2017/10/13 | 18:17

دابەش نەكردنی نەوت ژینگە وێران دەكات

(هەواڵ كوردستان)- "دابەش نەكردنی نەوت ژینگە وێران دەكات"

رێكخراوێكی ژینگەیی: ئەگەر نەوت دابەش نەكرێت دەرژێیینە سەر شەقام

ماوەی چەند رۆژێكە هاووڵاتییان روویان لە دراستان و چیاكانی دەڤەری سۆران كردووە بەمەبەستی كۆ كردنەوەی دار بۆ خۆپاراستن لە سەرمای زستان، ئەوان داری وشك و تەر دەبڕن و لە مالەوە كۆی دەكەنەوە، رێكخراوەكانی ژینگەییش وریایی دەدەن.

هەرێمی كوردستان بەرەو وەرزی زستان دەچێت و ترسی سەرما و سۆڵەی زستان، دارستانەكانی دەڤەری سۆرانی دووچاری مەترسی لەناوچوون كردووە و هاووڵاتییان داوا لە حكوومەت دەكەن كە نەوتییان پێ بدات.

بارزان كەریم دانیشتووی گوندی كەژەك سەر بە شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هەرچەند ساڵانی ڕابردوو بڕینەوەی دار بە گشتی قەدەغە كرا لە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو دیاردەی داربڕینەوە بۆ بەرگەگرن لە سەرمای زستان پەرەی سەندووە و بەجۆرێك دارستان و چیاكان خەریكە داریان لێ نامێنێت.

 بارزان ئاماژەی كرد، ناكرێ لێرەدا هاووڵاتییان تاكلایەنە تۆمەتبار بكرێن بە بڕینی دار، چونكە ساڵانی ڕابردوو بڕی دوو بەرمیل نەوت بەسەر هەر خێزانێكدا دابەش دەكرا، ئەمەش تا ڕادەیەك بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان كەمتر ببووەوە، بەڵام ئەمساڵ وێڕای باش نەبوونی دۆخی كارەبا و نەهاتنی نەوت، خەڵك بەناچاری پەنای بردووەتە بەر هێنانی دار، كە چاوەڕێی مەترسییەكی گەورەی لێ دەكرێ بۆ  تێكچوون و وێرانبوونی ژینگە.

ئەو هاووڵاتییە ئاماژە دەكات، ناوچەیەكی وەك سیدەكان بەتایبەتی چەند گوندێكی دیاریكراو كە ماوەی سێ مانگ بەردەوام بەفری  لێییە،  وێڕای سەرما و باران و با، هەر ماڵێك زیاتر لە پێنج بەرمیل نەوت دەسووتێنن تا كەمێك كەشوهەوا بەرەو فێنكی دەڕوا، بۆیە لێرەدا دواكارین لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای باشكردنی دۆخی كارەبا هەرچی زووە پەلە بكرێ لە دابەشكردنی زیاتر لە بەرمیلێك نەوتێك بەسەر هاووڵاتییاندا.

سوبحان شكۆ دانیشتووی شارۆكەی  سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، هۆكاری سەرەكیی بڕینی دار و وێرانكردنی ژینگە لەلایەن هاووڵاتییانەوە، پێوەندی بە دابەش نەكردنی نەوت و پێ نەدانی نەوت لەكاتی خۆیدایە، لە كۆتاییەكانی ساڵی 2016 پارەی نەوتمان بە بریكارەكانی خۆراك دا، بەڵام دوای 11 مانگ و پێش چەند رۆژێك نەوتی ساڵی رابردوومان پێ درا.

هاوكات، پاشەكەوتكردنی مووچە و دابەش نەكردنی مووچە لە كاتی خۆیدا، سەرەنجام ئەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییان نەتوانن وەك پێویست سووتەمەنی بۆخۆیان دابین بكەن و لە بەرامبەردا دەست بۆ بەدیلێك دەبەن، كە ئەویش بەكارهێنانی دار و بڕینیەتی، سوبحان شكۆ وای گوت.

هەژار ماهیر ئێدلبی سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەو تەنگەژە سەختە داراییەی كە باڵی بەسەر هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، لە دەڤەری سۆران لە ئەنجامی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوان، بەهۆی دواكەوتنی نەوتی ماڵان خەڵكی زۆری روویان كردووەتە بڕینی دار و درەخت و لەباربردنی سروشتی كوردستان.

دار و دەختەكان بە سەرچاوەیەكی گرنگی كەرەستە خاوەكان زۆربەی پیشەسازییە دەستی و فۆلكلۆرییەكان و خانووبەرە دروستكردنی كەلوپەلی ناوماڵ دادەنرێن، بەڵام بەداخەوە  زۆر جار ئەم سامانە گرنگە بەر شاڵاوی بڕینەوە و سووتاندنی بەرنامە دەبێت و لە ماوەیەكی كەمدا بە هەزارەها دۆنمی لێ دەفەوتێنرێت هەروەك لە كوردستان بە گشتی و دەڤەری سۆران بە تایبەت  بووەتە دیاردە، لە كاتێكدا ئەم دارستانانە دەبێتە شوێنی ڕاكێشانی گەشتیاران و بەخشینی جوانی و ژینگەیی تەندروست بۆ هاووڵاتییان و پاراستنی ژیانی ئاژەڵان لەو ناوچانەدا، دارستانەكان بە یەكێك لە ڕەگەزە سروشتییەكان دادەنرێت كە پێوەندییەكی پتەوی بە پاراستن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ژینگەیی هەیە لە جیهاندا و بە یەكێك لە فاكتەرە گەشت و گوزارییەكان دادەنرێت لە دامەزراندن و پێشخستنی گەشتوگوزار لەهەر ناوچەیەكدا بێت.

هەژار ئێدلبی وای گوت.

 سەرۆكی رێكخراوی وار بۆ پاراستنی ژینگە ئاشكرای كرد، رێكخراوی وار لە پێوەندیدایە لەگەڵ لایەنە پێوەندارەكان بۆ رێگە چارەیەك بۆ دابینكردنی نەوت و دووركەوتنەوە لە داربڕین و وێرانكردنی ژینگە، بەپێچەوانەوە لە رۆژانی ئایندەدا بە گردبوونەوە و ئاراستەكردنی بانگەواز و راگەیاندن و مامۆستایانی ئاینی  پاڵەپەستۆكانمان دەست پێ‌ دەكەین و بۆ پارێزگاریكردن لە ژینگە دەرژێینە سەر شەقام.

لای خۆیەوە كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، وەكو حكوومەت لە هەوڵداین بۆ دابەشكردنی بەرمیلێك نەوت بەسەر هاووڵاتییانی سنووری سۆران و لە هەفتەی داهاتوودا كات و ساتی دابەشكردنی نەوت ئاشكرا دەكرێت و ئەگەری هەیە لەماوەیەكی نزیكدا نەوت دابەش بكرێت.

بەهۆی دابەش نەكردنی نەوت ژینگە و دارستانەكان زیانی زۆریان پێ گەیشتووە و لە هەوڵداین نەوت دابین بكەین و دواتر بڕیاری سزای برینی دار بۆ هاووڵاتییان دەردەكەین، بەڵام ئێستە كە نەوت دابەش نەكرێت ناتوانین وەك پێویست رێگری لە هاووڵاتییان بكەین .

كرمانج عزەت وای گوت.

بەشێك لە هاووڵاتییانی سۆران ساڵی رابردوو پارەی نەوتییان بە بریكارەكانی خۆراك داوە و تا ئێستە بەشە نەوتی ساڵی رابردوویان پێ نەدراوە، قایمقامی سۆران لەو بارەیەوە رای گەیاند كە نەوتی ساڵی رابردوو دابەش دەكرێت و ژمارەیەك هاووڵاتی ماون و لە رۆژانی ئایندە نەوت بەسەریاندا دابەش دەكرێت.




نیشانەکردن

كوردستان

زۆرترین

⋙ پسپۆڕان: ئامانجی حکوومەتی بەغدا نەفیکردنی دەستکەوتەکانی هەرێمە
⋙ حكوومه‌تی ئێران بڕیارێك له‌ دژی توركیا ده‌دات
⋙ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا ماوه‌ی راهێنانی سه‌ربازی به‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ درێژ ده‌كاته‌وه‌
⋙ "دۆخی خراپی ھەرێمیان پێ دەڵێین"سلێمانی; چەند گروپ و کەسایەتییەک بەشاندێک دەچنە بەغدا
⋙ سكرتێری نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هۆشداری له‌گه‌شتكردنی قاسم سوله‌یمانی ده‌دات
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ بەڤیدیۆ.. ھێژا سەڵاح یەکەمین کلیپی خۆی بڵاو کردەوە
⋙ بەڤیدیۆ.. خەڵکی بەفڕۆکە گەشت دەکات کچێک بە جانتا گەشت دەکات
⋙ بەوێنە.. نیان عەبدوڵا گۆرانییەكی نوێ كلیپ دەكات

Trending

كوردستان هه‌ولێر
سلێمانی دهۆك
كه‌ركوك هه‌ڵه‌بجه‌
موسڵ عێراق
تورکیا داعش