English | عربي

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە


سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە هەولێر کۆبوونەوە

2019/01/14 | 23:20

(هەواڵ كوردستان)-

ئێوارەی ئەمڕۆ ژان ئیڤ لودریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە سەردانێک گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان و لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.

 

شاندی یاوەری وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێکهاتبوون لە باڵیۆزى فه‌ڕه‌نسا له‌ عێراق، كونسولى گشتیى فه‌ڕه‌نسا له‌ هه‌ولێر و ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتكاری فەڕەنسی.

 

پاش گەیشتنیان بۆ شاری هەولێر شاندە باڵا فەڕەنسییەکە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە کە لەمیانەدا هەریەک قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆك وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ی کۆبوونەوەکە بوون و تیایدا دۆخى سیاسى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كرا و تیشك خرایه‌ سه‌ر پێكهێنانى حكوومه‌تى تازه‌ى عێراق و گفتوگۆ و هه‌وڵه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى نوێى هه‌رێمى كوردستان.

 

لە کۆبوونەوەکەدا لودریان وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵیى خۆى به‌ سه‌ردانى هه‌ولێر، پشتگیریى فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى پێشكه‌وتن و داهاتوویه‌كى باشترى بۆ هه‌رێمى كوردستان و عێراق خواست.

 

لاى خۆیه‌وه‌ نێچیرڤان بارزانى سوپاسى پشتگیریى به‌رده‌وامیی فه‌ڕه‌نساى بۆ هه‌رێمى كوردستان كرد كه‌ له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا یارمه‌تى دا، هه‌روه‌ها ڕۆڵى به‌ڕێز سه‌رۆك ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نساى به‌رز نرخاند كه‌ له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا پشتگیرى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد و ده‌رگا دیپلۆماسییه‌كانى به‌ ڕووى هه‌رێمدا كرده‌وه‌ و هه‌ولێر و به‌غداى هاندا بۆ گفتوگۆ و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان.

 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هه‌ردوولا ڕا و سه‌رنجیان ده‌رباره‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق، بارودۆخى ناوچه‌كه‌، وڵاتانى دراوسێ، شه‌ڕى دژى تیرۆر و چه‌ند بابه‌تێكى دیكه‌ گۆڕییه‌وه.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending