English | عربي

  ☵ گرنگترین هه‌واڵ



دیدگه‌ی كه‌س مه‌كه‌ به‌ هی خۆت

2019/03/17 | 15:40

(هەواڵ كوردستان)-  

ڕۆژێك له‌ سه‌رده‌می یۆنانی كه‌ونیندا، سیاسه‌ته‌وانێك له‌ناو بازاڕ به‌ سوكراتی گوت:+ ده‌مه‌وێت ده‌رباره‌ی ئاگاتۆنی هاوڕێت شتێكت بۆ باس بكه‌م، ئه‌وه‌نده‌ نابێت بیستوومه‌.- به‌رله‌وه‌ی ئه‌و شته‌م بۆ باس بكه‌یت، جارێ با بزانین به‌ چه‌ند فیلته‌رێكدا تێده‌په‌ڕێت یان نا! فیلته‌ری یه‌كه‌میان ڕاستییه‌، تۆ خۆت له‌ ڕاستیی قسه‌كه‌ دڵنیایت؟+ ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت، دڵنیا نیم، ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه‌ من قسه‌كه‌م له‌ ده‌می ئه‌مبرۆسیۆسه‌وه‌ بیست.- كه‌واته‌ تۆ دڵنیا نیت له‌ ڕاستیی ئه‌و شته‌ی كه‌ ده‌ته‌وێت بۆ منی باس بكه‌یت.

ئه‌مجا با بێینه‌ سه‌ر فیلته‌ری دووه‌م: خۆت دڵنیاییت له‌وه‌ی، + ئمممممممم، نه‌خێر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌.- ڕاوه‌سته‌، كه‌واته‌ تۆ به‌ته‌مای شتێكی خراپ ده‌باره‌ی ئاگاتۆنی هاوڕێم باس بكه‌یت، به‌ڵام دڵنیاش نیت له‌ ڕاستیی شته‌كه‌.+ ڕاسته‌- هێشتا فیلته‌ری سێیه‌م ماوه‌! ئایا ئه‌و زانیارییه‌ی كه‌ تۆ ده‌رباره‌ی هاوڕێیه‌كه‌م به‌ منی ده‌گه‌یەنیت، هیچ سوودێكی بۆ من هه‌یه‌؟+ بڵێم چی؟ با بیر بكه‌مه‌وه‌، ها، له‌ ڕاستیدا، نه‌خێر!- باشه‌ تۆ كه‌ ده‌ته‌وێت شتێك بۆ من بگێڕیته‌وه‌، ئه‌و شته‌ش نه‌ ڕاسته‌، نه‌ باشه‌، نه‌ سوودبه‌خشه‌، ئیدی بۆچی بۆ منی باس ده‌كه‌یت؟

 

دید و بینایی و دیدگه‌ و ڕوانگه‌ له‌ كه‌سێكه‌وه‌ بۆ كه‌سێكی تر‌لاوێكی ته‌مه‌ن بیست و پێنج ساڵ به‌ سواری شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌گه‌ڵ باوكیدا سه‌فه‌ری ده‌كرد، لاوه‌كه‌ له‌ په‌نجه‌ره‌ی فارگۆنه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای ده‌ره‌وه‌ی ده‌كرد، له‌ناكاو هاواری كرد:- بابه‌، ته‌ماشای ئه‌و دره‌ختانه‌ بكه‌، ته‌ماشا بكه‌، چه‌ند به‌رزن، ته‌ماشا بكه‌ چۆن ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ڕا ده‌كه‌ن! باوكی به‌ خه‌نده‌یه‌كه‌وه‌ ته‌ماشای كرد.دوو خانم له‌ته‌نیشت گه‌نجه‌كه‌وه‌ دانیشتبوون، گوێیان له‌ قسه‌كانی بوو.پاش خوله‌كێك گه‌نجه‌كه‌ به‌ ده‌نگی به‌رز گوتی:- بابه‌، ته‌ماشای ئه‌و هه‌ورانه‌ بكه‌! ڕه‌نگیان په‌مه‌یی و سپیین، ئه‌وانیش وه‌كوو ئێمه‌ ڕاده‌كه‌ن!هه‌ردوو خانمه‌كه‌ به‌ سه‌رسوڕمانه‌وه‌ ته‌ماشای یه‌كدییان كرد، پاشان به‌ به‌زەییهاتنه‌وه‌ ته‌ماشای بابه‌كه‌یان كرد.یه‌كێكیان له‌وه‌ زێده‌تر خۆی نه‌گرت، گوتی:+ كوڕه‌كه‌ت چه‌ند به‌سته‌زمانه‌، تاكوو ئێستا پیشانی دكتۆرت نه‌داوه‌؟بابه‌كه‌ به‌ خه‌نده‌یه‌كه‌وه‌ وه‌ڵامی دایه‌وه‌:- به‌ڵێ خانم.

ئه‌وه‌نده‌ نابێت له‌ خه‌سته‌خانه‌ بووین له‌ پێته‌خت، كوڕه‌كه‌م هه‌ر به‌ نابینایی له‌دایك بوو، ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌نده‌ نابێت چاوی چاره‌سه‌ر كراوە، ئه‌مڕۆ یه‌ك‌ ڕۆژه‌ كه‌ جیهان بە چاوان ده‌بینێت.

 

به‌ دیدی خۆت نه‌بێت، هه‌وڵ مه‌ده‌ به‌ دیدیگه‌ی كه‌سێكی دیكه‌ جیهان ببینیت.ئه‌گه‌ر دیدگای كه‌سێكی دیكه‌ بكه‌ی به‌ هی خۆت، وه‌كوو ئه‌و قوتابییه‌ی منت لێ دێت، كه‌ پاڵه‌وانی ئه‌م سیناریۆیه‌یه‌:سیناریۆ:ئه‌م به‌سه‌رهاته‌م بۆ قوتابییه‌كانی شانۆ له‌ كۆلێژی هونه‌ر باس كرد:چه‌ند ساڵێك به‌ر له‌ ئێستا له‌ سكۆتلاند، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ شانۆكاری ئه‌كادیمیای به‌ریتانیا، پرۆفیسۆر رۆبێرت لیچ له‌ زانكۆی كامبریا له‌ سكۆتلاند، ده‌رباره‌ی چه‌مكی دراماتۆرگی و ئه‌ده‌بی شانۆیی ئه‌م گفتوگۆیه‌مان ساز كرد، كه‌ گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ كوردستان، ورده‌كارییه‌كانی گفتوگۆكه‌م بۆ قوتابییه‌كانم باس كرد:له‌گه‌ڵ دكتۆر لیچ، پێمان وابوو، هه‌ر یه‌ك له‌ نووسه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی شانۆ، له‌ناو سه‌رجه‌می شانۆنامه‌كانیان، یه‌كێكیان له‌ هه‌موویان شاكارتره‌، وه‌كوو نموونه‌یه‌ك هه‌موو تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی نووسه‌ره‌كه‌ له‌ ڕووی داهێنانی ئه‌ده‌بی و سه‌نعه‌ت و ته‌كنیكی دراماییه‌وه‌، باشتر به‌رجه‌سته‌ ده‌كات.من پێم وابوو له‌نێو هه‌موو شانۆنامه‌كانی شه‌كسپیردا، هاملێت به‌هێزترینیانه‌.

ڕای زۆربه‌ی ڕه‌خنه‌گران و شاره‌زایانی شانۆ له‌سه‌ر ئه‌م شانۆنامه‌یه‌ كۆكه‌، كه‌ باشترین به‌رهه‌می شانۆیی شه‌كسپیره‌، هه‌ندێك ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن، هاملێت باشترین شانۆنامه‌یه‌ له‌ سه‌رانسه‌ری مێژووی شانۆدا.

دكتۆر لیچ هه‌مان ڕای هه‌بوو، به‌ڵام پێی وایه‌، شانۆنامه‌ی ئۆتێللۆ له‌ ڕووی بنیاتی درامییه‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌ ڕووی گرێچنییه‌وه‌ له‌ هه‌مووان تۆكمه‌تره‌.

نموونه‌كانی دیكه‌:له‌ناو شانۆنامه‌كانی سۆفۆكلیس: ئۆدپیۆس.مۆلێیر: دوژمنی به‌شه‌ر.ئیبسین: هێدا گابله‌ر.ستریندبێرگ: خه‌ونه‌نماییشێك.ئارسه‌ میلله‌ر: مه‌رگی دێوه‌ره‌یه‌ك.تینێسی ویلیامز: گالێسكه‌یه‌ك ناوی ئاره‌زوو.ئێدوارد ئۆلبی: كێ له‌ ڤرجینا وۆلف ده‌ترسێت؟جۆن ئۆزبۆرن: به‌تووڕه‌ییه‌وه‌ ئاوڕ له‌ ڕابووردوو به‌ره‌وه‌.

تاكوو ئێره‌ هاوڕا بووین، كه‌ هاتینه‌ سه‌ر باسی چێخۆڤ: لیچ گوتی: مه‌لی ده‌ریا.

من گوتم: باخچه‌ی گێلاس.-ئه‌ی بۆ سێ خۆشكه‌كه‌ نه‌بێت؟ باشه‌ ئه‌ی بۆ خاڵ ڤانیا نه‌بێت؟ ئه‌م پۆلینكردنه‌ ته‌نیا له‌ دۆخی چێخۆڤدا شكست ده‌هێنێت، چونكه‌ هه‌موو شانۆنامه‌كانی به‌ یه‌ك ئه‌ندازه‌ به‌هێزن، ناتۆانیت یه‌كێكیان به‌سه‌ر ئه‌وی دیكه‌دا زاڵ بكه‌یت.ساڵی پار، یه‌كێك له‌ قوتابییه‌كانم وتارێكی له‌سه‌ر چێخۆڤ نووسیبوو، وتاره‌كه‌ی به‌م بۆچوونانه‌ی من و دكتۆر لیچ ده‌ست پێ كردبوو، بۆچوونه‌كانی هه‌ردووكمانی كردبوونه‌ هی خۆی.چه‌ند هه‌وڵ بده‌یت دیدگای كه‌سێكی دیكه‌، چه‌ند ئاكام و ده‌رئه‌نجامه‌كانی ئه‌زموونی دوور و درێژی كه‌سێكی دیكه‌، بكه‌یت به‌ هی خۆت، له‌كۆتاییدا ده‌سته‌كه‌ت ئاشکرا دەبێت و مایه‌پووچ ده‌بیت! دانایه‌ك ده‌ڵێت: چه‌ند خه‌ڵك بكه‌یت به‌ ئه‌ستێرە، ئه‌وه‌ندەش خۆت له‌ناویاندا دره‌وشاوه‌ ده‌بیت.

ئاماژه‌ بكه‌ به‌ سه‌رچاوه‌، به‌وه‌ گه‌وره‌ ده‌بیت!

تێبینی: سه‌رچاوه‌ی هه‌ردوو كتێبه‌كه‌:99 Inspiring StoriesBy: Barry Powell








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending