2018/08/13 | 09:00

هەڤاڵ ئەبوبەكر: لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ترسی پێكدادانمان لە سلێمانی رەواندەوە

(هەواڵ كوردستان)- رووداو - سلێمانیپارێزگاری سلێمانی ئۆفیسەكەی بەشێوەیەك گۆڕیوە، كاتێك دەچیتە لای وەك ئەوەیە سەردانی مۆزەخانەت كردبێ.

بەڕە و فەرشی راخستوون و دیوارەكانی بە تابلۆی كوردەواری داپۆشیون.

دوای كێشمەكێشێكی زۆر لە نێوان گۆڕان و یەكێتی لەلایەك، واژۆی سەرۆكی هەرێم بۆ دەستبەكاربوونی لەلایەكی دیكە، دواجار هەڤاڵ ئەبوبەكر پۆستی پارێزگاری سلێمانی وەرگرت.

لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو)، پارێزگاری سلێمانی باسی كاراكردنەوەی پرۆژەكانی شارەكەی دەكات.  رووداو: ئاكامی دوایین سەردانتان بۆ بەغدا، لەبارەی هەڵگرتنی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی بە چی گەیشت؟هەڤاڵ ئەبوبەكر: هەوڵەكانی ئێمە بۆ ئەوەبوو توركیا ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتەكانی فڕۆكەخانەی سلێمانیدا بكاتەوە.

ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراقی كۆبووینەوە، باسی ئەوەمان كرد كە ئەوە پرسێكی سیادییە و پەیوەندی بە سەروەریی عێراقەوە هەیە، بەپێی دەستوور دەبێ ئەوان لەگەڵ توركیا لەسەر هێڵ بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە.

رووداو: تەنیا بەڵێنیان دا؟هەڤاڵ ئەبوبەكر: نووسراوی فەرمییان نارد بۆ دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی توركیا لەڕێگای وەزارەتی دەرەوە و گواستنەوەی عێراقەوە، لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی دووقۆڵی لە نێوان دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی توركیا و عێراق رێكدەخرێ و كۆبوونەوەكە یان لە ئەستەنبوڵ دەبێ یان لە بەغدا، بۆ ئەوەی ئەو دۆسیە یەكلا بكەنەوە.

ئێمە پێشنیازمان كرد بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەشداریی كۆبوونەوەكە بكات، بۆ ئەوەی هەر پرسیارێكیان هەبێ خۆی بە روونی وەڵام بداتەوە.

هەروەها لەڕێگای بەڕێز وەزیری كۆچ و كۆچبەرانەوە نووسراوی فەرمیی پارێزگامان ناردووە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەندا پرسی گەمارۆی توركیا لەسەر فڕۆكەخانەی سلێمانی باس بكرێ‌. 

رووداو: چەند جارێكی دیكە چوونە بەغدا، بۆچی وادەردەكەوێ ئێوە وەك پارێزگاری سلێمانی پەیوەندییەكی خۆشتر و باشترتان لەگەڵ بەغدا هەیە بەراورد بە پارێزگارەكانی هەولێر و دهۆك؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: پەیوەندییەكانمان پەیوەندی حكومین و  هیچ جارێك بەبێ ئاگاداری سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری ناوخۆ نەچوومەتە بەغدا.

لەگەڵ عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەرەوە و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش، پەیوەندییەكانمان یاسایی و فەرمی و رێكخراو و بەهێزن.

لەگەڵ رێكخراوە ناوخۆییەكان و كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانیش پەیوەندیمان بەهێزە.

ئێمە لە سلێمانی 528 كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران هەیە، سنوورەكانی دیكەشمان لەگەڵ حكومەتی ناوەند و ناوچە كوردستانییەكانی وەك جەلەولا و سەعدیەیە كە بە بەغداوە هاوسنووری كردووین، بۆیە زۆر جار لەجیاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو رۆڵەمان بینیوە و لەگەڵ بەغدا هەرچی ئەرك هەبووبێت جێبەجێمان كردووە. 

رووداو: گوتت حكومەت كارئاسانی زۆرتری بۆ هەولێر و دهۆك كردووە؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: حكومەت بۆ هەموو كوردستان ئیش دەكات، بەڵام هەندێك دۆسیە خۆمان كاری تێدا دەكەین.

وەك دۆسیەی فڕۆكەخانەی سلێمانی.

هەروەها بۆ پرسی سووتەمەنی.

وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان لە ساڵی 2014ەوە ئەو دەسەڵاتەی داوە بە هەموو پارێزگارەكان لای خۆیانەوە بەشێوەی لامەركەزی كێشەی سووتەمەنی چارەسەر بكەن.

بۆیە هەر یەكە و بەڕێگایەك و میتۆدێك خەریكی چارەسەركردنی كێشەی سووتەمەنی بووین.

واتە بەهۆی جۆری كێشەكانە كە ئێمە زۆرتر لە بەغدا دەبینرێین.

رووداو: ئێستا لە سلێمانی پرۆژەكان بە جووڵە كەوتوون، لەو رۆژانە گوتت نێچیرڤان بارزانی رەزامەندی لەسەر خەرجكردنی پارەی چەند پرۆژەیەك دەربڕیوە بۆ سلێمانی، پرۆژەكان چۆن دەستیان پێكردەوە؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: كە دەستمان پێكرد، زۆر مەبەستمان بوو بارودۆخێك بخولقێنین‌ سەرمایەگوزاری لە پارێزگای سلێمانی بكەین و بەڵێندەرەكان و وەبەرهێنەكان دەست بە كار بكەنەوە.

سوپاس بۆ خوا سەریگرت و ئێمە لێرە حكومەتداری و دەوڵەتداریی دەكەین نەك حكومەت بۆ قازانجی لایەنێكی سیاسی بەگەڕبخەین.

رۆژی 23ی تەممووز لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت دانیشتین و زۆربەی كێشە ئەمنی و ئیدارییەكانی سلێمانیمان چارەسەر كرد. 

رووداو: مەبەستت چییە لە كێشەی ئەمنی؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: مەبەستم ئەو دۆخە تاڵە بوو كە بەهۆی ململانێی سیاسییەوە دروست بووبوو.

خوانەكردە ترسی پێكدادان و بەریەككەوتن و بەدگومانی لایەنەكان، بەڵام ئەو ترسانەمان رەواندەوە.

هەروەها ئەو پۆستانەی كە مافی گۆڕانن و لە رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتیدا هەن، بەڵێن درا پڕبكرێنەوە و لەڕێگای حكومەتی خۆجێییەوە كێشەكان تێپەڕێنین.رووداو: چەند پۆستن؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: 33 پۆست بوون.

رووداو: گۆڕان پێشتر گوتی نزیكەی 100 پۆست هەن لە پارێزگای سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە كە مافی گۆڕانن و هێشتا نەدراون؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: بەڵێ هەموو ئەو پۆستانە بەپشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پڕدەكرێنەوە.

هەر لەو دانیشتنەدا باسی زۆر شتی دیكەمان كرد و ئەوە بەشێكی قسەكانمان بوو.

باسی ئەوەمان كرد كە پرۆژەكان لە سلێمانی كارا بكرێنەوە و رێگایەكی زۆر ستراتیژیمان هەیە لە شارباژێر، ئەو رێگایە تەواو دەكرێ و ژمارەیەك گوندی زۆر بەیەكەوە دەبەستێتەوە و دەیانبووژێنێتەوە.

هەروەها رێگای دەربەندیخان دروستدەكرێ كە لەڕووی گەشتوگوزارەوە زۆر گرنگن.

پڕۆژەیەكی دیكەمان لە قەرەداخ و رێگاكانی قەرەداخە و پرۆژەیەكی دیكەمان لە دەربەندیخانە.

چەند پرۆژەیەكی دیكەمان لە چەمچەماڵ دەستپێكردووەتەوە.

لەناو شاری سلێمانی دەستمان بە قیرتاوكردنی رێگاوبانەكان كردووە و هەروەها پرۆژەی شوقەكانی سیتەك و زڕگوێزمان هەیە.

پرۆژەی 700 یەكەی نیشتەجێبوون لە قەزا و ناحیەكان، كە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە مانگانە یەك ملیار دینار بۆ تەواوكردنیان خەرج بكات.

سەرەتای ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ بەڕێز سەرۆكی حكومەت كۆبووینەوە و باسی زۆر شتمان كرد.

كۆبوونەوەكە پشتیوانی بوو بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ بەڕێز جێگری سەرۆكی حكومەت، نزیكەی 2 ملیار دینار بۆ كارەبای سلێمانی دانراوە و زیاتر لە 4 ملیاریش بۆ نۆژەنكردنەوەی پرۆژەی ئاوی دووكان و دەربەندیخان دانراوە.

پێداویستی لۆجستی و ئیداریی قەزا و ناحیەكان هەرچی بێت بۆیان تەواو دەكەین.

هەروەها جەختكرایەوە لەسەر تەواوكردنی چەند پرۆژەیەك لە سەرگەڵو و چەند پرۆژەیەك لە ناحیەكانی دیكە و ناو شاری سلێمانی.

پارەی پێویست بۆ پەرەپێدانی پاركی هەواری شار و پاركی ئازادی و بۆ زیاتر سەوزكردنی سلێمانی تەرخان دەكرێ‌.

تاپۆكردنی زەوی مامۆستایانی زانكۆ و دوای كۆتاییهاتنی رێوشوێنەكانی، 700 پارچە زەوی بەسەر مامۆستایانی زانكۆ دابەش دەكرێ.

رووداو: سلێمانی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئێران هەیە و ئەمریكاش ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئێران قەدەغە كردووە، ئەگەر ئەو داوایە لە ئێوە بكرێ، مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران دەوەستێنن؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: بە حوكمی ئەو پێوەرەی كە پێیدەگوترێ دراوسێیەتی باش، لەماوەی رابردوو كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو كارەساتەكاندا  بەدەممانەوە بوون و سنوورەكانی كراوە بوون.

528 كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵیان هەیە.

پەیوەندییەكان خزمەتگوزاری و كۆمەڵایەتی و بازرگانین و دەرفەتی كار و كۆڵبەر و مەرز هەن و بۆ هەردوولا سوودی زۆر باشی هەبووە.

ئەگەر بڕیار هەبێ بۆ داخستنی مەرزەكان و ئەگەر ئەو وڵاتانەش ئەو بڕیارە بدەن، بەدڵنیاییەوە دەڵێم لەبەر ئەوەی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور بەیەكەوە بەستراونەتەوە و ژن و ژنخوازی هەیە و تێكەڵاوی هەیە و سنوور و رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان سنووریان بۆ دروستكردوون، ئەگەر ئەو بڕیارە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بدرێ، لەسەر ئاستە كۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسییەكە ناتوانی جێبەجێی بكەی، چونكە رابردوو و ئێسك و زمان و فەرهەنگیان و خوێنیان تێكەڵ بووە و ناتوانی رێگری بكەی، بەڵام هەر بڕیارێك بدرێ، حكومەتی عێراق دەیدات و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش هەرچی بكات ئەوە دەكەین.

رووداو: دەگوترێ لە دوو ساڵی رابردوودا وەبەرهێنی هەولێری هەبوون ویستوویانە بێنە سلێمانی و بەپارەی خۆیان پرۆژە بكەن، بەڵام رێگەیان پێنەدراوە؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: هیچ ئۆڤەرێكی وا نەخراوەتە بەردەستی ئێمە تاوەكو دراسەی بكەین.

ئێمە لەسەر 3 بنەما دەستمان بە كار كردووە، حكومەتێكی باش بین بۆ خەڵك، بایەخ بە خزمەتگوزاری بدەین و سەرمایەگوزاری فەراهەم بكەین.

ئێمە دەرگامان بۆ وەبەرهێنی بیانی كردووەتەوە و دەمانەوێ كار بكەن، چجای وەبەرهێنی خۆمان بێت.

من لە هەولێر لەگەڵ وەبەرهێنەران قسەم كرد و داوام كرد لە سلێمانی كاری وەبەرهێنان بكەن.

بەڵێنی پشتیوانییان داوە، نەك هەر پرۆژەكانی وەبەرهێنان، بگرە ئامادەن لە دروستكردنی قوتابخانە و نەخۆشخانەشدا هاوكاریمان بكەن.

تەنانەت لیستێك ناوی ئەو وەبەرهێنە بەڕێزانەی هەولێریشم لایە كە بەڵێنیان داوە پرۆژە بهێننە سلێمانی.

كوردستان یەك پارچەیە، ئێمە لەسەر بنەمای ناوچەگەری كارناكەین.

رووداو: بەڵام ژمارەیەك وەبەرهێنەری سلێمانیش هەن ئامادەنین پرۆژەكانی خۆیان تەواو بكەن، بۆ داوایان لێناكەیت دەستبەكار ببنەوە؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئەوانەی وەبەرهێنەری نیشتمانین و بە پارەی خۆیان كاردەكەن، دەستیان پێكردووە.

بەڵام هەشە وەبەرهێنی نیشتمانی نییە و بەپارەی خەڵك و حكومەت كاری كردووە، بەداخەوە لە رابردوودا بەشێكی زۆری وەبەرهێنان بەر ئەمانە كەوتووە و وەستاندوویانە.

لەم چەند رۆژە نەخۆشخانەیەكی تایبەتمان كردەوە، هەروەها بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی شۆڕش و شارمان كردەوە كە كەرتی تایبەت كردوویەتی.

وەبەرهێنان پێویستی بە ئارامی هەیە و سوپاس بۆ خوا ئێمە لەشەڕی داعش رزگارمان بوو.

دەبێ كەشی ئارام بۆ راكێشانی وەبەرهێنەر دروستبكەین و من داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی پارێزگای سلێمانی دەكەم، ئارامی پارێزگاكە بپارێزن و ململانێ سیاسییەكانیان بەجۆرێك بێت، لە چوار ساڵی داهاتوودا، خەڵك بە تاسەوە بچن بۆ هەڵبژاردن.

لە دوا كۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای نەوت و غاز، حكومەت بڕیاری داوە لەم مانگەوە پێشینەیەكی 50 ملیۆن دۆلاری بەسەر بەڵێندەراندا دابەش بكات و لەمەودواش مانگانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ بوژانەوەی ئەو سێكتەرە خەرج بكات.

رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی چۆنە؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئێمە حكومەتداریی دەكەین.

پەیوەندییەكانمان یاسا دیاریدەكات و پەیڕەوی ناوخۆی حیزب دیاریناكات.

لەگەڵ ئەو دوو بەڕێزە بەڵێنمان داوە دەوڵەتداریی بكەین.

لە دوای 16 ئۆكتۆبەرەوە وڵاتانی ئەوروپیش بڕیاریانداوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتەكان بكەن نەك حیزبەكان.

بە حیزبەكانیشمان گوتووە ئێمە دەوڵەتداری بۆ كۆی خەڵك دەكەین نەك بۆ حیزبێكی دیاریكراو.

ئەوانەی كێشە دروستدەكەن، هەوادار و كادر و بەرپرسی نێو حزبەكانن و ئێمەی نێو حكومەت نین.

رووداو: نەوشیروان مستەفا پێش ئەوەی كۆچی دوایی بكات، هیچ راسپاردەیەكی بۆ تۆ هەبوو، ئەگەر ببی بە پارێزگار جێبەجێی بكەی؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: خوا ئەو دەرفەتەی بەمندا پێشتر هەموو ئەو شتانە بنووسم كە دەیویست و حەزیدەكرد حكومەت بیكات.

كاك نەوشیروان هانی دەداین، حكومەتداریی بكەین و بە یەكسانی خزمەتی خەڵك بكەین  و دەستی حیزب لە حكومەت دووربخەینەوە و بەیەك چاو سەیری هەمووان بكەین، ئەو بەو هەموو خەبات و قوربانیدانە كە نەخشەداڕێژەری راپەڕین بوو و زمانی زۆری دەزانی، ئامادەنەبوو ببێتە پارێزگاری سلێمانی، بەڵام شەڕی سەختی كرد بۆ ئەوەی ئێمە ببینە پارێزگاری سلێمانی.

ئەوەی زۆر گرنك بوو بەلایەوە، دەیویست بایەخ بەڕێگاوبانەكان بدەین، دەیگوت رێگاوبانەكان وەك دەماری گواستنەوەی خوێن وان.

هەروەها دەیگوت بایەخ بە گوندەكان بدەین و كشتوكاڵ پەرە پێبدەین .

ئەو پێیوابوو نابێ تەنیا بیر لەوە بكەینەوە بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد بكەین، بەڵكو دەبێ هوشیاریی بڵاوبكەینەوە كە خەڵك دەست بە كارەباوە بگرن.

بە وردی باسی كەرتی تەندروستی دەكرد و دەیگوت دەبێ سلێمانی وا لێبكرێ ببێتە سەنتەری چارەسەر و خەڵك رووی تێبكەن، ئێستا سلێمانی لەرووی كەرتی تەندروستییەوە زۆر پێشكەوتووە.

هەروەها ئەو بڕوای بەوە بوو كە دەبێ ئێمە حكومەت بەهێز بكەین و حكومەت لەگەڵ خەڵك ئاشت بكەینەوە.

من بە ئەمانەتەوە دەڵێم كە لەو ماوەیەدا زۆر ئیشم لەسەر ئەوە كردووە.

رووداو: تۆ ئێستا دەستكراوەیت؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: ئیدارەدان بەردەوام مامەڵە لەگەڵ كێشە دەكات، لەگەڵ هەموو هەڕەشەیەك هەوڵدەدەین دەرفەت دروست بكەین.

لەهەموو ململانێیەك خۆشەویستی بونیاد دەنێین.

گرفتی بەردەوام هەیە، بەڵام هەوڵدەدەین چارەسەریان بكەین.

رووداو: بەڵام هەموو كێشەیەك بە تۆ چارەسەر نابێ، خۆت باش تێدەگەی كاتێك یەكێتی و گۆڕان نێوانیان گرژ بێت گوێ لە تۆ ناگرن؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: كێشەكان ل ەمن گەورەتر نین و ئێمەش بە قەبارەی خۆمان دەچینە ناو كێشەكانەوە.

لەدوای ئەوەی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەنگم پێدراوە، پشتیوانی ئەنجوومەن و حكومەتیشم هەیە و لەوەدا توانیومانە سەركەوتوو بین.

ئەو هەموو ناكۆكییەت بینی لە سلێمانی، بەڵام بەریەككەوتن و كوشتن و لێدان لە رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر نەبوو.

دەرفەتی هاوسەنگمان بۆ هەموویان دروستكردووە.

لەوانەیە حیزبەكان گرفتیان هەبێ‌ لەگەڵ یەكدی، بەڵام نەمانهێشتووە تێكەڵ بە كاری حكومەت ببێ.رووداو: هەڵبژاردن بەڕێوەیە، چیتانكردووە بۆ ئەوەی ئارامی سلێمانی بپارێزن؟هەڤاڵ ئەبوبەكر: رامانگەیاندووە ماڵ و موڵكی حكومی و مرۆیی بەكارناهێندرێ بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن  و دەرفەتی یەكسان بە هەموو لایەنەكان دەدەین و داوایان لێدەكەین بە ئارامی و مەدەنیانە كار بكەن و لەگەڵ كۆمسیۆن و شارەوانی و لێژنەی ئەمنی قسەمانكردووە و دەبێ پرۆسەكە سەركەوتووبێ، نەك ئەوەی چ لایەك سەركەوتوو دەبێ.

سەركەوتن ئەوەیە نەهێڵین جارێكی دیكە ساختەكاریی هەبێ و خەڵك متمانەی بەهەڵبژاردن نەمێنێ و شەڕ و بەریەككەوتن رووبدات.رووداو: ئەگەر هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان نەكرا، لە مانگی 12 پارێزگارەكان چیان بەسەردێ؟

هەڤاڵ ئەبوبەكر: پارێزگارەكان كێشەیان نییە.

یاساكە دیاریكردووە كە پارێزگار بەردەوام دەبێ تاوەكو ئەنجوومەنێك هەڵدەبژێردرێ و راگەیێندراوێك دەردەكات بۆ دەستەبەكاربوونی ئەنجوومەنەكە و دواتر پارێزگار دیاریدەكرێ، ئەوكات ئێمەش دەستاودەستی دەسەڵاتی لەگەڵ دەكەین.

بەڵام بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەن، دەبێ ئەنجوومەنی وەزیران ئەو بڕیارە بدات كەی هەڵبژاردن دەكرێ.

ئەو پرسیارە پێویستە لە ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان بكرێ‌.

خۆزگە لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرا.




نیشانەکردن


زۆرترین

⋙ لە 6 مانگدا 472 کەس لە کوردستان بەهۆی ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون
⋙ بیڤەلەرزەکا 5.2 پلە ل ئیندۆنیزیا دا
⋙ نیویۆرک تایمز: تاجپارێزێ سعوودیێ خاشەقچی کوشتییە
⋙ مەی: دانوستاندنێن برێکستێ پێشڤەچوونێن باش دیتینە
⋙ هه‌سه‌ده‌: شه‌رڤانان د 24 ساتان دا 12 تیرۆرست کوشتن
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ بەوێنە.. ئەو ھونەرمەندە عەرەبانەی کێشی لەشیان دابەزاندووە
⋙ بەڤیدیۆ.. ژاکان حەمە عەلی یەکەمین کلیپی خۆی بڵاو کردەوە
⋙ وێنە: هاوسەرەکەی یەریڤان بێوەفا دەرچوو

Trending