2018/07/14 | 14:05

داواکارییەکەی ترەمپ ئەندامانی ناتۆی ناڕەحەت کردووە

(هەواڵ كوردستان)- برۆکسل - AA

داواکارییەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە میانی لووتکەی ناتۆدا لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە بەوەی "دەستبەجێ" بوودجەی بەرگرییان بۆ ئاستی لەسەدا دوو بەرزبکەنەوە، جارێکی دیکە مشتومڕەکانی "بەشکردنی خەرجییەکان"ی لەنێو هاوپەیمانییەکەدا گڕدایەوە.

چاوەڕوان دەکرا تەنها لە میانی دانیشتنەکانی یەکەم رۆژی لووتکەی ناتۆدا، خەرجییەکانی بەرگریی تاوتوێ بکرێن.

بەڵام دوای ئەوەی ترەمپ لە پشت دەرگا داخراوەکانەوە بەشکردنی خەرجییەکانی کردە مژاری سەرەکی و رەخنەی توندی لە ئەندامانی ناتۆ گرت، ٢٩ سەرکردەی هاوپەیمانییەکە بۆ رۆژی دووەم، کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ هاوبەشەکانیان لە ناتۆ هەڵپەسارد و کۆبوونەوەیەکی نائاساییان بەمەبەستی تاوتوێکردنی بوودجەی بەرگریی سازکرد.

لەدوای کۆبوونەوەکەش، دۆناڵد ترەمپ لێدوانی بۆ رۆژنامەوانان دا و ئاماژەی بەوەکرد ئەندامانی ناتۆ جەختیان لەوەکردووەتەوە کە لەسەدا دووی کۆی داهاتی گشتیی وڵاتیان بۆ بەرگریی خەرج دەکەن بەڵام ئەمە لە ئاستی پێویستدا نییە و پێویستە لە ماوەیەکی کورتدا ئەم رێژەیە بۆ لەسەدا چوار بەرزبکەنەوە.

لەبەرامبەریشدا ئەو ئەندامانەی ناتۆ کە لە دابینکردنی لەسەدا دووی بوودجەیەکەیاندا بۆ بەرگریی تووشی کێشە هاتوونەتەوە، کاردانەوەیان بەرامبەر "هەڵوێستی بەپەلە" و پشتگوێخستنی بوارەکانی دیکەی جگە لە پارە، لەلایەن ترەمپەوە، نیشاندا.

بەپێی دوایین ئامارەکانی خەمڵاندنی بوودجەی بەرگریی ٢٠١٨ی ناتۆ، تەنها پێنج لە ئەندامانی هاوپەیمانییەکە رێژەی لانیکەم لەسەدا دووی بوودجەی وڵاتەکانیان بۆ بەرگریی تەرخان دەکەن.

ئەوانیش هەریەک لە ئەمریکا بە رێژەی لەسەدا ٣،٥، یۆنان بەرێژەی لەسەدا ٢،٢٧، ئەستۆنیا بەڕێژەی لەسەدا ٢،١٤، بەریتانیا بە رێژەی لەسەدا ٢،١ و لیتوانیا بەرێژەی لەسەدا ٢.

لە بنەڕەتدا و بەر لە ئەندامێتیی مۆنتینیگرۆ لە هاوپەیمانییەکەدا، لە میانی لووتکەی گالەردا ٢٨ ئەندامی ناتۆ واژوویان لەسەر راگەیەنراوی کۆتایی لووتکەکە کردووە کە پابەندیان دەکات بەوەی تا ساڵی ٢٠٢٤ بەڵێنی تەرخانکردنی لەسەدا دووی بوودجەی وڵاتەکانیان بۆ بەرگریی، بەجێبگەیەنن.

ئەوەی کە بووەتە مایەی کاردانەوەی ئەندامانی هاوپەیمانییەکە لەبەرامبەر ترەمپدا، ئەوەیە کە سەرجەم توانا و رۆڵەکانی لە 'پارە'دا کورتکردووەتەوە و داوای ئەوە دەکات کە "دەستبەجێ" بەدەم بانگەوازەکەیەوە بچن.

لای خۆشییەوە راوێژکاری ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ باسی لەوەکرد کە وڵاتەکەی لەچوارچێوەی یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکاندا پشتیوانیی لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کردووە و لە قەیرانی کۆچدا شانی داوەتە ژێر بارێکی قورس و جەختی لەوەشکردووەتەوە کە ئەڵمانیا هەر لە سەرەتاوە بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان، پشتیوانیی پێشکەشی هێزەکانی ناتۆ لە وڵاتە کردووە.

ئەنگێلا مێرکڵ تیشکی خستەسەر ئەوەش کە لە رووی سەربازییشەوە وڵاتەکەی رۆڵی گرنگی بینیوە و لە ئێستادا نزیکەی چوار هەزار سەربازی ئەڵمانی لە ناوچە جۆراوجۆرەکان لە سەرنسەری جیهاندا بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەکەن.

هاوشێوەی ئەڵمانیا، دانیمارکیش پێی وایە پێویستە ئاسایشی هاوبەشی ئەندامانی ناتۆ لەرووی رۆڵی ئەندامەکانەوە، بەشێوەیەکی فراوانتر و گشتگیرتر بخرێتە بەر باس و تاوتوێ بکرێت.

سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، لارس لۆکێ راسموسن، کە وڵاتەکەی لەسەدا ١،٢١ی بوودجەکە بۆ بواری بەرگریی تەرخان دەکات، ئاماژەی بەوەکرد ژمارەیەک لە سەربازە دانیمارکییەکان لە ئەفغانستان گیانیان لەدەستداوە و رایگەیاند: "زۆر بەروونی بۆ ترەمپم باسکرد کە رۆڵی دانیمارک تەنها بە پارە هەڵناسەنگێنرێت".

لەلایەکی دیکەوە، سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، لە لووتکەکەدا رایگەیاند: "باس لە ئاسایشی بەکۆمەڵ دەکرێت.

ئایا دەکرێت ئەو ئاسایشە لە ژمارەدا کورت بکەینەوە؟ نەخێر.

ناکرێت خەرجیی بەرگریی لە ژمارەدا قەتیس بکەین".

ئیمانوێل ماکرۆن باسی لەوەشکرد کە ئامانجی وڵاتەکەی ئەوەیە تا ساڵی ٢٠٢٤ بگاتە ئاستی لەسەدا دوو لە خەرجی بەرگرییدا کە بەڵێندراوە، کاردانەوەش بەرامبەر بە داواکردنی "دەستبەجێ" جێبەجێکردنی ئەمە نیشاندا و پێشی وابوو بانگەوازی ترەمپ سەبارەت بە دابینکردنی لەسەدا چواری بوودجە بۆ خەرجی بەرگریی "بیرۆکەیەکی باش نییە".

چاوەڕوان ناکرێت هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە بەشکردنی خەرجییەکانی ناتۆ گۆڕانکاریی بەسەردا بێت.

ئەو کە لە هەر دەرفەتێکدا بۆی هەڵبکەوێت باس لە بوودجەی بەرگریی دەکات، پێشبینی دەکرێت لە میانی کۆبوونەوەی ساڵی داهاتووی ناتۆدا کە هاوکاتە لەگەڵ ٧٠یەمین ساڵیادی دامەزراندنی هاوپەیمانییەکە، درێژە بە فشارەکانی خۆی لەوبارەیەوە بۆ سەر سەرکردەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ، بدات.




نیشانەکردن


زۆرترین

⋙ لە 6 مانگدا 472 کەس لە کوردستان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون
⋙ بیڤەلەرزەکا 5.2 پلە ل ئیندۆنیزیا دا
⋙ نیویۆرک تایمز: تاجپارێزێ سعوودیێ خاشەقچی کوشتییە
⋙ مەی: دانوستاندنێن برێکستێ پێشڤەچوونێن باش دیتینە
⋙ هه‌سه‌ده‌: شه‌رڤانان د 24 ساتان دا 12 تیرۆرست کوشتن
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ بەوێنە.. ئەو ھونەرمەندە عەرەبانەی کێشی لەشیان دابەزاندووە
⋙ بەڤیدیۆ.. ژاکان حەمە عەلی یەکەمین کلیپی خۆی بڵاو کردەوە
⋙ وێنە: هاوسەرەکەی یەریڤان بێوەفا دەرچوو

Trending