2018/08/13 | 09:35

16 ی ئابی ئێمە جیاوازە!

(هەواڵ كوردستان)- لەبیرم دێت، دەمەو نیوەڕۆ بوو، من و جەمالی هاوڕێم لەگەڵ بەرغەلەكەمان لە پشت مەكتەبەكەی ئاواییەوە، چەند مەترێك لەسەرووی ئەو جادەیەی گوندی نۆرك و بۆسكانی بەیەكەوە دەبەستەوە، لەبن دەوەنێكی چڕدا دانیشتبووین.

بەرخەكان خەریكی مڵومووش بوون.لەدوورەوە چەند پیاوێكمان بەدی كرد كە بەپێ بەجادەكەدا رووە و بۆسكان ملی رێگایان گرتبوو، لێمان نزیك دەبوونەوە، خەریك بوو بە بەردەمماندا رەت دەبوون، یەكێك لە پیاوەكان گوتی: ئەوە كەی حەمەئەمین گوڵچین شەهید بووە.ئێمە هیچ وەڵامێكمان نەدانەوە.راستیەكەی من باش تێنەگەیشتم و نەمزانی باسی چی دەكات، نازانم جەمال تێگەیشت یان نا، ئێمە هەمووی چەند سەد مەترێك لە سەرقەبرانی ئاواییەوە دووربووین، بەڵام هەستمان بە هیچ نەكردبوو.دوای نیوەڕۆ، دەمەو عەسر بەرەو لای ئاوایی دەگەڕاینەوە، چەند پێشمەرگەیەك بەشێوەیەكی سەربازی لە دوو ریزدا لەبەردەم قەبرێكی تازە هەڵكەنراو ریزببوون، شەهید فەتاح ئاغا كە پێشتر چەند جارێكی دیكە بینیبووم و دەمناسییەوە، لەبەردەمی ریزی پێشەوەی پێشمەرگەكاندا وەستابوو، باڵایەكی بەرز و كەڵەگەت، دەمانچەیەك بەقەدەوە، بەخەمگینی لەپێش پێشمەرگەكانەوە وەستابوو، بەڵام هەموو بێدەنگن و كەس سرتەی لێوە نەدەهات، تەنیا جار جارێك باعەباعی یەكێك لە بەرخەكان بێدەنگیەكەی دەشكاند، ئێمە لە تەنیشتیانەوە دەڕۆین، ئەوان هێشتا بێ سرتە وەستاون بەدیار قەبرێكی تازە هەڵكەنراوەوە كە بەلای ئێمەشەوە نامۆیە.

هەستێكی منداڵانە، هێشتا وەكو دەڵێن سپی و رەش لە یەك جیاناكەینەوە، ئێمە ناپرسین چی بووە و كەسیش بۆمان باس ناكات، بەڵام حەپەساوین.

لەبەردەمی ماڵی خاڵە مەجیدەوە خۆمان دەكەین بە نێو ئاواییدا، ئاوایی بەتەواوەتی شێواوە، دەنگی گریان لای ماڵی ئێمەوە دێت.

خاڵۆ مەجید دەبینم هەموو سەرشانەكانی قوڕە، وەكو شێت بەبەردەمی ماڵی ئێمە و حاجی سەعیددا دێت و دەچێت.

بەرخەكان هەرزوو خۆیان دەكەن بەحەوشەكەدا و هەریەكە دایكی خۆی دەدۆزێتەوە و دەست بە مڵچەمڵچی شیرخواردن دەكەن.

من و جەمال لەیەك جیابووینەتەوە، ئەوان ماڵەكەیان دەكەوێتە سەرەتای ئاواییەوە، لەخوار ئەو رێگایەی كە دەچێت بۆ كارێز، بە بەردەمی مەكتەبەكەماندا درێژ دەبێتەوە.بەبینینی من، خاڵۆ مەجید هێندەی دیكە دەشڵەژێت و بەرەو رووم دێت: "ماڵمان كاول بوو، قوڕ كرا بەسەرماندا، خاڵەمین (كورتكراوەی حەمەئەمینە، وایان بە باوكم دەگوت) بەجێیهێشتین"...

هێشتا من هەر تەقەی سەرم دێت، ئەوەتا ماڵ هەمووی وەكو خۆی بەپێوەیە، دارگوێزەكان لەجێگای خۆیان نەبزووتوون، شاتووەكانی بەردەم مزگەوتی ئاوایی لەجێگای خۆیانن ...

باسی چی دەكات، خاڵۆمەجی؟!لەناكاو دایكم دەبینم بە قژڕنینەوە بەرەوڕووم دێت، ئیدی تێدەگەم قەوماوە، دایكم بە دەم گریانەوە باوەشم پێدا دەكات، هەستدەكەم روومەتەكانی ژاكاون و شوێنی رنینەوەیان پێوە دیارە، خەبەرە ناخۆشەكەم دەداتێ: ئیدی باوكتان نابیننەوە، ئیدی ئەو شەهید بوو..

جارێكی تر لەباوەشتان ناگرێت!تێدەگەم باسی مردنە، بەڵام شەهیدبوون هێشتا لای من چ مانایەكی نییە، نازانم شەهیدبوون چییە، بەڵام تێدەگەم كە رۆژگارێكی سەخت چاوەڕێمان دەكات.

دەمزانی كەسێك باوكی بمردایە، پێیان دەگوت "هەتیو بووە"، وشەیەك كە ئێستاشی لەگەڵدابێت، هێندەی هەموو دنیا رقم لێیەتی.من ئەوكاتە تەمەنم شەش ساڵ بوو، تەنیا وێنەیەكی شێواوی باوكم لەیاد ماوە، پیاوێكی لاوازی تا رادەیەك كەڵەگەت، هەمیشە جامانەی بەسەرەوە بوو، ئەوكاتانەی لە شەڕ دەهاتەوە، دەمانچەیەك و چەند هێردەكێكی بە شل و شێوای دەبەست و كڵاشینكۆفێكیشی بەشانەوە بوو، ئەوە هەموو یادگارییەكی منە كە لەبیرم بێت لەگەڵ باوكم.

بەسەرهاتی تفەنگەكەی باوكم كە دوای شەهیدبوونیشی پاراستبوومان، بۆخۆی چیرۆكێكە.رێكەوتێكی سەیرە، 16 ی ئابی 1974، بڵێسەی ئاگری شۆڕش لە بەرزیدایە، چیایەكی بەرزی وڵات لەلایەن داگیركەرەوە دەستی بەسەردا گیراوە، چیای بە هەیبەتی كۆرەز.

هێزێكی گەورەی پێشمەرگە لە سلێمانییەوە بەهاواری ئەو دەڤەرەوە دەچن، دوای شەڕێكی دەستەویەخە، چیاكە لەژێر دەستی داگیركەر دەردەهێننەوە، بەڵام 27 پێشمەرگە شەهید دەبن و لەو ژمارەیەش زیاتر بریندار دەبن، یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە شەهید دەبێ باوكی من، حەمەئەمین گوڵچینە كە سەرلق بوو لە هێزی خەبات.

هەتاوەكو ئێستا دەیان جار چیرۆكی شەهیدبوونی باوكمم لەو پێشمەرگانە بیستووە كە لەگەڵیدابوون و هەندێكیان لە ژیاندا ماون، ئەگەرچی گێڕانەوەكان جیاوازیش بن، بەڵام هەموویان شایەتی لەسەر یەك شت دەدەن: ئازایەتی، خۆنەویستی و نیشتیمانپەروەری.بەڵێ رێكەوتێكی سەیرە، ئەو پۆلە پێشمەرگەیە لە 16ی ئابی 1974 دا شەهید دەبن، پارتیش هەر لەو رۆژەدا دامەزراوە و هەموو ساڵێك یادی دەكەنەوە، بەڵام ئەوە چل و چوار ساڵ تێدەپەڕێ و هێشتا بەرپرسێكی ئەو حیزبە لەو رۆژەدا خۆی نەكردووە بە ماڵماندا، هێشتا بەرپرسێكی پارتی لەو بۆنەیەدا، مەبەستم رۆژی شەهیدبوونی باوكمە، سەردانێكی دایكمی نەكردووە كە پرچی سپی هۆنیوەتەوە و هەموو ژیانی خۆی بۆ بەخێوكردنی ئێمە تەرخان كرد و وەفادار بەرانبەر باوكم و نەتەوەكەی مایەوە.بەڵێ، 16ی ئابی ئێمە جیاوازە، ئێمە لەو رۆژەدا خوێنمان دا، كەچی ئێستا دەبینم كۆنە بەعسییەكان پێشوازییان لێدەكرێت و باوەشیان پێدادەكرێت.

هەرچەندە خوێنی باوكم و هەزارانی وەكو ئەو كە بۆ نەتەوە و خاك خۆیان بەشەهیدكردن داوە، لەوە گەورەترە بەرپرسێك سەردانی كەسوكاریان بكات.

دوای تەمەنێك، هێشتا دایكم لەناخی خۆیدا هەموو 16ی ئابێك، چركە بە چركەی ژیانی خۆی بەبیردێتەوە و دوا رۆژەكانی دەژمێرێت.

كەچی هەتا بێت، ئێمە و دایكم خاكمان لا شیرینتر دەبێت[email protected]




نیشانەکردن


زۆرترین

⋙ تورکیا: ژ 10 ڤێ مەهێ باجا ئەمریکا زێدە بوویە
⋙ : "توركیا و ئێران دەتوانن له‌بواری پیشه‌سازی به‌رگریدا هاریكاری بكه‌ن"
⋙ یوڤێنتوس بۆ ماوەیەکی درێژ پارێزگاری لە پیانیچ دەکات
⋙ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کۆتایی بە کارکردن لە ئێران هێنا
⋙ ئەمریکا.. 2 سیخۆرێن ئیرانی هاتن گرتن
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ ب ڤیدیۆ – تێشتا سپێدا جەژنێ ل گۆندێ بالندا
⋙ بەوێنە.. نادیە موراد هاوسەرگیری کرد
⋙ ب ڤیدیۆ – هه‌موو مێشێن مێشه‌ڤانه‌كێ ب ئه‌گه‌ره‌كێ نه‌دیار مرن

Trending