ئەمرۆ ڕاپۆرتی كۆتایی پڕۆژەیاسای چاكسازی بۆ دەنگدان ئامادە دەكرێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-01-15 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی پارتی لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەمڕۆ چوارشەممە،  لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان دواكۆبوونەوە ئەنجام دەدات‌ بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی پڕۆژەیاسای چاكسازی، تا سبەی پێنجشەممە بخرێتە دەنگدانەوە.

خەدیجە عومەر مزووری، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای تەواوبوونی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی وەكو لیژنەی یاسایی و لیژنە هاوبەشەكان بەردەوامین لە كۆبوونەوە بۆ ئامادەكردنی ڕاپۆرتی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای چاكسازی و ئەمڕۆش دواكۆبوونەوە دەكرێت و، ڕاپۆرتی كۆتایی دێتە ئامادەكردن، بۆ ئەوەی لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەی پەرلەمانی كوردستاندا بخرێتە دەنگدانەوە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاشیگەیاند: "ئەو‌ پێشنیاز و گفتوگۆیانەی لە خوێندنەوەی دووەم كرا، ئەگەر دوو بۆ سێ پشتیوانی هەبوون، لەنێو پڕۆژەیاساكەدا جێگای دەكەینەوە بۆ دەنگدان".

مزووری دەشڵێ: "لە دانیشتنی سبەی پێنجشەممەدا تەنها پرۆسەی دەنگدان بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە بەرنامەدایە و هیچ گفتوگۆ و پێشنیازێك ناخرێتە روو".

رۆژی 16ی 12ـی 2019 پەرلەمانی كوردستان ‏خوێندنەوەی یەكەمی بۆ پڕۆژەیاسای چاكسازی لە ‏خانەنشینیی مووچە، دەرماڵە، بەخشین و ‏ئیمتیازاتەكانی دیكە كرد، رۆژی یەكشەممە و دووشەممە‌ش  12 و 13-1-2020‌ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاساكە كرا‌، كە لە هەشت بەش و 21 ماددە پێك هاتووە.

 

نەشوان بەرزنجی