هەواڵی کوردستان ئێستا

"بەدەل عەبدولباقی بەپێی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمەتبارە"

"بەدەل عەبدولباقی بەپێی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمەتبارە"
"بەدەل عەبدولباقی بەپێی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تۆمەتبارە"

2020-06-03 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

ھەولێر – KDO.info -  ڕۆژی 26/5/2020 ڕێکخراوی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ ڕاپۆرتێکی دەربارەی خۆپێشاندانەکانی دهۆک بڵاو کردەوە بە ناوی 'پۆلیس مامۆستا و ڕێکخەری خۆپێشاندان دەستگیر دەکات' لە ڕاپۆرتەکەیدا ئەمنستی ئینتەرناشناڵ باس لەوە دەکات هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی بەدەل عەبدولباقی ئەبوبەکر، کە چالاکێکی دهۆکە، بەبێ فەرمانی دەستگیرکردن، دوای نیوەشەوی 16/5/2020 دەستگیریان کردووە. لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەیدا ڕێکخراوی ناوبراو باس لەوە دەکات کە بەدەل عەبدولباقی نەیتوانیوە پەیوەندی بە پارێزەرەکانییەوە بکات و لە ڕۆژی دەستگیرکردنییەوە کەسوکاری چاویان پێی نەکەوتووە.

لەم بارەیەوە نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەیاننامەیەکی دەرکرد، ئەمە دەقەکەیەتی:

سەبارەت بە دەستگیرکردنی بەدەل عەبدولباقی دادوەری لێکۆڵینەوەی دهۆک فەرمانی دەستگیرکردنی ناوبراوی دەرکردووە بەپێی 'یاسای ڕێکخستنی خۆپێشاندان' ژمارە (11)ی ساڵی 2020، چونکە داوای خۆپێشاندانی کردووە لە کاتێکدا مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڕەشەیەکی جددییە لەسەر ژیانی هاووڵاتییان و پێچەوانەی ڕێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێگاگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە.

سەبارەت بە شێوازی دەستگیرکردنی، لە ڕێگای لایەنە پەیوەندیدارەکان و بە شێوازی ئاسایی بووە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە جلوبەرگی ئاساییەوە ئەرکی خۆیان ئەنجام داوە، کارمەندانی نەهێشتنی ئاژاوە ڕێگایان پێ دراوە بە جلوبەرگی مەدەنییەوە ئەرکەکانیان بەجێ بگەیەنن.

دوای دەستگیرکردنی ناوبراو لەسەر داوای پارێزەرانی، کە یەکێکیان برایەکی خۆیەتی بە ناوی حەمدی عەبدولباقی بەکەفالەت ئازاد کراوە و لە ماوەی ڕاگرتنیدا کەسوکاری بەپێی یاسا مافی چاوپێکەوتن و بینینیان هەبووە، ناوبراو ئێستا تۆمەتبارە و بەپێی ماددەی (2)ی یاسای خراپبەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان ژمارە (6)ی ساڵی 2008 ڕاگیراوە.

لە کاتی ئەنجامدانی خۆپێشاندانەکە کە بەبێ ڕەزامەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان و وەک تەحەدا بۆ بڕیارەکانی پارێزگای دهۆک لەلایەن چەند کەسێکەوە گردبوونەوەیەک ڕێک خرا و لە ئەنجامدا 14 کەسی دیکەش، بەپێی ماددەی (240)ی یاسای سزاکانی عێراق ژمارە (111)ی ساڵی (1969) کە سەرپێچیکردنە لە ڕێکارەکانی حکوومەت دەستگیر کران، بەپێی ئەم ماددەیە هەر کەسێک سەرپێچی لە فەرمان و ڕێنماییەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت بکات دەستگیر دەکرێت، بەڵام بەر لە جەژنی ڕەمەزان گشتیان ئازاد کران.

 

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان