د.شەفیق قه‌زاز: ده‌رچه‌یه‌کی دیکه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بودجه‌ی ٢٠٢٠ی عێراق بنێردرێته‌ په‌رله‌مان

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر -KDP.info- وه‌زیری پێشووی مافی مرۆڤ و سیاسه‌تمه‌دار د.شەفیق قەزاز، باس له‌ ڕێککه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ده‌کات و ئاماژه‌ به ‌ده‌رچه‌یه‌کی نوێ ده‌کات بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه‌.

د. شه‌فیق قه‌زاز، بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ده‌بووایه‌ پڕۆژه‌بوجه‌ی ٢٠٢٠ی عێراق له ‌مانگی ١٠ی سالی پاره‌وه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرابایه،‌ به‌ڵام دۆخی عێراق وای کرد که‌ ئه‌م پرسه‌ دوا که‌وێت و عێراق له‌سه‌ر بودجه‌ی ٢٠١٩ بڕوات، ئێستاش دۆخه‌که‌ دیار نییه‌ کە په‌رله‌مانی عێراقیش ده‌مێنێت، یان نا، ئه‌وه‌ی ماوه‌ته‌وه‌ له ‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدایه‌، ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌بودجه‌ نه‌چووه‌ په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌و پارەیەی به‌پێی ڕێککه‌وتن له‌ ساڵی ٢٠١٩ بۆ هه‌رێمی کوردستان دانراوه‌ به‌رده‌وامیی پێ ده‌درێت."

وه‌زیری پێشووی مافی مرۆڤ گوتی: "به‌غداش ده‌بێ پابه‌ندی بە ڕێککه‌وتنی پارەوە‌ بکات و به ‌قسه‌ی نوێنه‌رانی کوردیش له ‌به‌غدا ئه‌م بودجه‌یەی له‌ به‌غداوه‌ دێته‌ کوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت، خۆ ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌ پڕۆژه‌بودجه‌ی ٢٠٢٠ ڕازی بوو له‌سه‌ر ڕێککه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا ڕۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ کوردستانه‌وه‌ ده‌درێته‌ به‌غدا و به‌غداش ئه‌و بودجه‌یەی ڕاده‌ستی کوردستانی ده‌کات، کە له‌سه‌ری ڕێک که‌وتوون."

د. شه‌فیق قه‌زاز ڕایگه‌یاند: "له‌م دۆخه‌ی عێراقدا باوه‌ڕ ناکه‌م لایه‌نێک له‌ عێراقدا له ‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌یه‌ شتێک به‌سه‌ر کوردستاندا بسه‌پێنێت."

ده‌شڵێت: "له‌ ئه‌گه‌ری دۆزینه‌وه‌ی ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئه‌وه‌ی پڕۆژه‌بودجه‌ی ٢٠٢٠ی عێراق بنێردرێته‌ په‌رله‌مان، ده‌بێ هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بکرێت، ئه‌گه‌ر بکرێت، پرسه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئه‌گه‌ر نه‌کرێت دۆخه‌که‌ وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌."

کارزان هەورامی