2018/08/13 | 09:35

چوار حیزبەكە دەچنە بەغدا و پرۆژەیەكی هاوبەشیش ئامادە دەكەن

(هەواڵ كوردستان)- رووداو - سلێمانیبەرپرسانی چوار حیزبە ناڕازییەكە لە ئەنجامی راگەیێنراوی هەڵبژاردن، ئەنجامی بەدەست ژماردنەوەی بەشێك لە سندووقەكانی دەنگدان رەتدەكەنەوە، بەڵام بە زمانێكی نەرمتر راگەیێندراوێكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە.

داخوازی "دیالۆگی نیشتمانی" پەنجەرەیەكی نوێیە بە رووی پارتی و یەكێتی و هێزە سیاسییەكانی دیكەی عێراقدا كردوویانەتەوە، بەڵام بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی هیوادارە دوو هێزەكەی دیكە وەك دەرفەتی فڕوفێڵ و كاتكوشتن سەیری ئەو مێزی دانوستاندنە نەكەن كە ئەوان باسیان كردووە "پارتی و یەكێتی چەند جارێك داوای گفتوگۆیان كردبوو، ئێمە رەتمانكردبووەوە، بەڵام دیالۆگی نیشتمانی لە پێناوی مافە دەستوورییەكانی خەڵك دەكەین".رێگەی بەغدا بۆ پارتی و یەكێتی ئاڵۆزە، بەڵام بۆ چوار حیزبە ناڕازییەكە ئاڵۆزترە، چونكە ئەوان بەهۆی ئەوەی ژمارەی كورسییەكانیان كەمترە، لەو نێوەندی پڕ لە كێشمەكێش و ململانێیەدا پێویستیان بە دانایی و كارتی بەهێزە تاوەكو لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا گوێلێگیراو بن.

بەڵام ئەوان چی دەكەن؟رێبوار كەریم، گوتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری دەڵێ "ساخ بووەتەوە چوار لایەنەكە دەچنە بەغدا بۆ بەشداریی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق"، لە راگەیێندراوی هاوبەشی چوار حیزبەكەدا هاتووە كە ئێمە گفتوگۆ و دیالۆگی هاوبەشی نیشتمانی بەپێویست دەزانین لە پێناوی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، بەڵام رێبوار كەریم دەڵێت ئەوە بە مانای رازیبوون نییە بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن.گوتەبێژی هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری باسی درێژەكێشانی كاری هاوبەش و پێكەوەیی چوار لایەنەكە دەكات و دەڵێت: "پلانی هاوبەشی چوار حیزبەكە ئامادەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسەی سیاسی عێراق".

بەڵام پێش چوونە بەغدا، هێشتا ئەوان پێداگیری دەكەن لەسەر ئەوەی تانە لە ئەنجامی هەڵبژاردن بدەن :"قۆناغی یەكەم گوتوومانە ساختەكاری هەیە و دەبێ چارەسەر بدۆزرێتەوە.

قۆناغی دووەم گوتوومانە دیالۆگێكی نیشتمانی پێویستە بۆ ئەو قۆناغە و بۆ دەربازكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان لەو قەیرانە".رۆژی 11ی ئابی 2018، سەركردەی یەكەمی هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان، یەكگرتووی ئیسلامی، هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەری و كۆمەڵی ئیسلامی، لە گردی زەرگەتەی سلێمانی كۆبوونەوە.

هەرچەندە بەپێی زانیارییەكان لەو كۆبوونەوەیەدا بە چڕی باس لە دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یان بەڕێوەچوونی لە وادەی خۆیدا كراوە و داوایان كردووە دژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن نەبن لە 30 ئەیلوولدا، دواتر باسی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بەشداریی لە حكومەتی داهاتووی بەغدا و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی ژماردنەوەی دەنگەكان كراوە و بڕیار دراوە لەمەولا داخوازی پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ رەتنەكەنەوە "بەڵام بە مەرج".ئەندامێكی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێ راستە ئەوان دیالۆگی نیشتمانی بە پێویست دەزانن "بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە كە تێبینیمان لەسەر پارتی و یەكێتی نییە و ئەو ساختەكارییە لەبیر دەكەین كە لە هەڵبژاردن كرا".

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێ: "مەبەستمان لە دیالۆگی نیشتمانی ئەوەیە لە حكومەتی داهاتووی عێراقدا مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان نەبنە قوربانی ململانێی سیاسی و كورد پەرتەوازە نەبێ، بۆ ئەوەی پارتی و یەكێتی بەناوی نوێنەرایەتی خەڵكی هەرێمی كوردستان، لەپێناو پۆست و داخوازی حیزبی خۆیان پرۆژە ئامادە نەكەن و وەك ساڵانی رابردوو تەنیا بیر لە پۆست و دەستكەوتی حیزبی بكەنەوە، لەبەر ئەوە گفتوگۆیان لەگەڵ دەكەین".لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 12ی ئایاری پەرلەمانی عێراق، چەند جارێك پارتی و یەكێتی داوای دروستكردنی شاندی هاوبەشیان كردووە.

تەنانەت چەند جارێكیش بزووتنەوەی گۆڕان داخوازی یەكێتی رەتكردووەتەوە بۆ دانیشتنی دووقۆڵی و داوای ئەوەی لە یەكێتی كردووە پێش داوای كۆبوونەوە، داوای لێبووردن بكات بەهۆی رووداوەكەی ئێوارەی 12ی ئایار كە تەقە لە ئۆفیسی سەرەكی بزووتنەوەكە لە سلێمانی كرا.عوسمان كاروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێ :"هیوادارین ئەو مێزی گفتوگۆیەی ئێمە باسی دەكەین، پارتی و یەكێتی وا سەیری نەكەن كە بیانەوێ ئەوەی لە بەرەكانی شەڕ و فێڵكردن بەدەستیان نەهێناوە لەسەر ئەو مێزە بەدەستی بهێنن.

چونكە ئێمە باسی گفتوگۆی راستەقینە و نیەتی باشمان كردووە".

گوتیشی: "هەرچەندە من وەك خۆم هەرگیز چاوەڕێی ئەو دانوستاندنە راستەقینەیە ناكەم لەو دوو حیزبە".عوسمان كاروانی، پێیوایە زووە بۆ ئەوەی بگوترێ دەچنە بەغدا، لەبەر ئەوەی هێشتا دۆخی عێراق تەمومژاوییە و ئەوسەری تونێلەكە لە كەسەوە دیار نییە "جارێ باسی چوونە بەغدا نەكراوە، بەڵام ئەگەر قسە لەسەر چوونە بەغدا بێتە پێشەوە، ئەو چوار لایەنە میكانیزم و بەرنامەی هاوبەش و داڕێژراوی خۆیان هەیە و پێكەوە دەچنە بەغدا".لەوەتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیێندراوە، بەغدا بووەتە پایتەختی ناڕەزایەتییەكانی خەڵك لە حیزبەكان و پرۆسەی سیاسی و نەبوونی خزمەتگوزاری.

لەولاشەوە، پارت و قەوارە و هاوپەیمانێتییەكان بەردەوامن لە دانوستاندنی ناڕوون و نهێنی.

بەجۆرێك هاوپەیمانییە پێكهێنراوەكان لە ماوەی هەفتەیەكدا وەك بەفری بەرهەتاو دەتوێنەوە و سەرلەنوێ دەموچاوی دیكە هاوپەیمانی رادەگەیێنن.

سەرباری هەموو ئەوانەش، هێشتا چاوەڕوانی دادگای فیدراڵی بۆ راگەیاندنی كۆتایی ئەنجامەكان، نەیهێشتووە پەردە لەسەر گفتوگۆكان لابچێت.بەرپرسێكی باڵای چوار حیزبەكە، دەڵێ ئەوان كە دەڵێن دیالۆگی نیشتمانی، مەبەستیان ئەوەیە "ئێمە پرۆژەیەك ئامادە دەكەین بۆ بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی عێراق و دەبێ لەگەڵ پارتی و یەكێتی گفتوگۆ بكرێ بۆ ئەوەی پرۆژەیەكی هاوبەشی كوردستانی ئامادە بكرێ و ئەو پرۆژەیە بنەمای دانوستاندن بێت لەگەڵ بەغدا".گوتیشی: "لەو پرۆژەیەدا مەرجی ئێمە ئەوەیە نابێ بەهیچ شێوەیەك پۆستەكانی بەغدا پرسی گرنگ بن و دەبێ تەنیا داكۆكی لە جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان بكرێت.

بابزانین وەڵامی پارتی و یەكێتی چی دەبێت بۆ راگەیێندراوەكەی ئێمە".

ئەو بەرپرسە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رەتیدەكاتەوە مەبەستیان دروستكردنی شاندی هاوبەش بێت لەگەڵ پارتی و یەكێتی و دەڵێ: "ئێمە هەرچەندە تێبینی زۆرمان لەسەر پارتی و یەكێتی هەیە، بەڵام كاتێك دەڵێین مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان، دەزانین ئەو پرۆژە هاوبەشە كوردستانییە بەبێ دیالۆگ لەگەڵ پارتی و یەكێتی ناكرێ".




نیشانەکردن


زۆرترین

⋙ تورکیا: ژ 10 ڤێ مەهێ باجا ئەمریکا زێدە بوویە
⋙ : "توركیا و ئێران دەتوانن له‌بواری پیشه‌سازی به‌رگریدا هاریكاری بكه‌ن"
⋙ یوڤێنتوس بۆ ماوەیەکی درێژ پارێزگاری لە پیانیچ دەکات
⋙ کۆمپانیای تۆتاڵی فەرەنسی کۆتایی بە کارکردن لە ئێران هێنا
⋙ ئەمریکا.. 2 سیخۆرێن ئیرانی هاتن گرتن
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ ب ڤیدیۆ – تێشتا سپێدا جەژنێ ل گۆندێ بالندا
⋙ بەوێنە.. نادیە موراد هاوسەرگیری کرد
⋙ ب ڤیدیۆ – هه‌موو مێشێن مێشه‌ڤانه‌كێ ب ئه‌گه‌ره‌كێ نه‌دیار مرن

Trending