2018/04/17 | 18:17

سیاسه‌ت و هونه‌رى ڕه‌وانبێژى

(هەواڵ كوردستان)- مه‌وداكان

هه‌ر له‌دێر زه‌مانه‌وه‌ هونه‌رى ڕه‌وانبێژى له‌ هه‌موو بواره‌كانى سیاسى و ئابوورى و ڕۆشنبیرى و كۆمه‌ڵایه‌تى سه‌رچاوه‌ و چاوگه‌ى بیروڕا و بیروڕا گۆڕینه‌وه‌ بووه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ر قۆناغێكى سیاسیدا مه‌رجه‌عێكى سیاسى یان ئایینیى تایبه‌تمه‌ند هه‌بووه‌ بۆ ڕاگرتنى ته‌رازووى هاوكێشه‌ سیاسییه‌كان، كه‌ ده‌بێته‌ پێگه‌ى چاره‌سه‌رى گرێ ئاڵۆزه‌كان به‌ ڕێككه‌وتنى سیاسى له‌نێوان دوو یان سێ حزبى دیاریكراو و پێكهێنانى لیستێكى هاوبه‌ش، واته‌ هاوپه‌یمانییه‌تێكى كاتى بۆ به‌شداربوون له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان، دیاریشه‌ هه‌ر حزبێك ڕه‌چاوى به‌رژه‌وه‌ندیى تایبه‌تیى خۆى و ئامانجه‌ سیاسییه‌كانى خۆى ده‌كات، كه‌ تا چه‌ندێك له‌و ڕێككه‌وتنه‌ حزبه‌كه‌ى سوودمه‌ند ده‌بێت، له‌و بواره‌شدا له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس و هاتنى چه‌ند حكوومه‌تێكى نوێ بۆ ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقێكى نوێدا، هه‌ر له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا مه‌كینه‌ى میدیاكاریى سیاسى كه‌وته‌ گه‌ڕ و گه‌مه‌ میدیاییه‌كانى خۆى په‌ره‌ پێ دا و فرت و فێڵ و قۆڵبادانى سیاسى په‌ره‌ى سه‌ند.

ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێك بۆى نه‌كرابێت له‌ گه‌مه‌ى سیاسى و دیبلۆماسى سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت، ئه‌وا به‌ په‌نا بردنه‌ به‌ر پیلان گێڕان و هێزى چه‌كدارى، به‌ره‌نگاریى نه‌یاره‌كانیان ده‌بنه‌وه‌، كه‌ تا ئێستاش به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ شه‌رمنانه‌ و ناشارستانییه‌ له‌ عێراق به‌رده‌وامه‌، بۆ نموونه‌ش كه‌ هه‌رێمى كوردستان ڕووى له‌ گه‌شه‌ى سیاسى و دیبلۆماسى كرد، حزبه‌ عێراقییه‌كان و هه‌ندێ له‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان چاویان به‌رایی نه‌هات ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ ئه‌رێنییه‌ى هه‌رێم قبووڵ بكه‌ن، په‌نایان برده‌ به‌ر هێزى چه‌كدارى دژى كوردستان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ پیلانى ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ گرووپێكى خۆفرۆش و نیشتمانفرۆشى كاڵفام یان فه‌ریكه‌ سیاسییه‌كانى ناو (یه‌كێتى) له‌ ڕۆژى 16ى ئۆكتۆبه‌رى ساڵى 2017 كه‌ركووك و خورماتوو و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانیان داگیر کردەوە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ عێراق شه‌ڕى ئابوورییشى دژى كوردستان ڕاگه‌یاند و بودجه‌ و مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى بڕى و هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ولێر و سلێمانییشى داخست و ده‌ستى به‌سه‌ر خاڵه‌ سنوورییه‌كانى گومرگ له‌ كوردستاندا گرت.

له‌ نوێترین هه‌ڵوێستى ئیدارى و سیاسیشدا دواى په‌سه‌ندكردنى بودجه‌ى عیراق له‌ په‌رله‌مان، ناڕازیبوونى سه‌رۆك كۆمار كه‌ كورده‌ و ناردنه‌وه‌ى یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانى عێراق، (سه‌لیم جبوورى) سه‌رۆكى په‌رله‌مان ڕه‌تى كرده‌وه‌ و ڕای گه‌یاند كه‌ پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ له‌ ڕووى یاساییه‌وه‌ په‌سه‌ند كراوه‌ و گه‌یشتووەته‌ دوا قۆناغى خۆى و سه‌رۆك كۆمار بۆى نییه‌ ڕه‌زامه‌ندیى له‌سه‌ر پیشان نه‌دات، له‌كاتێكدا له‌ڕووى یاساییه‌وه‌ سه‌رۆكى كۆمار بۆى هه‌یه‌ په‌نا بباته‌ به‌ر دادگاى فیدراڵیى عێراق بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ى په‌رله‌مان، كه‌ باڵاترینیان ده‌زگایه‌ له‌ عێراقدا.

ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى (سه‌لیم جبوورى)یش ئه‌وه‌نده‌ى مه‌به‌ستى شكاندنى شكۆ و سووكایه‌تیى به‌ سه‌رۆك كۆماره‌ ئه‌وه‌نده‌ى مه‌به‌ستى سیاسیى ڕاستگۆییانه‌ نییه‌.

هه‌رچه‌نده‌ سه‌رۆك كۆماره‌ كورده‌كه‌مان چه‌ندین جار ڕووشكێن كراوه‌، بەڵام به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك گوێى پێ نه‌داوه‌، ته‌نیا ده‌ستى له‌ كورسییه‌كه‌ى به‌ر نابێ و پارێزگاری له‌ پله‌ و پایه‌ و ئیمتیازه‌كانى ده‌كات.

 

 




نیشانەکردن

كوردستان

زۆرترین

⋙ گرووپێکی ئەندازیاریی ڕۆژھەڵاتی کوردستان یارییەکی کۆمپیوتەری بەرھەم دەھێنن
⋙ لە سلێمانی 150 ھەزار كارتی دەنگدان وەرنەگیراوەتەوە
⋙ حكومەتی زۆرینە پێكدەهێننلایەنە شیعییەكان كار بۆ دروستكردنی هاوپەیمانییەكی گەورە لەعێراق دەكەن
⋙ یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان دیاریكرا
⋙ داهاتووی ئینێستا هێشتا بەتەواوی دیارنییە
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ بە ڤیدیۆ.. ئاسایشی پارتی بەتەقە کۆتایی بە خۆپیشاندانێک دەهێنن
⋙ به‌ڤیدیۆ... هێرشی فڕۆكه‌كانی عێراق له‌نێو خاكی سوریا بۆسه‌ر پێگه‌كانی داعش
⋙ بەوێنە: سەردانی دکتۆر بەرهەم بۆ مزگەوتی گەورەی سلێمانی

Trending