2017/09/17 | 17:00

هەولێر.. دیداری پێشمەرگە بەڕێوەچوو

(هەواڵ كوردستان)- هەولێر-AA

لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە، دیداری پێشمەرگە بەڕێوەچوو کە تیایدا هەریەک لە فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی، عەزیز وەیسی و فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و فەرماندەی یەکەی ٨٠ی هێزەکانی پیشمەرگە، نەجات عەلی و فەرماندەی میحوەری مەخموور-گوێڕ، سیروان بارزانی و فەرماندەی هێزەکانی پارتی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، حوسێن یەزدان پەنا و فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی و فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکووک، وەستا رەسوڵ بەشداربوون.

لە دیدارەکەدا هەریەک لەو فەرماندانە پشتیگری خۆیان بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان دەربڕی و تاوتوێی قۆناغە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانیان کرد بە تایبەتی دوای بەڕێووەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم.

لەو دیدارەدا هەریەک لە نوێنەری پێکهاتەی مەسیحی و ئێزدییەکان پشتگیری خۆیان بۆ پڕۆسەکە دەربڕی و دڵنیاییاندا.

لە سەرەتای دیدارەکەدا، فەرماندەی یەکەی ٧٠ی هێزەکانی پێشمەرگە، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتی: "دیارە ئەو دەستکەوتانەی ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە دەستکەوتی ئەو پێشمەرگە قارەمانانایە کە لە شاخ خەباتیان کردووە، ئەمڕۆ سەردەمی شاخ نییە و لە هەرێمی کوردستان حکوومەت و پەرلەمانمان هەیە و دەبێت هێزی پێشمەرگە یەک هێز بیت و ئەم هەرێمە پیویستی بە سوپایەکی پڕ مەشقی ئامادەکراو هەیە بۆ زامنکردنی بەدەستهێنانی دەوڵەتی کوردی، ئەمڕۆ پێویستمان بەوە نییە هیچ حزبێک هێزی هەبێت بەڵکو پێویستمان بە سوپایەکی نیشتمانی هەیە، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە لە کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دانراوە بۆ ئەوەی هەموو هێزەکان بە پێی یاسای وەزارەت رێکبخرێت، دیارە ئەمە بڕیاری سەرکردایەتی سیاسیی کوردە، ئەم بڕیارە پێش شەڕی داعش کاری جیددی بۆ کراوە، یەکەی حەفتا و هەشتا سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە بەڵام بەداخەوە چەند کۆسپێک بووەتە رێگر کە هێزەکانی پێشمەرگە یەکی نەگرتووەتەوە، هیچ رێگرێکی سیاسیی نییە، بەڵکو یەکێک لەو رێگریانە دەبوو میزانییەی وەزارەتی پێشمەرگە حکوومەتی عێراق دابینی بکردایە کە نەیکردووە بۆیە پێویستە هەیکەلێک بۆ سوپایەکی نیشتمانیی دابنرێت و سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنین لەم رووەوە".

هەر لە دیدارەکەدا، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکووک، کەمال کەرکووکی سەبارەت بە ئاییندەی ناوچەکە گوتی: "لە دوای داعش، پێشمەرگە رۆڵی خۆی دەبینێت و ئێستا ئەرکی پێشمەرگەیە، داعش تێکبشکێنێت و ئارامی بۆ ئەو ناوچەیە بگەڕێنێتەوە و لە داهاتووشدا ریفراندۆم دەکەین و بە تێگەیشتن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە دەوڵەتی خۆمان رادەگەیەنین و پێشمەرگەش دەبێتە سوپایەکی نیشتمانیی و ئەرکی پاراستنی دەوڵەت دەبێت و ئەمڕۆش پێشمەرگە لەگەڵ ٧٣ وڵات هاوپەیمانی هەیە کە ئەمەش جێگای دڵخۆشییە".

دواتر فەرماندەی یەکەی ٨٠ی هێزەکانی پیشمەرگە، نەجات عەلی گوتی: "گرفتی بنەڕەتی لە هاوکاریکردنی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە ئەوە بوو کە ئێمە دەوڵەت نەبووین و زۆرجار حکوومەتی عێراق دەبووە رێگر لەبەردەم هێزەکانی هاوپەیمانان کە هاوکارییەکان بگەیەنە هێزەکانی پێشمەرگە، ئێمە چوارچێوەیەکی یاساییمان نییە کە تەواوی هێزەکان لە چوارچێوەی دامەزراوەیەکدا کۆبکرێتەوە و لە لایەن دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەڕێوەببردرێت و پێویستە هەموومان تیشک بخەینە سەر دەوڵەتی سەربەخۆ چونکە دەوڵەت هەموو ئەو کێشانە چارەسەر دەکات.

پێشمەرگە توانی کۆمەڵێک دەستکەوت بەدەستبهێنت و توانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بپارێزێت و توانی ببێتە هۆکاری نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و هیچ کاتێک هێزەکانی پێشمەرگە نەبووەتە بەشێک لەو ململانێیە سیاسییەی لە هەریمی کوردستان هەبووە بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی.

لەسەر ئاستی دەرەوەش، پێشمەرگە توانی لە جیاتی هەموو جیهان شەڕی داعش بکات کە ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە.

پێشمەرگە وەکو ئەکتەرێکی نافەرمیی لەسەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی بەدیارکەوت و شەرعیەتیشی وەرگرت، بۆیە پێویستە خەڵک پێی بزانن کە پێشمەرگە خاوەنی ئەو دەستکەوتانە بوو.

بۆ ئەوەی بتوانین سەرنجی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی رابکێشین، پێویستیمان بەیەکڕیزی هەیە".

هەر لەو دیدارەدا، فەرماندەی میحوەری مەخموور-گوێڕ، سیروان بارزانی ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە کرد و گوتی: "سەبارەت بەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە تا چ ئاستێک تۆکمەن، دەبێت ئەوە بڵێین کە پێشمەرگە ئیسپاتی کرد کە هیچ هێزێک نییە پێشمەرگە تێکبشکێنێت و ئێستا تۆکمەترە و جیاوازە لەوکاتەی کە داعش هێرشی کرد، شەڕەکە بۆخۆی مەشقێک بوو بۆ پێشمەرگە، چونکە پێشتر حکوومەتی عێراق ئەو بوودجەیەی نەدا کە پێشمەرگە مەشق بکات، هەتا ئێستاش عێراق رێگا نادات کە هەرێمی کوردستان چەک بکڕێت، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە زۆر گۆڕاوە و دڵنیایی تەواو دەدەینە هاووڵاتییان کە هێزی پێشمەرگە زۆر بەهێزترە لەو کاتەی کە داعش هات و دڵنیایی دەدەین کە تا یەک پێشمەرگە مابێت، کەس ناتوانێت دەست بۆ هەرێمی کوردستان درێژ بکات".

پاشان، فەرماندەی میحوەری باشووری کەرکووک، وەستا رەسوڵ گوتی: "کەرکووک شارێکی گرنگە هەم لە رووی ئابوورییەوە هەم ئەو ململانێیەی کە عەرەبی شۆڤێنی بە خاکی کوردستانی نازانێت و هەم لە رووی ئایینیشەوە بۆیە کەرکووک بەلای داعشەوە گرنگ بوو، ئەمە قارەمانییەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو کە داعش تێکبشکێنێت و لای ئێمە یەکەمین شوێن بوو کە سەنگەر لێدرا و هیچ دوژمنێک ناتوانێت ئەو سەنگەرە ببڕێت و بێتە پێشەوە، هەموو لایەک دڵنیابن کە ئێمە لەبەرامبەر دوژمنەکەی دوای داعشیش تێکناشکێین".

فەرماندەی هێزەکانی پارتی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان، حوسێن یەزدان پەنا یەکێک بوو لە بەشداربووانی دیدارەکە و گوتی: "ئێمە پێشتر داوامانکرد کە بچینە بەرەکانی جەنگ و وەڵاممان نەدرایەوە بەڵام کاتێک پەلاماری شنگال درا، دۆخێک دروست بوو کە فەرمانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئیتر لە حاڵەتی بەرگری نامینێت و دەچێتە حاڵەتی هێرشکردن و ئێمە خۆمان گەیاندە بەرەکانی جەنگ و تا ئێستاش بەردەوامین لە خەباتکردن".

دواتر فەرماندەی فەرماندەیی هێزەکانی زێرەڤانی، عەزیز وەیسی گوتی: "ئەرکی ئێمە بەرامبەر پێکهاتەکان ئەوەیە کە لە دەستپێکی شەڕەکەدا وێرای کورد ئەرکمان پاراستنی گیانی پێکهاتەکانی دیکەش بوو، ئەوانیش ئارەزوویان هەبوو کە بەشداربن لەگەڵ پێشمەرگە و ببنە هێزێک بۆ چارەسەر چونکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر هێزێکت نەبێت ئەوا هەردەم رووبەڕووی هەڕەشە دەبیتەوە و هەبوونی ئەو پێکهاتە جیاوازە ئەوە بوو کە ببنە بەشێک لە چارەسەر، بێگومان بوونی ئەوانە گرنگە و پەیامێکە بۆ ئەوانەشی کە پڕوپاگەندە دەکەن و دەیانەوێت نێوان پێکهاتەکان تێکبدەن و ئەو رەوشتەی ئەوان لە ئاستێکی نزمە کە دەیانەوێت نێوان پێکهاتەکان بشێوێنن".

لەدیدارەکەدا هەروەها، پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کرایەوە و ئەو وێنانەی لە خۆگرتبوو کە لە بەرەکانی جەنگ گیرابوون، هاوکات فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری تایبەت بە شەڕو رووبەرووبوونەوەکان نمایش کرا.




نیشانەکردن

كوردستان

زۆرترین

⋙ مەترسیدارترین بکوژەکەی جیهان بناسە!
⋙ چه‌ند چه‌كدارێكی نه‌ناسراو چوار هاووڵاتی له‌ ناحیه‌ی جه‌باره‌ ده‌ڕفێنن
⋙ وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا: نیگەرانین لەئازادكردنی تۆمەتباری سەرەكی تەقینەوەكەی مۆمبای
⋙ مەرگی هاوڕێ كاوە كۆستێكی ناوەختی هونەری كوردی و شانۆی كوردستان بوو
⋙ تۆتێنهام له‌ بارسێلۆنا و ریال مه‌درید گرانتره‌
adv

ڤیدیۆ- وێنە

⋙ نوێترین وێنەی کۆسرەت ڕەسوڵ لەکاتی شەترەنج کردندا بڵاوبوەوە
⋙ بەوێنە...بەفر بارینی ئەمڕۆ لە هەرێم
⋙ ڤیدیۆ؛ گەنەرز دۆڕا، بەڵام بەیەکەم سەرکەوت

Trending

كوردستان هه‌ولێر
سلێمانی دهۆك
كه‌ركوك هه‌ڵه‌بجه‌
موسڵ عێراق
تورکیا داعش