هەواڵی کوردستان ئێستا

بەرپرسێکی یەکێتی: کەس عەقڵی بەوە ناشکێ کە دڵی دەرنەچووەکانی کۆنگرە بداتەوە

بەرپرسێکی یەکێتی: کەس عەقڵی بەوە ناشکێ کە دڵی دەرنەچووەکانی کۆنگرە بداتەوە
بەرپرسێکی یەکێتی: کەس عەقڵی بەوە ناشکێ کە دڵی دەرنەچووەکانی کۆنگرە بداتەوە

2019-12-27 00:00:00 - سەرچاوە: باسنیوز

"زۆر قورسە بتواندرێت یەکێتی بخرێتەوە سەر سکەی خۆی"

بەرپرسێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رەخنەی لە بەرپرسە باڵاکانی حزبەکەی دەگرێت و دەڵێ کەسێک لەنێو حزبەکە عەقڵی بەوە ناشکێ کە دڵی ئەو کادیرانە بداتەوە کە لەو کۆنگرەیە دەرنەچوونە و دەنگی پێویستیان بەدەست نەهێناوە.

 

ئەحمەد قەدەفەری، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی شارەزووری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "ڕاستە یەکێتی کۆنگرەی بەستووە، بەڵام کۆنگرەی ھەموو حزبێکی سیاسی بەپێی ڕێککەوتنی برادەرانە ئەنجام دەدرێت، ھەندێک دەتوانێت سەربکەوێت، ھەندێکیش ناتوانێت بۆ ئاستی باڵا سەربکەوێت، دیارە یەکێتی وەکو ئەو کۆنگرانەی کە بەستراون ھەمان کۆنگرەی بەستووە".


گوتیشی: "ئەگەر لەم کۆنگرەیەدا گۆڕانکاریمان نەکردبێت، کەواتە ھیچمان نەکردووە، ئێستا لەناو یەکێتی دەنگی ناڕازی ھەیە ھیوادارم ئەو کەسانەی دەرچوون بتوانن چارەسەری کێشەکانی یەکێتی بکەن، بۆ ئەوەی یەکێتی بکەوێتەوە سەر سکەی خۆی بەڵام زۆر قورسە بتوانین یەکێتی بخەینەوە سەر سکەی خۆی".

 

ئاماژەی بەوەش دا: "ئێستا کەس نییە بتوانێت ئیدارەی ئەم بارودۆخەی ئێستای یەکێتی بکات، بۆنمونە، خودی خۆم لە کۆنگرەی پێشوودا دەرنەچووم ھەڤاڵ مام جالال، بانگی کردم دڵنەوایی دامەوە، بەڵام ئێستا کەسێک نییە عەقڵی بەوە بشکێت، ئەوانەی دەرنەچوون و ناڕازین کۆیان بکاتەوە و دڵنەواییان بداتەوە".

 

ئەحمەد قەدەفەری، باسی لەوەشکرد: "بەشداری دوو کۆنگرەم کردووە کە ھەڤاڵ مام جەلال، سەرپەرشتی کۆنگرەکانی کردووە، ئەگەر ئەو لەم کۆنگرەیە لەگەڵمان بوایە ڕێگەی نەدەدا ئەو ھەموو کەسە خۆی ھەڵبژێرێت، بەڵکو کەسەکانی دیاری دەکرد بەڵام جیاوازی ئەم کۆنگرەیە لەچاو کۆنگرەکانی پێشوو ئەوەبووە کە زیاتر لە ٥٠٠ کەس خۆی ھەڵبژاردووە، ئیتر کۆنگرە ئەوە ئەنجامەکەیەتی ".