English | عربي

  ☵ گرنگترین هه‌واڵ



ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی داعش بۆ كوشتنى قوربانییه‌كانى به‌كارى ده‌هێنا ده‌ڕووخێندرێت

2019/01/14 | 22:50

(هەواڵ كوردستان)- ده‌سه‌ڵاتدارانى نه‌ینه‌وا، ده‌ستیان به‌ڕووخاندنى ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ كرد، كه‌ داعش له‌ماوه‌ى ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنى مووسڵدا، قوربانییه‌كانى به‌ تۆمه‌تى "هاوه‌ڕه‌گه‌زبازى" له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كه‌وه‌ هه‌ڵده‌دایه‌ خواره‌وه‌.

 

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، شوفڵ و ئامێره‌كانى شاره‌وانى مووسڵ ده‌ستیان به‌ڕوخانى باڵه‌خانه‌ى كۆمپانیای ته‌ئمینی ئه‌هلى له‌ خۆرئاواى مووسڵ كرد.

 

باڵه‌خانه‌كه‌ كه‌ له‌حه‌وت نهۆم پێكده‌هات و له‌لایه‌ن ئه‌ندازیار ره‌فعه‌ت چادرچی له‌ ساڵانى شه‌سته‌كانى سه‌ده‌ى ڕابردوو دروست كرا، به‌یه‌كێك له‌ باڵه‌خانه‌ به‌ناوبانگه‌كانى شارى مووسڵ دادنه‌را، به‌ڵام داعش بۆ مه‌به‌ستێكی دیكه‌ به‌كاری هێنا.

محه‌ممه‌د جاسم، به‌ڕێوه‌به‌رى كه‌رتى شارى كۆن له‌ مووسڵ، ڕای گه‌یاند: "باڵه‌خانه‌كه‌، بینایه‌كی ئاساییه‌ و شوێنه‌وارێكی مێژوویی نییه‌، به‌هۆى شه‌ڕه‌كانیشه‌وه‌ به‌ته‌واوه‌تى تێكچوو بوو".

 

ڕوونیكرده‌وه‌، كه‌ لیژنه‌یه‌ك بۆ پشكنینی باڵه‌خانه‌كه‌ پێكهێنرا و لیژنه‌كه‌ بڕیاری دا، كه‌ چیتر شیاوى ئه‌وه‌ نییه‌ نۆژه‌ن بكرێته‌وه‌، گوتیشی: "ئێستا گفتوگۆ له‌باره‌ى ڕووخاندنى چه‌ند بینایه‌كی دیكه‌ش ده‌كه‌ین، كه‌ به‌هۆى شه‌ڕه‌كانه‌وه‌ زیانیان پێگه‌یشتووه‌، له‌نێویشاندا باڵه‌خانه‌ى لقى بانكى ناوه‌ندی له‌ مووسڵ".

ڕیكخراوى تیرۆریستى داعش له‌ناوه‌ڕاستى مانگى حوزه‌یرانى 2014 ده‌ستى به‌سه‌ر مووسڵ گرت، دواى زیاتر له‌ سێ ساڵ، به‌هاوكارى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، له‌مانگى ئۆكتۆبه‌رى 2017 مووسڵ ڕزگار كرا.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending