English | عربي

هونەرمەندانی هەولێر هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی تەڵعەت سامان دەردەبڕن


هونەرمەندانی هەولێر هاوخەمی خۆیان بۆ کۆچی دوایی تەڵعەت سامان دەردەبڕن

2019/01/14 | 20:40

(هەواڵ كوردستان)-

ئێوارەی ئەمڕۆ بەهۆی ڕووداوێکی هاتووچۆوە هونەرمەند و دەرهێنەری ناسراوی کورد و شاری هەولێر تەڵعەت سامان کۆچی دوایی کرد و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە شێوەی جیاواز هونەرمەندانی شاری هەولێر هاوخەمی خۆیان بۆ ئەو هەواڵە دەردەبڕن.

 

تەڵعەت سامان کە یەکێکە لە هونەرمەندە ناودارەکانی کورد و لەماوەی تەمەنی خۆیدا کاری دەرهێنانی بۆ دەیان دراما و شانۆ کردووە و یەکێک لە ناودارترین کارەکانی بریتییە لە زنجیرە درامای "کەوەکانی قەرەچووخ" کە لە سەرەتای دەیەی نەوەتی سەدەی ڕابردوو بەرەمهێنراوە، لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی تەڵعەت سامان، هونەرمەندی ناسراوی کورد ئیبراهیم حەکیم کە ڕۆڵی سەرەکی لەو زنجیرە درامایەدا بینیوە بە بڵاوکردنەوەی نووسینێک لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی هاوخەمیی و نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە.

 

ئیبراهیم حەکیم نووسیویەتی"هەواڵی مردنی ئازیزان چەندە گرانە، چەندە بە ئازار و ژانە، كۆچی دوایی مامۆستا و هاوڕێ و هونەرمەندی گەورە تەڵعەت سامان لە ناخەوە منی هەژاند، خزمەتێكی گەورەی بە شانۆ و درامای هەولێر كرد، بیستنی ئەو هەواڵە مردنێكە، هیچ وەسفێكی نیە، مێژوێكی پڕ لە رێز و خزمەت بە پرسی نەتەوەیی بۆ خۆی تۆمار كرد ،رۆحت شاد مامۆستا".

 

لەلایەن خۆیەوە هونەرمەندی ناسراوی شاری هەولێر شێرزاد پۆلیس لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە رێگەی نووسینێکییەوە نیگەرانیی و خەمی خۆی دەربڕیوە و تەڵعەت سامانی بە قوتابخانەی هونەری کوردی وەسف کردووە " نووسویەتی" هێشتا زۆر زوو بوو بۆ قوتابییەکانت ، ئەکتەرەکانت ، هاوڕێکانت بەجێبێڵی و سەفەری ئەبەدی بکەی".

 

هەروەها هەریەک لە هونەرمەندان "شوکڕەڵڵا شێخانی" و "کارۆخ ئیبراهیم" و چەندین هونەرمەندی دیکەی کورد بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی بە شێوازی خۆیان نیگەرانیی خۆیان بۆ ئەو هەواڵە دەربڕیوە.

 

تەڵعەت سامان، لە ساڵی ١٩٤٥ لە هەولێر لە دایک بووە، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بە کاری هونەری کردووە، کاری دەرهێنانی بۆ چەندین فیلم و زنجیرە دراما کردووە، هەروەها بە یەکێک لە دەرهێنەرە بە ئەزموون و بە ناوبانگەکانی کورد ئەژمار دەکرێت.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending