرچاوەیەک بۆ بەرهەمهێنانی ماددەی هۆشبەر نییە بەڵکو ئەوەی کە هەیە لە وڵاتانی دەوروبەرەوە دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان و پێویستە لە سەر دەروازە سنوورییەکان و گشت بازگەکان زیاتر چاوکراوەبن و ئاگاداری ئەم حاڵەتانەبن، بۆ ئەوەی هەموومان ڕێگری بکەین لە هاتنە ناوەوەی ماددەی هۆشبەر بۆ هەرێمی کوردستان".